نوچەنێت.ههولێر:
ئەندامێکى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند،حکومەتى هەرێم دەیەوێت گرێبەستێکى تر یان ڕێککەوتنێکی تر لەسەر بابەتی بودجە و نەوت لەگەڵ حکومەتى عێراقدا بکات.
نەجیبە نەجیب ئەندام لە لیژنەى دارایى و ئابوورى پەرلەمانى عێراق بە NRT ڕاگەیاندوە”ئەوەى عێراق کردوویەتى ناهەقیە بەرامبەر بە حکومەتى هەرێم و نیشانەى پابەندنەبوونى عێراقە بە یاساى بودجەوە، ئێمەش هەر لە گفتوگۆداین لەگەڵ وەزارەتى دارایى عێراق”.
هەروەها وتیشى”حکومەتى هەرێم لێژنەیەکى پێکهێناوە بۆ قسەکردن لەگەڵ وەزارەتى دارایى عێراق بۆ ئەوەى بزانن هۆکارى کەمى ناردنى ئەم بڕە پارەیە چییە”.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، حکومەتى هەرێم بەتەواوەتى پابەند بووە بە ڕێککەوتننامەکەوە، بەڵام تائێستا نازانن هۆکارى چییە کە حکومەتى بەغدا ئەو بڕە پارەیەى ناردووە.
نەجیبە نەجیب ئەوەشى وت”حکومەتى هەرێم دەیەوێت گرێبەستێکى تر یان ڕێککەوتنێکی تر لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ حکومەتى عێراقدا بکات”.