نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەكۆبونەوەی لەگەڵ سكرتێری حزبی سۆسیالست هیوای خواست كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی توركیا ببێتە هاندەرێك بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لەو وڵاتە.
ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە”ئەمڕۆ 8/6/2015 نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی بەڕێز محەمەدی حاجی مەحموود سكرتێری حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستانی لە شوێنی مانەوەی لە گوندی گوڵەخانە لە ناوچەی شارەزوور كرد“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە دیدارێكدا دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆر و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و بە تایبەتیش پرسی نەوت و پابەند نەبوونی حكوومەتی عێراقی فیدرال بە جێبەجێكردنی دوایین ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵی ساڵی 2015 و هەروەها پرۆسەی سیاسی لە ناوخۆی كوردستان و تەواوی عێراق، تاوتوێ كران“.
ماڵپەڕی حكومەت ئەوەی خستۆتەڕوو کە”هەروەها داكۆكی لەسەر گرنگیی یەكڕێزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە بارودۆخی ئەمڕۆدا كرایەوە و هاوهەڵوێستی و یەكڕێزی خەڵك و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەرامبەر تەحدیاتی ئێستا چ لە شەڕی دژی تیرۆر چ لەو قەیرانە داراییەی كە لە ئەنجامی بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان و پابەند نەبوون بە یاسای بوجەی عێراقی فیدراڵەوە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە، دووپات كرایەوە“.
ماڵپەڕی حكومەت ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”هەر لە دیدارەكەدا ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنەكانی توركیا هەڵسەنگێنرا و هەردوولا هیوایان خواست كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە خزمەتی تەواوی توركیادا بێت و هاندەرێك بێت بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لەو وڵاتە“.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”دوای دیدارەكەش لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەواناندا، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان خوازیارە كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات، بەڵام ئەگەر بەغدا پابەند نەبوو، هەرێمی كوردستان بیر لە ڕێگا چارەی دیكە دەكاتەوە. هەروەها دووبارە هیوای خواست كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی توركیا ببێتە هاندەرێك بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لەو وڵاتە“.