نوچەنێت.ههولێر:
ئەندامێكی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور دەڵێت،هەموو لایەنەكان لەسەر دیباجەی دەستوور ڕێك كەوتوون و بەیانی و دووبەیانیش جارێكی دیكە لیژنەكە كۆ دەبێتەوە.
فرسەت سۆفی،ئەندامی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور و پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی كوردستان،بەماڵپەڕی فەرمی حیزبەكەی راگەیاندوە”دوای پێكهێنانی لیژنەی ئامادەكردنی دەستووری هەرێمی كوردستان،تا ئێستا چەند كۆبوونەوەیەك ئەنجام دراون و تێیاندا هەموو لایەنەكان لەگەڵ یەكدیدا هاوڕا بوون و سەرەتایەكی باش و دڵخۆشكەرمان بۆ ئامادەكردنی دەستوور دەست پێكردووە، سەرجەم لایەنەكانیش لەسەر ئەوە ڕێك كەوتن كە بە زووترین كات دەستوورێك بۆ هەرێمی كوردستان بنووسنەوە”.
وتیشی”دوای نووسینەوەی دیباجە كە لەسەری ڕێك كەوتووین، دەست بە نووسینەوەی پرەنسیپ و ماددە گشتییەكانی دەستوور دەكرێت، بڕیاریش وایە پاشان گفتوگۆ لەسەر خاڵە هاوبەشەكان و خاڵە ناكۆكەكانیش بكەین”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور ئاماژەیشی دا”تا كو ئێستا لیژنەكە شەش كۆبوونەوەی ئەنجام داوە و بەیانی و دووبەیانییش جارێكی دیكە كۆ دەبێتەوە”.