نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە راگەێنراوێكدا بە توندی تەقینەوەکەی شاری ئامەد دەكات و دەڵێت،ئەو تاوانە بە هەڕەشەیەکی مەترسیداری دەزانین بۆ سەر پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی گەلانی تورکیا لە کەش و هەوایەکی دیموکراسی و دادپەروەریدا.
دەقی راگەێنراوەكە:
لە کاتێکدا گەلانی تورکیا سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن و خۆئامادەکردنن بۆ ئەوەی نوێنەرانی خۆیان بۆ پەرلەمان هەڵبژێرن، بەداخەوە ئێوارەی ٥ حوزەیران لە لایەن دەستێکی تێکدەر و دژ بە پرۆسەی ئاشتی کەمپینی هەڵبژارندەکانی پارتی دیموکراتی گەلان HDP) )ی کردە ئامانج و بە هۆیەوە ٤ هاوڵاتی شەهید بوون و دەیان هاوڵاتیش بریندار بوون.
ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان، بە توندی ئەو تاوانە ئیدانە دەکەین و بە هەڕەشەیەکی مەترسیداری دەزانین بۆ سەر پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی گەلانی تورکیا لە کەش و هەوایەکی دیموکراسی و دادپەروەریدا.
بەو هۆیەشەوە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی کۆماری تورکیا دەکەین ئەنجامدەرانی ئەو کارە تێکدەرانە بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی دڵنیایی و متمانە بگەڕێتەوە بۆ هەمو پێکهاتە جیاجیاکی تورکیا.. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدانی ئەو رووداوە دڵتەزێنە دەکەین و لە خوای گەورە داواکارین شیفا بۆ بریندارەکان بنێرێت.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
٦-٦-٢٠١٥