نوچەنێت.هەولێر:
راوێژکارى سەرۆکى فەڕەنسا لە كۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم،رایگەیاند، وڵاتەکەى لە پشتیوانی و هاوکاریە سەربازیەکانى بەردەوام دەبێت.
بەپێی راگەیەنراوێكی پەیوەندیەکانى دەرەوە“لە میانەى سەردانە فەرمیەکەیدا بۆ پاریس،فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئیمانوێل بۆن راوێژکارى سەرۆکى فەڕەنسا فرانسوا هۆلاند کۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نێوانیان لە بوارى سیاسى و ئابورى و کەلتورى کردەوە”.
لەراگەیەنراوەكە ئەوەش هاتووە“بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسى حکومەتى فەڕەنساى کرد بۆ هاوکارى و پشتیوانیان لە هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژ بە داعش، هاوکات داواى کرد کە ئەو پشتیوانیانە بەردەوام بێت و هانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بدرێت بۆ هاوکارى کردنى هێزى پیشمەرگەى کوردستان لە دابین کردنى چەک و پێداویستى سەربازى و راهینانى هێزەکانى پێشمەرگە”.
فەلاح مستەفاوتیشی“هەرێمى کوردستان بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندیەکانى لەگەڵ ووڵاتى فەڕەنسا و هاوکارى و پشتیوانیەکانى بەهەند هەڵدەگرێت،بە تایبەتى سەردانى سەرۆکى فەڕەنسا و بەرپرسانى ترى باڵاى ئەو ووڵاتە بۆ هەرێم وەک پشتیوانیەکى گەورە دەبینێت، ئەمەش جگە لە پەیوەندى لە مێژینەو دۆستانەى نێوان هەردوولا”.
دواتر بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە تیشکى خستەسەر بارودۆخى مرۆیی و وتى“کە هەرێمى کوردستان زیاتر لە 1.5 ملیۆن ئاوارەى ناوخۆ و پەناهەندەى لەخۆ گرتووە، ئەمەش جگە لە پتر لە 50 هەزار ئاوارەى ترى رومادى کە بەم دواییانە روویان لە هەرێم کردووە بەهۆى کەوتنى ئەو شارە و داگیرکردنى لە لایەن داعش دواى پاشەکشەى سوپاى عێراق. گووتیشى کە پێویستە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى هاوکارى هەرێمى کوردستان بکات، بەتایبەتى کە حکومەتى هەرێم لە قەیرانێکى داراییدایە بەهۆى بڕینى بەشە بودجەى هەرێم لە لایەن حکومەتى فیدڕاڵ”.
سەبارەت بە پەیوەندیەکانى نێوان هەرێم و بەغدا، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە وتى“ئێمە چاوەڕێ بووین دواى رێکەوتنى نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر نەوت و بودجە بەپێى یاساى بودجە بەغدا ئەرکەکانى خۆى بەرامبەر بە هەرێم جێبەجێ بکات بەپێى ئەو یاسایە، بۆیە لەم رووەوە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ چارەسەرى کێشەو گرفتە داراییەکانى نێوان هەردوولا بەپێى یاساى بودجەى پەسەندکراو”.
هەر بەپێ راگەیەنراوەكە راوێژکارى سەرۆکى فەڕەنسا وێڕاى ستایشکردنى سەرکەوتنەکانى هێزى پیشمەرگە لە شەڕى دژى داعش وتى“کە ووڵاتەکەى لە پشتیوانی و هاوکاریە سەربازیەکانى بەردەوام دەبێت. هەروەها گووتى کە پێویستە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى کارى زیاتربکات بۆ ئەو قەیرانە مرۆییەى کە لە ناوچەکە هەیەو رێژەى زۆرى ئاوارەو پەناهەندەکان لەبەرچاو بگیرێت”.