درۆيەكى زستانە
هۆنراوەى: مەريەم توميە وەرگێڕانى لە عەرەبيەوە: ئەرشەد عاصى
بۆچى گوللـەت ئاوێژت
كە بۆنخۆشى گوڵە پەلەزێى لێدەهات،
خۆشەويستيەكى زستانە
چى هەڵدەگرێ جگە لە دەس هاوردنى باران و پەتۆى گەرم و
دەستە لەرزۆكەكان لەنێو پاڵتۆ قاوەييەكاندا،
قاوەيەك بە رەنگى چاوەكانت ..
نامەكان هەمووى درۆزنن بەلآم لە شادمانى هەنجن بە هەنجنم دەكەن ..
خۆشەويستەكەم ؛
بۆچى گوللـەت ئاوێژت بە وشەى “خۆشمدەوێى” ،
بۆچى دەبووايە هەڵبژێرى
لەنێوان بەختەوەريەكى درۆزن لە دروستكراوى خۆت و
ژيانێكى نەهشين لە دروستكراوى رۆژگارى بەدبەختت ..
تۆ يەكەميانت هەڵبژارد ؛
بەلآم نەتدەزانى من وەك سەندرێلا بە ئاسانى بڕوا بە درۆ دەكەم
بڕوات پێدەكەم ئەگەر درۆزنيش بيت ،
بڕوات پێدەكەم ئەگەر بەرديشم بەديارى پێبدەى و بڵێى ئەمە ئەستێرەيە
لەگەڵ ئەستێرەكەم دەنووم و دەيشارمەوە لە سەرينەكەم ..
بڕوات پێدەكەم خۆشەويستەكەم ،
ئەگەر گەڕاينەوە بە درۆيەك
بڕوات پێدەكەم دواى رۆيشتن و پێش گەڕانەوەت
بڕوات پێناكەم كاتێ تۆ لەگەڵماى ..
گوللـەت ئاوێژت لەو رۆژە باراناويە و
بڕوام پێت كرد ،
هەروا گوللـەكەت لە جەستەم هەڵواسى
جا چۆن دەتوانم بە يەكجار لەناوى ببەم ،
ئەو دەتوێتەوە لە ناخم كە ئێستا خۆڵەمێشييە
ئايا كەى دێيت و لێم دەربكێشى
دواتر جێمبهێڵى .. بە هێمنى .