نێچیرڤان بارزانی:لە هەوڵی بەردەوامداین بۆئەوەی تەواوی پێداویستییەكانی پێشمەرگە دابین بكه‌ین

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

سه‌رۆكی حكومەتی هەرێم دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆئەوەی لە ڕێگەی حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمان تەواوی پێداویستییەكانی پێشمەرگە دابین بكات بۆئەوەی بتوانن باشتر ڕووبەڕووی تیرۆریستان ببێتەوە و تێكیان بشكێنێت.

ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە”ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/6/2015 لە شاری دهۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك لە فەرماندە و پلەداران و بەرپرسانی سەربازی پێشمەرگە و پێشمەرگە خۆبەخشەكان لە میحوەر و بەرەكانی جەنگ لە ناوچەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە سنووری هەردوو پارێزگای دهۆك و مووسڵ كۆبووەوە“.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە كۆبوونەوەكەدا فەرماندەكانی پێشمەرگە بە دوور و درێژی باسیان لە دۆخی ئێستای بەرەكانی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر كرد و تیشكیان خستە سەر دوایین پێشهاتە سەربازییەكانی ئەو سنوورە و ڕایانگەیاند كە پێشمەرگە بە ورەیەكی بەرزەوە لە بەرگریدایە بۆ پاراستنی سنوورەكانی ئەو ناوچەیە و بەردەوام پاشەكشێ بە تیرۆرستانی داعش دەكات و گورزی گەورەیان لێدەدات“.

ماڵپەڕی حكومەت ئەوەی خستۆتەڕوو کە”باسیان لە هاوكاری و هەماهەنگیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لەگەڵ پێشمەرگە كرد كە بە بۆردومانی ئاسمانی لە ڕێگەی فڕۆكە جەنگییەكانەوە بەردەوام ئەو پێگە و بنكانەی داعش بە ئامانج دەگرن كە هەڕەشە لەسەر پێشمەرگە و ناوچەكە دروست دەكەن. لە پێناو باشكردنی بارودۆخی بەرەكانی جەنگیش، چەند داواكارییەكیان بەرەوڕووی بەڕێز سەرۆك وەزیران كردەوە“.

لەبەرانبەریشدا”نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای دەستخۆشی بۆ پێشمەرگەی كوردستان و پێشمەرگە خۆبەخشەكان كە بەردەوام هێرشەكانی تیرۆر تێكدەشكێنن،هەروەها سەرەخۆشی بۆ خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دووپات كردەوە كە لە شەڕی بەرگریكرن لە كوردستان لە دژی تیرۆریستان گیانیان بەخشیوە و شەهید بوون، ڕێز و پێزانینی خۆی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ خانەوادەی شەهیدان دەربڕی“.

ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆك وەزیران باسێكی تێروتەسەلی لەسەر گرنگیی ڕۆڵی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی بێ جیاوازی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان كە ڕووبەڕووی شەڕی تیرۆر بوونەتەوە، پێشكەشكرد و ڕوونی كردەوە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاوی ڕێزەوە لە ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە بۆ پاراستنی ناوچەكە و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان دەڕوانێت“.

بارزانی دووپاتیشی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆئەوەی لە ڕێگەی حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە تەواوی پێداویستییەكانی پێشمەرگە دابین بكات بۆئەوەی بتوانێت باشتر ڕووبەڕووی تیرۆریستان ببێتەوە و تێكیان بشكێنێت.

سەرۆك وەزیران دووبارە پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی پێشمەرگە شەهیدەكان كرد و دەستخۆشی لە چاونەترسی و نەبەردییەكانی پێشمەرگە قارەمانەكان كرد.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com