نوچەنێت.ههولێر:
سهرۆكی حكومهتی ههرێم رایدهگهێنێ،ئەگەر عێراق هەر پابەندی ڕێككەوتنەكە نەبوو و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی وەك پێویست نەنارد، ئەوكات هەرێمی كوردستان بە ناچاری بیر لە ڕێگەچارەیەكی دیكە دەكاتەوە.
ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە”سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك كۆبووەوە“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا كە ڕەنگدانەوەی مۆزاییكی كۆمەڵایەتیی سنووری پارێزگای دهۆكن و لە هەموو نەتەوە و ئایینەكان و تەواوی لایەنە سیاسییەكان پێكدێ، پوختەیەكیان دەربارەی كێشە و گیروگرفت و پێداویستییەكانی پارێزگای دهۆك لە هەموو بوارەكانی خزمەتگوزاریدا پێشكەش كرد بە تایبەتی تیشكیان خستە سەر ئەوەی كە شەڕی دژی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی داعش بارقورسییەكی زۆری خستووەتە سەر سنووری پارێزگای دهۆك هەم لە ڕووی زۆری ژمارەی شەهید و بریندارانی شەڕی دژی تیرۆر و هەمیش لە ڕووی زۆری ژمارەی ئاوارە و پەنابەران كە ڕوویان لە سنووری پارێزگاكە كردووە، بۆ یە داوایان كرد حكوومەتی هەرێمی كوردستان بایەخی زیاتر بە پارێزگاكە بدات و هەوڵ بدات پێداویستییەكانی دابین بكات“.
ماڵپەڕی حكومەت ئەوەی خستۆتەڕوو کە”هەریەكە لە سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەن چەندین ڕا و سەرنج و تێبینییان دەربارەی كێشەكان و چۆنییەتی چارەسەركردنیان و پێداویستییەكانی سنووری پارێزگاكە لە هەموو ڕووێكەوە پێشكەش كرد“.
لەبەرانبەریشدا”نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكی كرد كە بەرچاو ڕوونییەكی باشیان لە سەر بارودۆخی پارێزگاكە و كێشەو گرفتەكان و پێداویستییەكانی پارێزگای دهۆكیان لە هەموو ڕووێكەوە خستە ڕوو و تیشكی خستە سەر ئەوەی كە وەزارەتەكان و لایەنە پەیوەندارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دابینكردنی پێداویستییەكانی پارێزگای دهۆك بە تایبەتی ئەوانەی كە پەیوەندییان بە چۆنییەتی مامەڵەكردن و دابینكردنی پێداویستییەكانی ئاوارە و پەنابەرانەوە هەیە“.
بارزانی سوپاسی خۆی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ خەڵكی ناوچەكە دووپات كردەوە كە هەر لە سەرەتای ئاوارەبوونی خەڵكی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عێراق لە ئەنجامی تیرۆر و لە كاتی هاتنی پەنابەرانی سووریاش بۆ سنووری پارێزگای دهۆك، بە دڵگەرمی و دڵفراوانی پێشوازیان لە ئاوارە و پەنابەران كردووە و هەموو هاوكارییەكیان پێشكەش كردوون. دووپاتیشی كردەوە كە ئەم هەڵوێستەی دهۆك و خەڵكی سنوورەكە بە گشتی بە شانازییەوە لە مێژوودا تۆمار دەكرێت و هیوای خواست كە لە سەر هەمان ئەم هەڵوێستە و مامەڵە مرۆڤدۆستییە لەگەڵ ئاوارە و پەنابەراندا بەردەوام بن.
سهرۆكی حكومهت سوپاسێكی تایبەتیشی پێشكەش بە خانەوادەی قوتابیانی سنووری پارێزگای دهۆك كرد كە لە سەرەتای ساڵی خوێندندا بەرگەیان گرت و مناڵەكانیان بۆ ماوەیەكی درێژ لە خوێندن دواكەوتن بەهۆی ئەوەی كە هەموو قوتابخانەكان ببوونە پەناگەی ئاوارە و پەنابەران.
سەرۆك وەزیران هەروەها جەختی لەوە كردەوە پێكەوە كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك كە لە هەموو لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان پێكدێت، مەرجێكی سەرەكی سەركەوتنی كاروبارەكانیانە و هەموو لایەكی هان دا كە لەسەر پێكەوە كاركردن وەك تیمێك بۆ خزمەتی پارێزگاكە بەردەوام بن. جەختیشی لەوە كردەوە كە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی حكومەتی خۆجێیی دهۆك دامەزرێت و هەموو لایەنە بەشدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری تێدا بكەن.
سەرۆك وەزیران دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە خوازیارە هەموو كێشەكانی بواری نەوت لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتنەوە چارەسەر بكات و جەختی لەوە كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە تەواوی پابەندی ڕێككەوتنی لەگەڵ بەغدایە و بەردەوام دەبێت و هیوا خوازە عێراقیش بە هەمان شێوە پابەندی رێككەوتنەكە بێت و شاییستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی ڕێككەوتنەكە كە بۆتە بەشێك لە یاسای بودجەی گشتی عێراق بنێرێت، بەڵام ئەگەر عێراق هەر پابەندی ڕێككەوتنەكە نەبوو و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی وەك پێویست نەنارد، ئەوكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ناچاری بیر لە ڕێگەچارەیەكی دیكە دەكاتەوە.