نوچەنێت-نیوزویك
شارەزایانی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدەن لەوەی داعش سوود لە حەماسەت و توڕەیی مسوڵمانەكانی میانمار وەربگرێت بۆ ئەوەی بیانهێنێتە ریزەكانی خۆی.
رۆژنامەی نیوزویكی ئەمریكی دەڵێ بەهۆی چەوسانەوەی بەردەوامیان لەلایەن بوزییەكانەوە، تا ئێستا 100 هەزار مسوڵمانی میانمار ئەو وڵاتەیان بەجێهیشتووە و روویان لە هەردو وڵاتی مسوڵمانی مالیزیا و ئەندونیسیا كردووە، كە بەوە جیا دەكرێنەوە رێكخستنەكانی داعش تێیاندا چالاكن بۆ راكێشانی خەڵك بۆ ئەوەی پێی دەڵێن جیهاد.
ئێستا 700 ئەندۆنیسی و 200 مالیزی لە ریزەكانی داعشدان و ئەو دو وڵاتە بە دو شوینی چالاكیی داعش دادەنرێن بۆ سەرنجڕاكێشانی مسوڵمانەكان تا ببنە چەكداری داعش و روبكەنە عێراق و سوریا.
فیل رۆبەرتسۆن جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێكاری رێكخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لە كیشوەری ئاسیا هۆشداری داوە كە ستەمی زۆری بوزییەكان هەستی توندڕەوی ئایینیی زیادكردووە لەناو مسوڵمانەكانی میانمار كە بە رۆهینگا ناسراون.
شرۆڤەوانێكی نێودەوڵەتی بەناوی جاسمیندەر سینگ وتویەتی داعش و هەوادرانی دەستیانكردووە بە بڵاوكردنەوەی بانگەواز لە ئینتەرنێتدا بۆ مسوڵمانەكانی میانمار تا كۆچ بكەن بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش.
ئەو وتوشیەتی داعش سود لە سۆزی هەر كۆمەڵگەیەكی مسوڵمان وەردەگرێت كە لەژێر فشار و چەوسانەوەدابن و بەڵێنی دابینكردنی پەناگەیان پێدەدات لە چوارچێوەی بنیاتنانی دەوڵەتی ئیسلامیدا.
گەلی رۆهینگا ژمارەیان 1.3 ملیۆن كەسە و تاكە گروپی مسوڵمانن لەناو میانمار كە خاوەنی دانیشتوانێكی 50 ملیۆن كەسییە كە زۆربەیان بوزین.