نوچەنێت.ههولێر:
وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاك كردنی ژینگە ڕاگەیاند،ڕۆژی هەینی كە هاوكاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ژینگە، بۆ ماوەی 2 دەقیقە، سەرجەم ئۆتۆمبێلەكان لە هەرێمی كوردستاندا دەكوژێنرێنەوە،بە ئامانجی پاراستنی ژینگەی كوردستان.
لوقمان شێروانی گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاك كردنی ژینگە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد كە”لە سەر بڕیاری ئەنجومەنی باڵای ژینگەی هەرێمی كوردستان و بە هاوكاریی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان،ڕۆژی هەینی 5/6/2015 كە هاوكاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ژینگە، بۆ ماوەی 2 دەقیقە،سەرجەم ئۆتۆمبێلەكان لە هەرێمی كوردستاندا دەكوژێنرێنەوە،بە ئامانجی پاراستنی ژینگەی كوردستان لە پیسبوون بەهۆی ئۆتۆمبێلەوە، ئەویش وەك پەیامێك بۆ ئەوەی هەموو لایەك ئاگادار بن كە ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە سووتەمەنی كار دەكەن، هۆكارێكن بۆ پیسبوونی ژینگە“.
شێروانی ئەوەشی خستەڕوو”ئەم چالاكییە لە سەعات 11ی ڕێك تا 11:02 دەقیقە ئەنجام دەدرێت و داواش لە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەكەین هاوكاریی پۆلیسی هاتوچۆ بكەن و لەو وادەیەی كە دیاریی كراوە، ئۆتۆمبێلەكانیان بكوژێننەوە“.