نوچەنێت.ههولێر:
ئەنجومەنی ئابووریی هەرێمی كوردستان لهكۆوبنهوهی ئهمرۆیدا بهئامادهبوونی سهرۆكی حكومهت بڕیاریاندا بۆ بووژانەوەی كارگە حكوومییەكان،پڕۆژەیەك لە لایەن وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانییهوه بە هاوكاریی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی ئابووری، ئامادە بكرێت.
ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە”سهرلهبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 2/6/2015 بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەنجومەنی ئابووریی كوردستان، ئەنجومەنی ئابووری كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی بەست، كه تیایدا چەند بابەتێكی گرنگی پەیوەست بە ئابووریی كوردستان خرانە بەر باس و گفتوگۆ و چەند بڕیاریان لەبارەیهوە درا“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”بابەتی یەكەمی كۆبوونەوەكە خستەڕووی چەند پرۆژەیەكی ستراتیژیی بواری كشتوكاڵ بوو كە لە لایەن بهڕێز وەزیرى كشتوكاڵەوە پێشكەش كرا و تیایدا داوای پشتگیریی دارایی له پڕۆژهكان كرا و ئەنجومەن بڕیاری دا ئەو پڕۆژانە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بكرێن و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و ئەنجومەنی ئابووری، سەرچاوەی دارایی بۆ پارەداركردنی ئەو پڕۆژانە بدۆزرێنەوە“.
ماڵپەڕی حكومەت ئەوەی خستۆتەڕوو کە”لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی كۆمپانیاكانی دڵنیایی و كێشەكانیان كرا و لەمبارەیەشەوە بڕیار درا دەستەیەكی ڕاوێژكاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری پێك بهێنرێت بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆژەیاسای دڵنیایی لە هەرێمی كوردستان و دۆزینەوەی میكانیزمی كاری ئەو كۆمپانیایانە. هەروەك بڕیار درا وەرگرتنی 20%ی داهاتی كۆمپانیاكانی دڵنیایی لە لایەن وەزارەتی داراییەوە وەك لە پرۆژەیاساكەدا هاتووە، بكرێت بە سەدا پێنج“.
ماڵپەڕی حكومهت ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”لە كۆبوونەوەكەدا باس لە یاسای پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی كرا كە لە بەغدا كاری پێ دەكرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان كاری پێ ناكرێت، لهمبارهیهشهوه بڕیار درا یاساكە ئاراستەی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی بكرێت و پێداچوونەوەی بۆ بكرێت و دوای ئەوەی لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند دەكرێت، بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە. هەروەها بڕیار درا بۆ بووژانەوەی كارگە حكوومییەكان، پڕۆژەیەك لە لایەن وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانییهوه بە هاوكاریی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی ئابووری، ئامادە بكرێت“.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”دواتر باس لە مۆڵەتی هاوردەكردنی كەلوپەل و كاڵاكان كرا كە ئەو مۆڵەتە لە هەرێمی كوردستان و بەغدا جیاوازی هەیە، بۆیە بڕیار درا بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی فیدرال، مۆڵەتی هاوردەكردن یەك بخرێت بۆ ئەوەی لە بەشی بازرگانیی كونسڵخانەكاندا، مامەڵەی هاوردەكاران بە ئاسانی و بێ كێشە بەڕێوە بچێت“.