فازل میرانی: پاڵپشتی هەدەپە وەك خۆهەڵواسینە بەپشتی ئۆتۆمبێلەوە

0

نوچه‌نێت هه‌ولێر:

سکرتێری مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی،پشگری حیزبه‌كانی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی توركیا به‌وه‌ وه‌سفده‌كات وەك خۆهەڵواسینە بەپشتی ئۆتۆمبێلەوە و ده‌شڵێت،كەس كچی خۆی ناكاتە قوربانی کوڕی خەڵك.

فازل میرانی،سکرتێری مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بەرنامەی دیداری زاگرۆسدا، لەبارەی بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان ده‌ڵێت”ئەمڕۆ كاری گرینگمان لەپێشه‌ حزب سیاسییه‌کان و خەڵكی ئەم كوردستانە، بە كورد و ئاشووری كلدان و توركمان و ئێزدی و موسڵمان و مەسیحی و حزبەكانی دیكەی سیاسی و ئیسلامی، ئەمڕۆ وا بیر بكەنەوە. پێویستە ئێمە پرسە لاوەكییەكان بەلاوە بنێین“.

به‌قسه‌ی میرانی ئەو گفتوگۆیەی لە پەرلەمان یان حكوومەت دەكرێ ئەوەی دیفاعی لی ناكرێت تەنیا حكوومەتە و ئه‌و وتی‌”نازانم ئەو حكوومەتە هی كێیە؟ سەرۆكی حكوومەت پارتییە، سەرۆكی پەرلەمان گۆڕانە جێگرەكەی پارتییە و جێگری سەرۆكوەزیران یەكێتییە، هەموویان بەشدارن لەو حكوومەتە. من كە باسی ڕەخنە دەكەم، یەكەمجار، باسی پارتی و یەكێتی دەكەم ئینجا دێمەوە سەر لایەنەكانی دیكە، من دەڵێم ئێمە هەموومان ڕەخنەگرین: ئەوەی لە حكوومەتە ڕەخنە دەگرێت، ئەوەی لە حكوومەت نییە ڕەخنە دەگرێت، بەڵام دەبێ بزانین ڕەخنە لە كێ دەگرین“.

سکرتێری مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی وتیشی”هەموومان بەشوێن یەك ئەڵقەدا دەگەڕێین كە ڕەخنەی لێ بگرین یان تۆمەتباری بكەین. جاری وا هەیە پارتی و یەكێتی بەتەنیا دەمێنن كە ڕەخنەیان لێ دەگیرێت، جاری واهەیە پارتی بە تەنیا دەمێنێ و یەكێتی بە شێوەیەك لە شێوەكان خۆی لێ دەكێشێتەوە“.

میرانی ئاماژه‌ی به‌ ڕووداوی نێوان پ.ك.ك و حدكا ده‌كات و رایگه‌یاند”تا ئێستا وردەكارییه‌کان دیار نییە و من لەگەڵ ئەوەش نەبووم لە ڕاگەیاندن وا شرۆڤە بكرێ، چونكە ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندكاران جاری وا هەیە بە سۆز و عاتیفە یان لایەنگیری دەجووڵێنەوە. ئەمە پەیوەندیی بە ستراتیژیەتی ئەمنیی نەتەوەییەوە هەیە“.

ئاشکرای کرد”كۆنگرەی نەتەوەیی بە زەروری نازانم،چونكە كۆنگرەی نەتەوەیی ئەگەر داڕشتنی ستراتیژیەتێكی نەتەوەییە بە سێسەد یان چوارسەد كەس دانانرێت“.

له‌باره‌ی هەڵبژاردنی تورکیا و پشگیری حیزبه‌كانی كوردستانیش بۆ هه‌ده‌په‌ میرانی وتی”بە دیدی ئێمە ئەو بابەتەی هەندێ حزب دەیكەن، خۆ بە شتەوە گرتنە. جاری وا هەیە تۆ ناتوانی سواری ئۆتۆمبێلێك بی خۆت بە پشتەوە دەگری. بەڕای من كەس نییە لەناخیدا حەز نەكات كورد لە هەموو پارچەكان سەركەوێ، بەڵام لە هەر هەنگاوێك كە دەینێی بەرژەوەندیی خۆشت تێیدا دادەنێی“.

ده‌شڵێت”ئەوە دەستتێوەردانە لە كاروباری خەڵكی تر. ئەگەر توركیا بێت دەست وەربداتە هەڵبژاردنەكانی كوردستان ئایا نابێتە جێی ناڕەزایەتی و گلەیی؟ كاتی خۆی دەمانگوت بەرەی توركمانی یان براتوركمانەكان لەلایەن توركیاوه‌ پشتیگری دەكرێن و بە دەستتێوەردانمان ناو دەبرد“.

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com