نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی حكومەت لە كۆبونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریكا،داوای لە ئەمەریكا كرد لە هاوكارییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت.
ماڵپەڕی حكومەت ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 1/6/2015 نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە دیدارێكدا جۆنز باسی دوا سەردانی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بۆ ئەمەریكا كرد و كۆبوونەوە و دیدار و گفتوگۆكانی سەردانەكەی بەرز نرخاند. ئینجا دوا پێشهاتەكانی ڕەوشی سیاسی لە بەغدا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و هاوكاریی ئەمەریكا بۆ عێراق بە گشتی و بە تایبەتی بۆ هەرێمی كوردستانی خستە ڕوو و دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی لە هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت هەروەك لە سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكا، ئەو بابەتە گفتوگۆی لەسەر كرا و دووپات كرایەوە“.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئەو كێشانەی لە بودجە و مووچەی فەرمانبەراندا دروست بوون كرد و پشتگیریی خۆی بۆ یاسای بودجە و ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دووپات كردەوە. هەروەك ئاماژەی بە بارودۆخی ناوچەكە بە گشتی و هەڵسانگاندنی ڕووداوەكان و بەشداریكردنی لایەنەكانی سوننە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و ئازادكردنی ناوچە سوننییەكانی لەژێر دەستی داعش كرد“.
لەبەرانبەریشدا”بارزانی سوپاسی ئەو سەردانەی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و تێبینی و هەڵسەنگاندنەكانی كرد بۆ سەردانە سەركەوتووەكەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بۆ واشنتۆن و لەمبارەیەشەوە سوپاسی باڵیۆزخانەی ئەمەریكای كرد كە توانیان پرۆگرامێكی ڕێكوپێك بۆ ئەو سەردانە ئامادە بكەن“.
ماڵپەڕی حكومەت ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”لەبارەی هاوكاریی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە و هاوكاریی حكوومەتی هەرێم بۆ بەهاناوەچوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران كە ڕوویان لە هەرێم كردووە،نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست ئەمەریكا ئەم پرسانە بە هەند وەربگرێت و لە هاوكارییەكانی بەردەوام بێت“.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و بە تایبەتی ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا،سەرۆك وەزیران هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دووپات كردەوە كە هەر لە سەرەتاوە هەرێم پابەندی ڕێككەوتنەكە بووە و ئەو ئەركانەی جێبەجێ كردووە كە كەوتوونەتە سەر شانی و چاوەڕێی ئەوەن لە ڕۆژانی داهاتوو بە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بە تەواوی، ئەوەی لەسەر شانییەتی لە ڕێككەوتنەكە جێبەجێی بكات“.