نوچەنێت.ههولێر:
سبهینێ كۆمهڵی ئیسلامی كوردستان سێیهمین كۆنگرهی خۆی له شاری ههولێر دهبهستێت و رۆژێكیش پێش كۆنگرە 10 سەركردەی كۆمەڵ رادەگەێنن بەهۆی قبوڵ نەكردنی پێشنیارەكانیان بۆ گۆڕانكاری كردن لەكۆمەڵ بەشداری كۆنگرەی حیزبەكەیان ناكەن.
سبهینێ كۆمهڵی ئیسلامی كوردستان سێیهمین كۆنگرهی خۆی له شاری ههولێر به بهشداریی 760 ئهندام كه 152 یان ژنن دهبهستێت و رۆژێكیش پێش كۆنگرە 10 سەركردەی كۆمەڵی ئیسلامی لە روونكردنەوەیەكدا كە ئاڕاستەی(لیژنەی باڵای ئامادەكاری كۆنگرەی سێیەمی كۆمەڵی ئیسلامی و ئەندامان و كادیران و لایەنگرانی كۆمەڵی ئیسلامی)كراوەو وێنەیەكی بۆ(نوچەنێت)نێراوە رێدەگەێنن بەشداری كۆنگرەناكەن.
لەبەشێكی رونكردنەوەكەش ئەو سەركردانەی كۆمەڵ هۆكاری بەشداری نەكردنیان ئاشكرا دەكەن و دەڵێن:بە داخەوە پاش هەوڵ و تێكۆشانێكی زۆر و دەیان كۆبونەوەو وتووێژ لەو بارەیەوە، نەگەیشتینە ئەنجامێك كە جێگەی ئومێد بێت و دواجار گۆرانكاریەكی ئەوتۆ نەهاتەدیی لەنەخشە ڕێگا وئاراستەی كۆمەڵ،بەوپەری بێمنەتیی و بێباكیی مامەڵەكرا لەگەڵ خواستی زۆربەی هەرەزۆری كادیر و ئەندام و دۆست و لایەنگراندا، هیوایەك نەهێڵرایەوە بۆ گۆڕانكاریی و چاكسازیی،ئەمەش ئێمەی ناچاركرد وەك بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی چاودێریی و بەدواداچون هەڵوێست وەربگرین و بڕیاری ناچاریی بدەین بە بەشداری نەكردن لە كۆنگرەدا.
دەقی رونكردنەوەكە:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بۆ/ بەڕێزان لیژنەی باڵای ئامادەكاری كۆنگرەی سێیەمی كۆمەڵی ئیسلامی
ئەندامان و كادیران و لایەنگرانی كۆمەڵی ئیسلامی
السلام علیكم ورحمەالله وبركاتە
بابەت / روونكردنەوە
ئەنجوومەنی چاودێری و بەدواداچوون وەك ئەرك و تایبەتمەندی خۆی لە بواری چاودێریی كردن و هەڵسەنگاندنی كارو رەوتی كۆمەڵی ئیسلامیی بە شاهیدیی زۆرینەی ئۆرگانەكان ، چالاكیی بەرچاوی هەبووەو رۆڵی گرنگی بینیوە لە چالاككردنەوەی ئۆرگانەكان ، لەو پێناوەشدا – لە لایەن چەند ئەندامیكەوە كە پشتگیریان لیكراوە و بەردەوام كوسپ بوون لەبەردەم پرۆسەی چاكسازی وگۆرانكارییدا – دووچاری چەندین ئاستەنگ و كۆسپ بووەتەوە . هەرچەندە لەو پێناوەدا ئێمە لە روانگەی ( لاخیر فیكم ان لم تقولوها ولا خیر فینا ان لم نسمعها ) بەردەوام بووین و ماندوونەبوین .
ئێستاش لەسەروبەندی بەستنی كۆنگرەی سێیەم و بە هیوای ئاسۆیەكی گەشتر وپێگەیەكی بەهێزتر بۆ كۆمەڵی ئیسلامیی لە كوردستاندا ، هەوڵی خۆمان خستەگەڕ بۆ دەستنیشان كردنی كەموكورتیەكان و خستنە بەردەستی نەخشەو پلانی گونجاو بۆ بەرەوپێش بردنی كۆمەڵی ئیسلامیی . لەرێگەی داڕشتنەوەی رەشنووسی پەیڕەوێكی تۆكمە بۆ بەردەستی ئەندامانی كۆنگرە و دەنگدان لەسەری .
پەیڕەوێك كە بریتیە لە گرێبەستێك كە تیایدا ئەندامانی كۆنگرە بە نوێنەرایەتی سەرجەم ئەندامانی كۆنگرە لەگەڵ سەركردایەتی نوێ لەسەری رێك دەكەون و پەیمانی پابەندبوونی پێوە دەدەن .
پەیڕەوێك تیایدا ئەرك و مافەكان بە ڕوونیی دەستنیشان بكرێت و دەسەڵاتەكان جیابكرێتەوە و سەربەخۆیی و لامەركەزیی بدرێتە ئۆرگانەكان و بنەمای دەستاودەستكردنی دەسەڵاتەكان پیادەبكرێت ومیكانیزمی ئاسان و سادە ی بۆ دابنرێت ، لەگەڵ رەچاوكردن و بەرزنرخاندنی هەوڵ و خەباتی پێشینەكان و دەرفەت بەخشین بە تواناو بەهرە نوێیەكان .
پەیڕەوێك كە بڕیار بوو ببێتە هۆكاری دڵدانەوەو گێڕانەوەی دەستەیەك لە ئەندامان و كادیرانی پێشكەوتووی كۆمەڵی ئیسلامیی ، كە تەنیا هۆكاری نیگەرانیان پێداگیریان بوو لەسەر چاكسازیی و گۆڕانكاریی لە پەیڕەوی كۆمەڵی ئیسلامیی و بەو هیوایەوە بگەڕێنەوە نێو ریزەكانی كۆمەڵ و درێژە بە كاروچالاكیان بدەن .
لێرەدا بەشێك لەو گۆڕانكاریی و چاكسازییانە دەخەینەڕوو:
1- بە دامەزراوەیی كردنی ئۆرگانەكانی كۆمەڵ لە رێگەی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و سەربەخۆكردنی ئۆرگانەكان لە میانەی پیادەكردنی سیستەمی لامەركەزی لە بەڕێوەبردندا بە جۆرێك كە بواری گەشەكردن و داهێنانی بۆ بڕەخسێنێت و دەستكراوە بێت لە بڕیارداندا .
2- كەمكردنەوەی رۆتینی ئیداری و سادەكردنەوەی پەیكەری حیزبی و سنورداركردنی ژمارەی پۆست وئۆرگانەباڵاكان.
3- بەڕێوەبردنی كۆنفرانسەكان بەجۆرێك زۆرترین بوار بدرێت بە ئەندامان وباشترین فرسەتیان هەبیت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر نەخشەرێگاو پەیڕەو و پەیماننامە .
4- پابەندبوون بە پەیڕەوو پرۆگرام و كارنامە و بنەما شەرعیەكانی كۆمەڵی ئیسلامی كە تا ئێستا زۆربەی خالەكانی جێبەجێ نەكراوەو فەرامۆش كراوە .
5- بەهێزكردنی دەزگای چاودێریی و لێپرسینەوە ، بەمەبەستی بەدواداچوونی بڕیارو راسپاردەكان و داكۆكیكردن لە ئەرك و مافەكانی سەرجەم پۆست و ئاست و ئۆرگانەكان ، كە سەرچاوەی كێشەكان دەگەڕێتەوە بۆ كەمتەرخەمی لە جێبەجێكردنی ئەركەكان و زیادەڕۆیی لە سنوری مافەكان .
6- بەهێزكردنی كاروباری سیاسیی و دیبلۆماسی حیزب لە رێگەی تایبەتمەندكردنی مەكتەبی سیاسی بۆ سەرپەرشتی كاروباری پەیوەندیەسیاسیەكان ، سەرقاڵنەكردنی بە كاروباری ئیداری و رۆتینی رۆژانەی ئۆرگانەكانەوە .
بەڵام بە داخەوە پاش هەوڵ و تێكۆشانێكی زۆر و دەیان كۆبونەوەو وتووێژ لەو بارەیەوە ، نەگەیشتینە ئەنجامێك كە جێگەی ئومێد بێت و دواجار گۆرانكاریەكی ئەوتۆ نەهاتەدیی لەنەخشە ڕێگا وئاراستەی كۆمەڵا ، بەوپەری بێمنەتیی وبێباكیی مامەڵەكرا لەگەڵا خواستی زۆربەی هەرەزۆری كادیر و ئەندام و دۆست و لایەنگراندا ، هیوایەك نەهێڵرایەوە بۆ گۆڕانكاریی و چاكسازیی ، ئەمەش ئێمەی ناچاركرد وەك بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی چاودێریی و بەدواداچون هەڵوێست وەربگرین و بڕیاری ناچاریی بدەین بە بەشداری نەكردن لە كۆنگرەدا، بەڵام بەردەوام دەبین لەهەوڵەكانی چاكسازیی نێو كۆمەڵ و داكۆكیی دەكەین بۆ گەڕانەوە و كاركردن بۆچەسپاندنی بنەماشەرعیەكانی كۆمەڵی ئیسلامیی، لەهەمان كاتدا داواكارین ئەندامانی كۆنگرەی سێیەمی كۆمەڵی ئیسلامیی داكۆكی بكەن لەسەر پرۆسەی گۆرانكاریی ریشەیی لە پەیكەر وئاراستەی كۆمەڵی ئیسلامیی لەپێناوی گەیشتن بەئامانجەكانمان .
ناوەكان :
- ئارام قادر – كارگێڕی ئەنجومەنی چاودێریی
- عبدالرحمن احمد- كارگێڕی ئەنجومەنی چاودێریی
- عبدالحمید جلال- بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی وئەندامی ئەنجومەنی چاودێریی
- یاسین زەنگەنە- ئەندامی ئەنجومەنی چاودێریی
- فایەق محمدسەلیم- ئەندامی ئەنجومەنی چاودێریی
- شەمسە سەعید – ئەندامی ئەنجومەنی چاودێریی
- جمال قرادغی- ئەندامی ئەنجومەنی چاودێریی
- شوان هەورامی- ئەندامی ئەنجومەنی چاودێریی
- ئەمیر محمد فقێ فرج -بەرپرسی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی چاودێریی
10.جلال احمد- ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی چاودێریی