نوچەنێت-عەرەبی جەدید
لەدوای دوو مانگ لە بەجێهێشتنی عێراق، قاسم سولێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران گەڕایەوە عێراق، بەڵام بەبێ وێنە و لێدوان.
قاسم سولێمانی كاتێك عێراقی بەجێهێشت كە نەیتوانی شاری تكریت كۆنترۆڵ بكات و سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی ناچاربوو داوای پشتیوانیی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بكات بۆ گرتنەوەی شارەكە.
سەرچاوەیەك لە هاوپەیمانیی شیعەكان بە عەرەبی جەدیدی راگەیاندووە كە هاتنەوەی ئەمجارەی سولێمانی لەسەر بانگهێشتی حكومەتی بەغدا و بە رەزامەندیی ئەمریكاییەكان بووە و مەبەست لەوەیە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی رێكبخاتەوە. چونكە حەشدی شەعبی ئێستا لەلایەكەوە لەگەڵ حكومەت ناكۆكە و لەلایەكی تر سەركردەكانیشی لەناو یەكتردا دژیەكن.
قاسم سولێمانی جگە لە رێكخستنەوەی لایەنە ناكۆكەكانی حەشدی شەعبی، بڕیاری داوە هەموو ئەوانە لە ریزی حەشدی شەعبی دەربكات كە لە جەنگەكان هەڵدێن.
رۆژی سێشەممە قاسم سولێمانی لە بەغدا جێگیربووە و زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرانی میلیشیا شیعەكان ئەنجامداوە، بەڵام تا ئێستا رووینەكردووەتە بەرەكانی جەنگ.
بەرپرسێكی عێراقی لێدوانی بۆ عەرەبی جەدید داوە و وتویەتی لە ماوەی داهاتوو ئێران ئاشكراتر دەستێوەردان لە جەنگەكان دەكات و بڕیاریشدراوە قاسم سولێمانی پلانێكی پتەو دابنێت بۆ پاراستنی بەغدا و پێشبینیدەكرێت هەڵمەتی رەشبگیری لەناو سوننەكانی بەغدا پەیڕەو بكرێت.