نوچەنێت.هه‌ولێر:
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی ده‌ڵێت،شه‌ڕی كورد و كورد حه‌رامه و به خیانه‌ت له قه‌ڵه‌مى ده‌ده‌ین و ڕیسواى ده‌كه‌ین، ده‌بێت گرژییەکه‌ی نێوان حدكا و په‌كه‌كه‌ش له‌سه‌ر سنووری هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكرێت.
عه‌لی ته‌ته‌ر،به‌رپرسی لقی 10ـی پارتی دیموكراتی كوردستان له سۆران بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمی حیزبه‌كه‌ی راگه‌یاندوه “شه‌ڕی كورد و كورد حه‌رامه و به خیانه‌ت له قه‌ڵه‌مى ده‌ده‌ین و ڕیسواى ده‌كه‌ین، له‌و شه‌ڕه‌دا كه‌س سه‌ر ناكه‌وێت و زیان به هه‌ردوو لا و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی ده‌كه‌وێت، نابێت جارێكی دیكه شه‌ڕی له‌و شێوه‌یه دووباره ببێته‌وه”.
وتیشى”ئه‌و شوێنه‌ی شه‌ڕی لێ کراوە، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه،ئه‌و شه‌ڕه‌ی له‌و شوێنه كراوه پێشێلكردنی سه‌روه‌رییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه و پێویسته له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌تایبه‌تی له‌و بارودۆخه‌دا له هه‌ر كارێكی ورووژێنه‌ر به‌ره‌و پاشه‌وه بچین،كه ببێته هۆی خراپبوونی ناو و ناوبانگى كوردستان، چونكه كوردستان ناوچه‌یه‌كی سه‌قامگیره له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و كورد بووه‌ته فاكته‌ری سه‌قامگیرى و نابێته هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی له‌سه‌ر وڵاتان، ئه‌و شه‌ڕه‌ی له كێله‌شینیش كرا له به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌تی كورددا نییه، میلله‌تی كورد زۆر هۆشیار بووه و تێگه‌یشتووه و ئاماده‌نیه شه‌ڕی براكوژی بكات و هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانیش دژی شه‌ڕی براكوژین، ئه‌وه‌ش شتێكی باشه و پێشكه‌وتنێكی باشه بۆ گه‌لی كورد”.
به‌رپرسی لقی 10ـی پارتی ده‌شڵێت”ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌و لایه‌نه سیاسیانه‌ی پارچه‌كانی دیكه كه له هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین،له ئاست به‌رپرسیاره‌تیدا بن،نابێت سه‌روه‌رییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێشێل بكه‌ن و ناوبانگی هه‌رێمی كوردستان خراپ بكه‌ن و شتێكی وا بكه‌ن كه سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ببنه مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر وڵاتانی جیران و ده‌بێت خۆیان له هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌سه‌ر سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بپارێزن، ئه‌گه‌رنا هه‌ر لایه‌نێك ئه‌مڕۆ به‌و كاره هه‌ستێت دژی به‌رژه‌وه‌ندی كورد و كوردستانه”.