ئارام شێخ محەمەد: ڕاشكاوانە بە عەبادیمان وتوه‌ مامەڵكردن بەمشێوازە لەگەڵ هەرێم كێشەكان قوڵتر دەكاتەوە

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، ڕاشكاوانە ئەوەمان بەبەڕێز عەبادی ڕاگەیاندووە، مامەڵكردن بەمشێوازە لەگەڵ هەرێم و كورتكردنەوەی پەیوەندییەكان لە ئاماری فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت ، كێشەكان قوڵتر دەكاتەوە.

نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی ئارام شێخ محەمەد لەڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ (نوچه‌نێت) نێردراوە، ڕایدەگەیەنێنێت، نیوەڕۆی ئەمڕۆ جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەنوسینگەی تایبەتی خۆی لەشاری بەغدا، پێشوازیكرد، لە (هاین كنیخت) هەڵسورێنەری كارەكانی باڵیۆزخانەی هۆڵندا لەعێراق.

لەدیدارێكدا،ئارام شێخ محەمەد، وێڕای ستایشكردنی ڕۆڵی حكومەتی هۆڵندا لەهاوكاریكردنی عێراق لەشەڕی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر، ڕایگەیاند: بۆ وڵاتانی ئازادایخواز گرنگە بەردەوامبن لەهاوكاریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان لەو شەڕەی بەرۆكی گرتووە، چونكە تیرۆر هەرەشەیەكی جیهانیەو تەنها پەیوەست نیە بەناوچەیەكی دیاریكراو.

لەتەوەرێكی تری دیدارەكەدا، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئاماژە بەكۆمەڵێك پرۆژە یاسی گرنگ كرد كە هەوڵێكی زۆریانداوە تا بەمزوانە پەسەندی بكەن، (پرۆژە یاسایی گاردی نیشتمانی، دادگای ئیتحادی، یاسای پارتی سیاسیەكان‌و تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی)، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان،تائێستا نەگەیشونەتە ڕێكەوتن بۆ تێپەڕاندنی.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا، ئارام شێخ محمەد ئاماژەی بەكێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرد و ڕایگەیاند: لەهەموو دیدارەكانمان لەگەڵ دكتۆر حەیدەر عەبادی، ڕاشكاوانە پێمانوتووە، ناكرێت، كێشەكانی هەرێم و بەغدا لەحسابی بڕی فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوتدا كورتبێتەوە، یان بەعەقلیەتی مەركەز و براگەورە و بچوك مامەڵە بكەن، بەڵكو ئەمە پەیوەندی نێوان دوو نەتەوەی جیاوازە، كە سیستمێكی سیاسی كۆیكردونەتەوە لەسەر بنەمای شەراكەت و بەشداری راستەقینە لەناوەندی بڕیاردان و ناكرێت وەكو هاوكێشەیەكی ماتماتیكی تەماشا بكرێت.

تەئكیدیشی كردەوە لەوەی پێوێستە چارەسەرێكی سیاسی بۆ كێشەكان بدۆزرێتەوە، چونكە ناكۆكییەكان سیاسین، داواشی لە حكومەتی هۆڵندا كرد لەو ڕوەوە ڕۆڵ بگێڕێت. لای خۆیەوە، هەڵسورێنەری كارەكانی بالیۆزخانەی هۆڵندا لە عێراق، پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لەشەڕی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر دووپاتكردەوەو بەگرنگیشی زانی لەم قۆناغە هەستیارەدا، كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ئاڵۆزی زیاتر بەخۆوە نەبینن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com