سەرۆکی پەرلەمان: لە شەنگالەوە بۆ جەلەولا کورد بە یەکگرتوویی شەڕی تیرۆرستان دەکات
نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان،لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە بەرپرسانی پارتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان رایگهیاند،ئێستا کاتی وەلانانی جیاوازییەکانمانە و پێویستە هەمومان پێکەوە بە گیانی بەرزی نیشتمانییەوەو پارێزگاریی لە کوردستان بکەین و شەڕی براکوژی ئیدانە بکەین.
بەپێ راگەیەنراوێكی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان كەوێنەیەكی بۆ(نوچەنێت)نێراوە تێداهاتووه”ئەمڕۆ ٤ شەممە، ٢٧ ئایار، کۆمەڵێک لە سکرتێرو سەرۆک و بەرپرسانی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژئاوا، سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیان کرد، لە کۆبوونەوەیەکدا، دوای بەخێرهاتن، سەرۆکی پەرلەمان وتی” لە ڕابردوودا کورد بە یەکگرتوویی لە شەنگالەوە بۆ جەلەولا شەڕی دژ بە تیرۆرستانی کرد، پێشمەرگە و شەڕڤان و گەریلا هەموی لە یەک سەنگەردا بوون،بۆیە دەبێت بەو گیانەوە بەرزەوە کار بکەین و دوور بکەوینەوە لە دووبەرەکی. لەبەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان وتی “پێویستە هەمو هێزە سیاسییەکانی کوردستان ڕێز لە تایبەتمەندیی و جیاوازییەکانی یەکتر بگرن و هەمومان پێکەوە شەڕی ناوخۆ ئیدانەو سەرکۆنە بکەین”.
نەسردەین ئیبراهیم سکرتێری پارتی دیموکراتی کورد، سوپاسی وتەکانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی کردو وتی “بەگیانێکی بەرزەوە لە هەڵوێستی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڕوانین، کە هەمیشە پشت و پەنای پارچەکانی تری کوردستان بوون”.
ئاماژەشی بەوە کرد”سەرکەوتنی کورد لە هەر پارچەیەک، واتای سەرکەوتنی کوردە لە پارچەکانی تری کوردستان”.