نوچەنێت.ههولێر:
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند،دەڵێت،هیچ كاتێك وەكو ئێستا بارودۆخ بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان لەبار نەبووە، بۆ نموونە سووریا و عێراق وەك وڵات نەماون و توركیا و ئێرانیش كێشەی خۆیان هەیە.
ئەم قسانەی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمیانەی پێشكەشكردنی وتارێك لە چوارچێوەی یادكردنەوەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان كراون.
فازڵ میرانی رایگەیاند”لە كاتی سەردانەكەی بارزانی بۆ ئوردندا،ئاڵای كوردستان لە تەنیشت ئاڵای هەموو دوونیا هەڵكرا، ئەوەیشمان بینی ئاڵای كوردستان كاتی دیداری جەنابی سەرۆك و شاعەبدوڵڵا، هاوتای ئاڵای ئەو وڵاتە هەڵكرا، ئەمە نیعمەتێكی خوایە پێشكەشی هەموو پێكهاتەكانی خەڵكی كوردستانی كردووە”.
ئاماژەشی دا”بەدەستهێنانی دەستكەوت گرنگە،بەڵام پاراستنی گرینگترە، كەوایە ئەركی گرینگتر قورستترە لە ئەركی گرینگ، ئەمە پێویستە كادیر و ئەندامانی ئێمە بیكەن بە ئامانجی خۆیان، كە بەڵی ئەركی ئێمە گرینگترە لە ئەركی ئەوانەی كە ئەم دەستكەوتانەیان بەدەست هێنا”.
سەبارەت بە دۆخی عێراقیش سكرتێری مەكتەبی سیاسیی وتی”خراپیی ئیدارەدانی دەوڵەتی عێراق ئەم دۆخەی دروست كرد، چونكە هەموو خەڵك وایان زانی لە 2003 دوای كەوتنی (سەددام)، رژێمێكی دیموكراتی هاتووەتە كایەوە، لە گوتارەكانیاندا وایان نیشان دا كە عێراق وڵاتێكی ئەمینە، بەڵام دیارە ئەمە راستە كە گوتراوە، ئەوەی دوورە لە حوكم، حەزی بە دیموكراتییەتە، بەڵام كە حوكمی دەكەوێتە دەست دژی دەوەستێتەوە، ئەم رژێمەی دوای (سەددام) كە هات تایفییە و وای كرد عێراق بەرەو پارچەبوون بچێت”.
وتیشی”حەمرین نە ئێمە دروستمان كردووە نە عەرەب، خوا دروستی كردووە، كورد هۆكار نییە بۆ ئەوەی كە عێراق كەوتووەتە ئەم قۆناخەوە، بەڵكە خراپیی ئیدارەی دەسەڵات وای كرد ئەم عێراقە وای لێ بێت، بۆیە هەر میللەتێكیش بۆی هەیە بیر لە چارەنووسی خۆی بكاتەوە، مافی چارەنووسیش یەكێكە لە مافەكانی مرۆڤ، ئێمە باسی مافی چارەی خۆنووسین دەكەین، نەمانگووتوە جیا دەبینەوە، بەڵكە بڕیارێك دەدەین، كە باسی ریفراندۆم دەكەین، نەمانگوتووە دەوڵەت،لێرەدا پرسیارێك دروست دەبێت،لە هیچ دەقێكی یاساییی دنیادا هەیە هەموو پێكهاتەكانی مافی سەربەخۆبوونیان هەبێت،بەڵام سەربەخۆ نەبن؟ بەحرەین بەقەدەر هەولێر نابێت و 28 كیلۆمەتر رووبەرەكەیەتی، كەچی دەوڵەتێكە، قەتەر دەوڵەتێكە و 300 هەزار كەسە، بۆچی بۆ ئەوانە ئاساییە و بۆ میللەتێكی وەكو ئێمە ناكرێت؟!”.
میرانی جەختیشی كردەوە”هیچ كاتێك وەكو ئێستا بارودۆخ بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان لەبار نەبووە، بۆ نموونە سووریا و عێراق وەك وڵات نەماون و توركیا و ئێران كێشەی خۆیان هەیە، ئەگەر بارودۆخە زاتییەكەی نێوخۆ ئامادە بێت، بۆ وێنە بژاردەیەكمان لە دەست بێت كە ئایا گەلی ئێمە رازییە بچین داوای دەوڵەت بكەین كە ئەویش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە؟، كاتێ ریفراندۆمیش دەكەی، مانای ئەوە نییە سبەی دەوڵەت رادەگەیەنیت، ئەمە بە گفتوگۆ دەكرێت، زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە كاتی راگەیاندنی دەوڵەت شەڕمان لەگەڵ ناكەن، چونكە بەرژەوەندیمان پێكەوە هەیە، بۆیە ئامادەیی ئەوەیان تێدا نییە رووبەڕووی ئەم پرسە ببنەوە”.