نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت،بۆ كورد لەم قۆناخەدا زۆر گرنگە هاوپەیمانی و برایەتی و یەكدەنگی بپارێزێت،چونكە جۆرێك لە پاشگەزبوونەوە یان جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنەكە لەلایەن بەغداوە دەبینرێت.
خەسرۆ گۆران،سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق،بە ماڵپەری فەرمی حیزبەكەی ڕاگەیاندوە”تا ئێستایش هەوڵەكان بەردەوامن بۆ دروستكردنی هاوپەیمانەتییەكی كوردستانی كە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان لە خۆ بگرێت،بەڵام هێشتا دەروازەیەكی هاوبەش نەدۆزراوەتەوە كە سەرجەم لایەنەكان لەسەری ڕێك بكەوین، ئەوەیش كە ماوەتەوە دانیشتنی سەرجەم هێزەكانە و ڕێككەوتنە لەسەر ئەو هاوپەیمانەتییە”.
وتیشی”بۆ كورد لەم قۆناخەدا زۆر گرینگە هاوپەیمانی و برایەتی و یەكدەنگی بپارێزێت، چونكە ئەوەی هەست دەكرێت جۆرێك لە پاشگەزبوونەوە یان جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنەكە لەلایەن بەغداوە دەبینرێت، لە كاتێكدا ئێمە لە مانگی نیساندا پابەند بووین بەوەی ڕۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانە بكەین، بەڵام بەغدا بڕەپارەیەكی وەهای نەناردووە كە شیاوی ڕێككەوتنەكە بێت، ئەمەش وادەكات كە ئێمە لە بەرانبەر بێهەڵوێستیی بەغدادا، یەكهەڵوێست بین”.
سەرۆكی لیستی پارتی ئەوەشی خستەڕوو”لەسەر ڕێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا چەند دەروازەیەك هەیە وەك بیرۆكە كاریان لەسەر دەكرێت، یەكەم یان ئەوەتا سەرۆكوەزیران (حەیدەر عەبادی) بێتە پەرلەمان و ڕوونكردنەوە بدات، یانیش وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی كورددا كۆ ببێتەوە و وەڵامیان بداتەوە، یاخود پێویستە ڕێككەوتنەكە هەڵبوەشێتەوە و كوردستان خۆی نەوت هەناردە بكات و بیفرۆشێت”.