نوچەنێت.ههولێر:
بە ناوبژیوانیی وەفدێكی باڵای هەرێمی كوردستان، هەردو لایەنی پەكەكە و حیزبی دیموكرات لە قەندیل كۆبونەتەوە و ئامادەیشییان دەربڕیوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان.
ئەمڕۆ سیشەممە بە مەبەستی وەرگرتنى چارەسەری كێشەكانی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و حزبی دیموكراتی كورستانی ئێران، شاندێکى باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، سەردانی قەندیلی كرد.
سەرچاوەیەكی ئاگاداریش لە كۆبونەوەكە بە(تۆڕى میدیاى گۆڕان)ی راگەیاند: هەردولایەنی پەكەكە و دیموكرات، ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە و گفتوگۆی زیاتر.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی”هەردولا پێویستیان بەوەبوە راوێژ لەنێوان خۆیاندا بكەن و جارێكی دیكە كۆببنەوە و پێدەچێت كۆبونەوەی داهاتوی ئەو دولایەنە لەسەر ئاستێكی باڵای هەردو حیزبدا بێت”.