نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی تورکمان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، وتی،کەرکوک شارێکی کوردستانییە، بەڵام تایبەتمەندییەتی خۆی هەیە و پێکهاتە و نەتەوەی تری جگە لە کوردی تێدایە، هیوادارین کەرکوکییەکان پارێزگاریی لەو هەمەڕەنگییەی دانیشتوان و پێکهاتەکانی بگرن.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٣ شەممە ٢٦ ئایار، شاندێکی فراکسیۆنی تورکمان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەسەرۆکایەتی عەلی مەهدی سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە. لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، شاندەکە باسیان لە کێشە و گیروگرفتی تورکمانەکانی کەرکوک، بەتایبەتیش گیروگرفتی کارگێڕیی و دابەشکردنی پۆستەکانی ئەو شارە.ئاماژەشیان بەوەدا کە تورکمان و کورد دوو نەتەوەی ڕەسەنی ناوچەکەن و دەیان خاڵی هاوبەش کۆیاندەکاتەوە.
سەرۆکی پەرلەمان، لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، وتی “لەئێستادا کە سەرقاڵی ئامادەکردنی دەستووری کوردستانین، کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی تر وەک بەشێکی سەرەکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێکراوە، بەڵام تایبەتمەندییەتی ئەو ناوچانەش لەبەرچاو دەگرین، هیچ بڕیارێک بەسەر کەرکوکدا ناسەپێنین، چونکە بەدەر لە کورد لەو ناوچانە نەتەوەو پێکهاتەی تریش هەیە، لەکاتی گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەمو مافێکی ئەو پێکهاتانە لە دەستووردا بە یاسا دەپارێزین”.
لەبەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان وتی “ئێستا پێشمەرگە لە کەرکوک پارێزگاریی لە هەمو پێکهاتەکان دەکات بە بێ جیاوازی، ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە، تیرۆرستان لافاوی خوێنیان لەو ناوچانە درووست دەکرد، بۆیە دەبێت هەمو نەتەوەکان ئەم ئازایەتییەی پێشمەرگە لەبەرچاو بگرن”.