ئارام شێخ محەمەد: لەبارەی قەزای دووزخورماتوو نامەیەك ئاراستەی عەبادی دەكات
نوچەنێت.ههولێر:
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكان، پێداگری لەسەر چەسپاندنی داواو سەرنجەكانی كورد لەهەردوو پرۆژە یاسای داگای فیدراڵی و گاردی نیشتمانی دەكەنەوە.
نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی ئارام شێخ محەمەد لەڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ (نوچەنێت) نێردراوە، ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكان بۆ تاتوێكردنی چەند پرسێكی گرنگ كۆبونەوە.
تەوەری یەكەمی كۆبونەوەكە تەرخانكرا، بۆ تاتوێكردنی سەرنج و داواكانی كورد لەهەردوو پرۆژە یاسای دادگای فیدراڵی و پاسەوانیی نیشتمانی ، لەوچوارچێوەیەدا ئامادەبوان خاڵ بەخاڵی بڕگەو ماددەكانی یاساكەیان تەتەڵەكرد و تەواوی سەرنج و تێبینیەكانیان و داواكانی كوردیان لەچەند خالێكدا چڕكردەوەو تەئكیدیان لەسەر زەرورەتی جێبەجێكردنی كردەوە،هەر لەو تەوەرەدا پرۆژە یاسای پارتە سیاسیەكان ڕۆشنایی خرایەسەر. لەبەشێكی تری كۆبونەوەكەدا، دۆخی قەزای دوزخورماتوو و نیگەرانیی هاوڵاتیانی ناوچەكە سەبارەت بەگرتنی ڕێگای سەرەكی قەزاكە خرایە بەرباس.
لەو باریەوە،بڕیاردرا،ئارام شێخ محەمەد، نامەیەكی ڕەسمی ئاراستەی حكومەتی عێراق بكات، بۆ پەلەكردن لەچارەسەری كێشەكانی خەڵكی قەزای دوزخورماتوو.
كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئارام شێخ محمەد و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكان، ئامادەكاری بوو بۆ كۆبونەوەیەكی فراوانتر كە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەهۆڵی دەستوری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، تیایدا دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكی كوتلە سیاسیەكان و ژمارەیەك پەرلەمانتار ئامادەبوون بۆ تاتوێكردنی یاساكانی پاسەوانی نیشتمانی و دادگای فیدراڵی و یاسای پارتە سیاسیەكان. لەكۆبونەوەكەدا دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتی لیژنەی ئاسایش و بەرگری.
ئاماژە بەو خاڵانە درا كە لەبارەی پاسەوانیی نیشتمانیەوە ناكۆكی لەسەرە، كە دیارترینیان، شێوازی پێكهێنان و پەیوەندی ئەو هێزەیە، لەگەڵ، جموجۆڵ و چەكوچۆڵی (تسلیح) و ناوچە جێناكۆكەكان و فەرماندەیی ئەو هێزە. ئەوەی بەلای كوردەوە گرنگە چەند خالێكە، دیارترینیان ئەوەیە، پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگار ڕۆڵیان هەبێت لەپێكهێنان و جموجۆڵی ئەو هێزە واتە بەبێ ڕەزامەندی ئەنجومەنی پارێزگاكان فەرماندەی هێزە چەكدارەكان نەتوانێت جوڵە بەو هێزە بكات. بەهۆی ئامادەبونی ژمارەیەكی بەرچاو لەپەرلەمانتاران، فراكسیۆنە كوردییەكان داوای بچوكردنەوەی كۆبونەوەكەیان كرد.
بەوهۆیەوە، برٍِیاردرا سبەی لەنوسینگەی سەلیم جبوری دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكی كوتلەكان كۆبونەوەیەكی داخراو بكەن،بۆ ڕێكەوتن لەسەر ئەو خاڵانەی ناكۆكی لەسەرە، چونكە دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەیەوێت پێشهاتنی پشوی وەرزیی، تیانپەڕێنێت. لەبارەی پرۆژە یاسای دادگای فیدراڵیشەوە، كورد پێداگری كرد لەسەر داواكارییەكانی، كە دیارترینیان، مەسەلەی بەدەستهێنانی مافی ڤیتۆیە لەو بڕیارانەی پەیوەستن بەهەرێمی كوردستان.
