نێچیرڤان بارزانی: نیگەرانین كە حكومەتی بەغدا پابەندی ڕێككەوتن نییە

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆبونەوەی لەگەڵ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان،رایگەیاند، نیگەرانن لەحكوومەتی بەغدا بەهۆی ئەوەی پابەندی ڕێككەوتنەكەی نەبووە لەگەڵ هەرێم.

ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە”ئەمڕۆ دووشەممە 2015/5/25 نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز ژان كوبیس نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق و شاندێكی یاوەری كرد“.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە دیدارێكدا باس لە دوا پێشهاتەكانی عێراق و بارودۆخی پارێزگای ئەنباڕ و ڕەوشی ئەمنیی ناوچەكە بە گشتی و هەروەها ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2015 كرا و ئاماژە بەوە درا كە هەرێمی كوردستان پابەندی ڕێككەوتنەكە بە شێوەیەكی گشتی بووە بە تایبەتی ئەو بڕگانەی كە لەسەر هەرێم پێویستە جێبەجێیان بكات“.

لەبەرانبەریشدا”سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان نیگەرانیی خۆی لەوە دەربڕی كە حكوومەتی عێراق پابەندی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەبووە كە ئەو ڕێككەوتنە بە پشتگیری و داواكاریی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمەریكا و بریتانیا بووە، بۆیە داوای كرد ئەو سێ لایەنە ڕۆڵی خۆیان ببینن و فشار بخەنە سەر حكوومەتی بەغدا تا پابەندی ئەو ڕێككەوتنە و یاسای بودجە بێت“.

ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە هەماهەنگی و هاوكاریی زیاتری نێوان ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرا بە تایبەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی زیاتربوونی ڕێژەی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و هاوكاریكردنیان. هەردوولا دووپاتیان كردەوە كە پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر ڕۆڵی خۆی ببینێت لە هاوكاریكردنی دامودەزگاكانی سەر بە حكوومەتی هەرێم و ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بە تایبەتی ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان لە بواری مرۆییدا كار دەكەن“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com