زێباری: بەداخەوە بەغدا ئەركی خۆی جێبه‌جێ نه‌كردووه‌ بۆ هاوكاری كردنی هەرێم

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە،دەڵێت،بەداخەوە تا ئێستا بەغدا وەكو پێویست ئەركی خۆی جێبه‌جێ نه‌كردووه‌ بۆ هاوكاری كردنی حكومەتی هەرێم لە چاره‌سه‌ركردنى كێشەی ئەو ئاوارانەی روویان لە كوردستان كردووە.

دیندار زێباری،جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەى حكوومەتی هەرێمى كوردستنان بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان به‌ ماڵپه‌رى فه‌رمی پارتی راگەیاندوە”ئێمە وه‌كو حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە دەرگامان واڵا بووە بۆ پێشوازیكردن لە ئاوارەكان و ئەو كەسانەی هانایان بۆ كوردستان هێناوە بێ گوێدان به ئینتیمای نەتەوەیی یان مەزهەبی، بەر لە رووداوەكانی ئەم دواییەى ئەنباریش چەند جارێك خەڵكی ئەم شارە و شارەكانی دیكەی عێراق روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و ئێمە لە پێشوازییان دابووین، بێگومان ئەگەر لە ئەنجامی رووداوه‌كانی ئەم دواییەش روو لە كوردستان بكەن، بە دڵنیاییەوە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە ئەركی مرۆڤایەتی خۆی ئه‌نجامده‌دات، بەڵام ئەو ئالییەتە و رێوشوێنی تایبەتى پێویستە، ده‌بێ حكوومەتی عێراق لێی بەرپرسیار بێت لەرووی دارایی و پاراستنیان”.

زێباری جەختی لەوە كردەوە كە”پێویستە حكومەتی عێراق ئەركی خۆی جێبه‌جێ بكات لە یارمەتیدانی هەرێم بۆ رووبەروو بوونەوەی كێشەی ئاوارەكان”

وتیشی”هەرچەندە ئێستا زیاتر لە 1,5 ملیۆن ئاوارە لە كوردستان نیشتەجێن لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانى داعش، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا حكوومەتی بەغدا وەكو پێویست ئەركی خۆی جێبه‌جێ نه‌كردووه‌ بۆ هاوكاری كردنی حكوومەتی هەرێم لە چاره‌سه‌ركردنى كێشەی ئەو ئاوارانەی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، لە بیریشمان نەچێت ئەمانە هاووڵاتی عێراقین.بۆیە هیوادارین حكوومەتی بەغدا ئەركەكانی سەرشانی خۆی جێبەجێ بكات، چونكە قەیرانی ئابووری بارگرانییەكی زۆرى بۆ حكوومەتی هەرێم درووستكردووە”.

ئەو دەشڵێت”پێویستە ئاماژە بكرێت بە كەم بوونەوەی ئاستی یارمەتی و كۆمەكی نێودەوڵەتی بۆ ئاوارەكان، چونكە لەم بارەیەوە عێراق بە ئەولەویەت دانەنراوە، هەروەها لە رووی دیبلۆماسیشەوە عێراق نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت لە بەدەستهێنانی پاڵپشتی نێودەوڵەتی پێویست بۆ كێشەی ئاوارەكان لە ماوەی رابردوودا”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com