نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان،بەڵێنی ئەوەی دا كە لەڕێگەی كۆڕبەندەكەیانەوە و ئەو پەیوەندییانەی هەیەتی یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدات.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ههرێم بڵاوی کردەوە”ڕۆژی شەممە 23ـی 5ـی 2015 لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی لە دەریای مردووی شانشینی ئۆردۆن مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پڕۆفیسۆر كڵاوس شووەب سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی كۆبۆوە“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ بەشداربوونی لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی لە دەریای مردووی شانشینی ئۆردۆن و هەروەها بە ستاییشەوە باسی ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا و ئاماژەیشی بە گرنگیی بەردەوامبوونی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانی دا لە گێڕانی ڕۆڵیان بۆ چارەسەركردنی قەیران و كێشەكانی ناوچەكە“.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”لە بەشێكی ئەو دانیشتنەدا باس لە بارودۆخی ئاوارەكان و هەروەها كێشە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان كرا و سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی بەڵێنی ئەوەی دا كە لەڕێگەی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی و ئەو پەیوەندییانەی هەیەتی یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدات“.