نوچەنێت-ئاژانسەكان
بەپێی لێدوانێكی بەرپرسێكی عێراقی، ئەمریكا خەریكە تەواو لە سوپای عێراق و تواناكانی بێئومێد دەبێت و لەو میانەیەشدا بیر لەوە دەكاتەوە ژمارەی راوێژكارە سەربازییەكانی بۆ ئەو سوپایە كەمبكاتەوە.
موەفەق روبێعی كەسایەتی سیاسی نزیك لە ئەمریكیەكان، كە پێشووتر راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بووە و ئێستا ئەندام پەرلەمانە ئاشكرای كردووە كە ئەمریكییەكان بڕیاریانداوە ئەگەر عێراق سەربازگەی حەببانیە بەدەستەوە بدات، ئەوا بەشێك لە راوێژكارەكانیان دەگێڕنەوە بۆ ئەمریكا.
دوای ئەوەی داعش رووبەرێكی فراوانی عێراقی داگیركرد، ئەمریكا 3000 راوێژكاری سەربازیی رەوانەی عێراق كرد تا یاریدەی سوپای عێراق بدەن داعش لەو ناوچانە وەدەربنێ.
داگیركرانی شاری رومادی نێوەندی پارێزگای ئەنبار لەلایەن داعشەوە لە هەفتەی رابردوودا، ئەمریكییەكانی تووشی نائومێدی كرد و وایدەبینن هەم سوپای عێراق بەشێوەیەكی ئەوتۆ ورەی لەدەستداوە كە ئاسان پەروەردە ناكرێتەوە، هەم مەترسیش لەسەر گیانی راوێژكارە ئەمریكییەكان درووستدەبێت لە حاڵەتی بەردەوامیی هەڵاتنی سوپای عێراق لە بەرامبەر داعش.