نوچەنێت.ههولێر:
جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان،ئاشكرای دەكات ئێستا كوردستان دەرفەتێكی گەورەی لە بەردەمدایە و لە جاران زیاتریش كۆمپانیاكان ئامادەن نەوتی كوردستان بكڕن، بە هۆی فرۆشتنی نەوتیشەوە دەتوانین ئابووریی خۆمان دابین بكەین.
دڵشاد شەعبان،پەرلەمانتاری پارتی و گری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان،بەماڵپەڕی فەرمی حیزبەكەی ڕاگەیاندوە”هەرێمی كوردستان تواناكانی لە بواری نەوتدا زۆر بەرەو پێشەوە چوون،بۆیە لە دوای مانگی چوارەوە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 550 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، ئەمەیش دەیسەلمێنێت كە توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان زۆر زیادی كردووە و، بە بێ ئەوەی بشگەڕێینەوە بۆ بەغدا، دەتوانین نەوتی خۆمان بفرۆشین”.
دڵشاد شەعبان دەشڵێت”ئێستا بەغدا دواهەلی لە بەردەمدا ماوە ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ هەرێمدا جێبەجێ بكات، بە پێچەوانەوە بەپێی ڕێككەوتنەكە ئەگەر هەر لایەك پابەند نەبێت،لایەكەی دیكە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ بڕیاری سەربەخۆیی ئابووریی خۆی،بۆیە ئێستا كوردستان دەرفەتێكی گەورەی لە بەردەمدایە و لە جاران زیاتریش كۆمپانیاكان ئامادەن نەوتی كوردستان بكڕن، بە هۆی فرۆشتنی نەتیشەوە دەتوانین ئابووریی خۆمان دابین بكەین”.
جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان وتیشی”ئەگەر هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە پەرە بە سیاسەتی نەوتی خۆی بدات،لە داهاتوویەكی نزیكدا ڕێژەی هەناردەی نەوت زۆر زیاد دەكات و بە ئاسانیش نەوتی هەرێم كڕیاری دەبێت و دەفرۆشرێت، چونكە بەپێی یاسا ئەو نەوتە دەفرۆشرێت”.
ئەوەیشی خستە ڕوو”گەر بەغدا بە ڕێككەوتنەكەوە پابەند نەبێت، قسە و هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەبێت و بە زیانی بەغدا دەشكێتەوە”.