وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی, پاڵپشتییەكانی یەكێتی نیشتیمانی بۆ (هەدەپە) بە كارێكی نایاسایی دەزانێت, دەیشڵێت: “هەدەپە پشتی لە كورد و رووی لە تورك كردووە و زۆرینەی كاندیدەكانیشی توركن”.
دكتۆر محەمەد عەلی یاسین وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەڕلەمانی كوردستان, لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا, رایگەیاند، پاڵپشتییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان, بۆ (هەدەپە) كارێكی نایاساییە و دەچێتە خانەی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی وڵاتێكی دراوسێ، بە دووریشی نەزانی كە ئەو دەستێوەردانە ببێتە هۆی درووستبوونی كێشە لە نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی توركیا، چونكە وەك ئەو وتی: “نابێت لەپرۆسەی هەڵبژاردنی وڵاتاندا، هیچ وڵاتێكی تر دەستێوەردان بكات”.
وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی, روونی كردەوە، كە پشتگیری كردن لە (هەدەپە) ناچێتە خانەی كوردایەتییەوە، چونكە وەك ئەو وتی: “لە كۆی كاندیدەكانی ئەو حیزبە، سەدا بیست و سێییان كوردن و ئەوانی تر هەموویان توركن، ئەگەر رووبەڕوو بە سەلاحەدین دەمیرتاش بڵێیت ئێوە حیزبێكی كوردین، پێیناخۆشە و حیزبەكەی بە حیزبێكی توركیای مۆدێرن ناو دەبات”.
وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی زیاتر هەڵوەستەی لەسەر ئەو بابەتە كرد و وتی: “(هەدەپە) رووی لە كوردانی باكوور وەرگێڕاوە و رووی لە توركان كردووە، هەموو بەرنامەكەی یەك وشەی كوردایەتی تێدا نیەو سەرجەم ڕیتۆرەكانی بەتوركییە، (هەدەپە) نەیتوانیوە لەناو كورددا جەماوەر بۆخۆی كۆبكاتەوە، بۆیە ڕووی لەتوركەكان كردووە”.
دكتۆر محەمەد عەلی یاسین، سەرسوڕمانی خۆیشی لە بەرانبەر چوونی چەند ئەندامێكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەربڕی, بۆ بەشداری كردن لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی توركیا و پاڵپشتی كردنی (هەدەپە)، لەو بارەوە وتی: “بەلامەوە سەیرە یەكێتی چوەتە شوێنێك بانگەشە بۆ (هەدەپە) دەكات، كە جەماوەری خۆی لێ نیە و تەنانەت لەزمانەكەشی تێناگەن”.
