نوچەنێت.ههولێر:
سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرات لە ئەڵمانیایەو دوای ئەو وڵاتەش سەردانی ئەمەریکا دەكات و ئامانجی سەردانەکەشی گفتوگۆكردنە لەسەر بارودۆخی ناوخۆی ئێران و بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە و رەوشی مافی مرۆڤ و رووداوەکانی مهاباد.
مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هەفتەیەکە لە ئەڵمانیایەو دوای ئەو وڵاتەش ئەمەریکا لە بەرنامەی سەردانەکەیدایە و هیجری لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەو لیژنەی پەیوەندییەکان و ژمارەیەک لە حیزب و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆبووەتەوە و ئامانجی سەردانەکەشی گفتوگۆكردن بووە لەسەر بارودۆخی ناوخۆی ئێران و بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە و رەوشی مافی مرۆڤ و رووداوەکانی ئەم دوایەی شاری مهاباد.
ئەو کە سەردانەکەی بە “گرینگ” وەسفکرد، لەلێدوانێکدا بۆ رووداو ئاماژەی بەوەکردوە”کە چەند پرسێکیان لەگەڵ بەرپرسە ئەڵمانییەکان باسکردووە، بەڵام زیاتر جەختیان لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران بووە“.
سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرا باسی لەوەشکرد کە”تاوتوێی رووداوەکانی مهابادی لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا کردووە“.
وتیشی”زیاتر لە 100 کەس بەهۆی رووداوەکانی مهابادەوە دەستگیرکراون و لەژێر ئەشکەنجەدان،ترسمان لەوە هەیە زیندانیکردنی درێژخایەنیان بۆ ببڕدرێتەوە، بۆیە داوامان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە گوشار بخەنە سەر ئێران“.
مستەفا هیجری راشیگەیاند”کە دوای ئەڵمانیا، سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش دەکات و لەوێ لەگەڵ وەزارەتی کاروباری دەرەوەو چەند ئەندامێکی کۆنگرێس بۆ هەمان مەبەست کۆدەبێتەوە“.