نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی لە دەریای مردووی وڵاتی ئۆردۆن دەكات و لەومیانەیەشدا چەندین دیدار و كۆبونەوە ئەنجام دەدات.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ههرێم بڵاوی کردەوە”ڕۆژی هەینی 22ـی 5ـی 2015 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی لە دەریای مردووی وڵاتی ئۆردۆن بوو“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە پەراوێزی ئەم كۆڕبەندە جیهانییەدا بارزانی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی كۆماری میسر و شاندی یاوەری كۆبۆوە. لەم كۆبوونەوەیەدا باسی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و هەروەها هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی جیهانی و ناوچەكە كرا. لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ڕووداوەكانی پارێزگای ئەنبار و هەروەها بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی لەبەرانبەر تیرۆریستان خستەڕوو. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی میسر دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە خواست لە دژی تیرۆریستان“.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”لەم دیدارەدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان گەلی میسر و گەلی كوردستان كرایەوە“.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”هەر لە پەراوێزی ئەم كۆڕبەندە ڕۆژی هەینی بارزانی لەگەڵ مەحموود عەباس سەرۆكی فەلەستین و شاندی یاوەری كۆبۆوە. لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك عەباس ڕۆشنایی خستە سەر هەوڵ و سەركەوتنە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەكانی فەلەستین لە ئاستی جیهانیدا بۆ بەرەو پێشەوەبردنی دۆزی گەلی فەلەستین و باسیشی لە بارودۆخی سیاسیی نێوخۆیی فەلەستین كرد. لەم دیدارەدا بارزانی باسی لە دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و هەروەها سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد. لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا جەختیان لە بەردەوامبوون و قووڵكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەلەستین كردەوە“.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”هەر هەمان ڕۆژ و لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە ئۆردۆن بارزانی و سەلیم جبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی كۆبوونەوە. لەم دیدارەدا سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لە ئەجێندای ئەو سەردانەی كرد كە بەنیازە لە داهاتوویەكی نزیكدا بۆ ئەمەریكا ئەنجامی بدات. لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق بە گشتی و بارودۆخی ئەنبار و هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش تاوتوێ كرا“.
هەر بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە درێژەی دیدار و كۆبوونەوەكانی لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی بارزانی و بەها ئەعرەجی جێگری وەزیرانی عێراقی كۆبوونەوە. لەم كۆبوونەوەیەدا جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقی باسی لە بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی هەرێم و ناوەند كرد و جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا تووشی گرفت نەبن و ئەو پەیوەندییانە بەرەو پێشەوە بچن و ئەوەیشی خستەڕوو كە لە بەغدا زۆر كەس و لایەن لە هەوڵی ئەوەدان ئەو پەیوەندییە پارێزراو بێت و زیانی بەرنەكەوێت. لەبەرانبەردا بارزانی سوپاسی هەڵوێستی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست“.
ڕۆژی هەینی 22ـی 5ـی 2015 لە یەكەم ڕۆژی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی و لە پەراوێزی ئەم كۆڕبەندە، كۆبوونەوەیەكی لەنێوان سەرۆك بارزانی و جەلالەتی شا عەبدوڵڵای پاشای شانشینی ئۆردۆن بەڕێوەچوو.