نوچەنێت- ئەلسومەرییە
رۆژ نوری شاوەیس ، جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق پێیوایە مەترسی داعش لە دەروازەی بەغدایە، داوای لە هەموو لایەك كرد پشتیوانی سوپا بكەن بۆ بەهێز كردنی .
رۆژی هەینی د. رۆژ نوری شاوەیس لە كۆڕێكی گفتوگۆ ئامێزدا لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابوری دا كە لە ئەردەن بەڕێوە چوو، وتی ” مەترسی داعش لە دەروازەی بەغدایە و پێویستە هەموومان پشتیوانی سوپا بكەین بۆ بەهێز كردنی ، هەروەك پێویستە حەشدی شەعبیش بخرێتە سەر دەزگا ئەمنییەكان”.
شاوێس هەروەها وتی ” سوپای عێراق پێویستە هەموو ئەو پەرپرسیارێتییە ئەمنیانە بگرێتە ئەستۆی خۆی كە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە ، بەبێ سوپا هیچ سەقامگیرییەك لەسەر خاكی عێراق بەدی نایەت”.
كارەكانی كۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە ئێوارەی پێنجشەممەوە لە ناوچەی دەریای مردووی ئەردەن دەستی بە كارەكانی كرد لە ژێر ناونیشانی ” دۆزینەوەی چوارچێوەیەكی هەرێمی نوێ بۆ گەشە كردن و هاریكاری نێوان كەرتی تایبەت و گشتی ” نوێنەری عێراق لەو كۆڕبەندەدا سەلیم جبولای سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆككۆمار و بەها ئەعرەجی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوون