عەبدولقادر بازرگان : بەم نزیکایە هەرێمی سوننە دادەمەزرێ، دەبێ یەکڕیزبین کوردستانیش سەربەخۆیی رادەگەیەنێت

0

نوچەنێت

سکرتێری پارتێکی تورکمانی کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدا هۆکاری شۆڤێنیەتی حکومەتی بەغدادەزانێت، دەشڵێت لەدوای دەسەڵاتی بەعسەوە حکومەتەکانی بەغدا ئەجێندای ئیقلیمی زاڵە بەسەریاندا ئەوەش هۆکارێکی تری کێشەکانە، یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەگرنگ باس دەکات و پێی وایە راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان نزیکە.

لەعێراقی دوای بەعسدا، ئەگەرچی لەدەستورەکەیدا بەشێک لەمافەکانی کوردستان چەسپێنراوە، بەڵام هەتا ئەمرۆش هێزو کەسایەتییەکی سیاسی دەسەڵاتی عێراقی نەگرتۆتە دەست، بەئاراستەی مافەکانی کوردستاندا تێگەشتنی هەبێت و دان بەرەوایەتیاندا بنێ، ئەوانەی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست لەماوەی دەسەڵاتەکەیاندا بەئاراستەیەکدا سیاسەتیانکردووە، کە ئەنجام کوردستان ناچار بکەن فشار بۆ لادانیان بکات، بەبڕوای چاودێرانی سیاسیاش هۆکار ئەو تەعامولەی سیاسییەکانی عێراق، زیاتر لەوەی بۆ دامەزراوەیی نەبوونی عێراق بگەڕێتەوە، بۆ پەروەردەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکی عەرەبی ئەو وڵاتەدا دەگەڕێتەوە، کە سەرچاوەگرتووە لە رق و تۆڵەکردنەوەو ئینکاریکردن لەبوونی یەکتر و ئەوی تر.

پارساڵ بەبڕیارێکی تاک لایەنەی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، وەک دژایەتی و رێگرتن لەپێشکەوتنەکانی کوردستان، هەمان سیاسەتی دوای ساڵی ١٩٩١ ی بەعس بەرانبەر بەکوردستان، لەلایەن بەغداوە دووبارە کرایەوە، ،کەبریتی بوو لەسیاسەتی ئابڵوقەدان و بڕینی میزانیەو بودجەی کوردستان، بودجەی ساڵی 2014 کوردستانی رەوانە نەکرد. بەڵام لەبەرانبەردا نەک وەک ئەوەی دەیانویست و چاوەڕێ بوون کوردستان چۆکی دانەدا، بەڵکو کوردستان یەکگرتووتر و سورتر بوو لەسەر پاراستنی جیاوازیی و سەروەرییەکانی خۆی.

دوای لەکار لادانی مالیکی بەفشاری کوردستان و دەستبەکاربوونی حکومەتی عەبادی، رۆژی 13- 11- 2014 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان و عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوت رێکەوتننامەیەکیان لەسەر پرسی نەوت ئەنجامدا، ئەوەش بووە بنەمایەک بۆپەسەندکردنی بودجەی عێراق لە رۆژی 30-1-2015 بەو پێیەش 17% لە بودجەی عێراق بۆ کوردستان دیاریکرا لەگەڵ تریلیۆنێک و 200 ملیار دینار بۆ پێشمەرگە،بەڵام هێشتاش لەگەڵ پابەندبوونی حکومەتی کوردستان بەرێککەوتنەکەو جێبەجێکردنی، حکومەتی عێراق بەردەوامە لەدروستکردنی کێشەی دارایی بۆ کوردستان و نەناردنی بڕی بودجەی دیاریکراو بۆ کوردستان.

لەو بارەیەوە، عەبدولقادر بازرگان سەرۆكی پارتی چاكسازی پێشكەوتووی توركمان و ئەندامی خولی سێيەمی پەرلەمانی كوردستان، بۆ نوچەنێت دەڵێت، هۆکاری کێشەکانی کوردستان و عێراق، مەسەلە پرسی نەوت و کێشەی دارایی نییە، بەڵکو”كيشەی حكومەتي ناوەند لەگەل حكومەتي هەرێم بۆ سياسەتي شوڤينی حكومەتە يەك لەدوای يەكەكانی بەغدا بەرانبەر كوردستان، دەگەڕێتەوە، لەسەر ئەم شۆڤێنیەتەش راهاتوون و لێی دەرناچن لەداهاتووش، هۆکارێکی تریش دەستێوەردانی دەرەکییە، بەو هۆیەشەوە ئەگەر لەبەغدا حكومەتێكی مام ناوەندیش لەهەڵسوكەوت بێتە سەرحوكم، هەر ناتوانێ مامەڵەی دروست بكات لەگەڵ حكومەتی كوردستان، چونكە لەپاش روخانی رژێمی صەدام حسەین، حكومەتە يەك لەدوا يەكەكانی عێراق، خاوەنی وتاری خۆيان نين، بەڵكو ئەجيندای ئەقليمی زاڵه بەسەرياندا، بەتايبەتی ئەوانەی كەخۆشحاڵ نين، بەهەبوونی كوردستانێكی پێشکەوتوو و بەهێزو خاوەن ئابوريەكی ئازاد، له ترسی ئەوەی نەوەك رۆژێك لەڕۆژان پێشکەوتن و ئابوری کوردستان، دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بەدوادابێت و کێشەش بۆ ئەوان دروست بکات”

بازرگان پێی وایە کوردستان کارتی بەهێزی لەدەستدایەو دەتوانێ بەرانبەر بەبەغدا بەکاریبهێنێت لەوانەش”كارتی نەوت و كارتی سەرچاوەكانی ئاو، كارتی پەيوەندیيەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتانی جيهان و ئەمريكاو ئەوروپا كەئامەدەيی خۆيان نيشانداوە بەكڕينی نەوتی هەرێم لەرێگای كۆمپانيا جيهانیيەكان و بەشێوەیەکی سەربەخۆ”.

بەڵام وەک ئەو دەڵێ کورد سیاسەت دەکات و ديسان دەرفەتێکی تریش بەحکومەتی بەغدا دەدات” وەک دواین جار و دواین دەرفەت بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، لەدەرگای حكومەتی ناوەند دەدات كەمامەڵەی دروست لەگەڵ حكومەتی كوردستان بكات”.

ئەو سەرکردە تورکمانە لەکوردستان، دڵنیایە لەوەی لەئەنجامدا کوردستان سەربەخۆیی رادەگەیەنێت، چونکە جگە لەکێشەکانی لەگەڵ بەغدا “فاكتەرێكی تريش يارمەتی حكومەتی كوردستان دەدات، كە ببێتە خاوەن ئابوری سەربەخۆ، ئەويش تەنگەژەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەتايبەتی ناكۆكيیەكانی سونەو شيعە، بەڕای من لەداهاتوويیەكی نزيكدا هەرێمی سونە دادەمەزرێ، بەيارمەتی دەوڵەتە سونەكانی عەرەب و كۆماری توركيا، لێررشدا هەرێمی كوردستان سودی لێوەر دەگرێت دەگاتە کاتی بڕیاردان لەئابووریی ئازادو جيابوونەوە لەعێراق و راگەياندنی سەربەخۆيی”.

بۆ سەرکەوتنی کوردستانیش “بەرانبەر بەسیاسەتە نادروستەکانی بەغدا و بۆ ئامادەکاریی لەو پێشهاتە چاوەڕوانکراوەکانی ناوچەکە کە “وەک ئەو دەڵێ ئەنجامەکەی سەربەخۆیی کوردستانی لێ دەبینرێت، عەبدولقادر بازرگان، بەيەكڕيزی لايەنەسياسيیەكانی كوردستان، زور گرنگ وەسف دەکات، دەشڵێت” ئەوەی جێێ دڵخۆشییە لەكۆبونەوەی ١٨/٥/٢٠١٥ زۆر بەئاشكرا ئەو یەکڕیزییە بەديدەكرا “، بەڵام تەئکید لەوەش دەکاتەوە کە دەبێت”لايەنە سياسیەكانی كورد بايەخ بە پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، لەتوركمان و كلدو ئاشوريی و سريانەكان بدەن و مامەڵەی باشتريان لەگەڵ بكەن، لەپەرلەمان و دامودەزگاكانی حكومەت پێگەی بەهێزتریان پێ بدەن، هەتا ئەوانيش بتوانن هاندەر و يارمەتيدەربن بەرازيكردنی توركمانەكانی ناوچەکانی دەرەوەی ئيدارەی هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەک کەبەخۆشحاڵییەوە هاتنە سەرکوردستانیان قبوڵ بێت”.

سەرۆكی پارتی چاكسازی پێشكەوتووی توركمان، کۆبونەوەکانی نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان و نوێنەرانەرانی کوردستان لەبەغدا، بەپێویست دەزانێت و هەر لەلێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت دەڵێت”هەماهەنگی نێوان نوێنەرانی كورد لەبەغدا لەگەڵ حكومەتی هەرێم و کۆبونەوەکانیان لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی کوردستان، زۆر پێویست و گرنگە، چونكە يەكهەڵوێستی نوێنەرانی كورد لەپەڕلەمان و حكومەتی ناوەند، لەگەڵ کوردستان رێگر دەبێت لەوەی جارێكی تر حكومەتی ناوەند سوود لەپەرتەوازەيی كورد بەشێوەيەكی گشتی وەربگرێت و هاوکاریی خۆ ئامادەکردنی سیاسی کوردستانیش دەبێت بۆ هەر پێشهاتێک”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com