نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شای ئۆردۆن كۆبوونەوە و جەخت لەسەر فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرایەوە.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ههرێم بڵاوی کردەوە”لەسەر بانگهێشتی فەرمیی جەلالەتی شا عەبدوڵڵا پاشای ئۆردۆن مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی یاوەری ڕۆژی پێنجشەممە 21ـی 5ـی 2015 گەییشتە عەمانی پایتەختی شانشینی ئۆردۆن و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ئەو شارە لە لایەن ئەمیر فەیسەڵ بن حوسێن برای پاشای ئۆردۆن و ژمارەیەك لە بەرپرسانی وڵاتی ئۆردۆن پێشوازی كرا“.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا جەلالەتی شا عەبدوڵڵای پادشای ئۆردۆن لە كۆشكی پاشایەتی پێشوازی لە سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری كرد“.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”لە كۆبوونەوەیەكدا تیشك خرایە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە بە گشتی و عێراق و ڕووداوەكانی ئەم دوایەی پارێزگای ئەنبار بە تایبەتی و هەروەها بیروڕا لەبارەی چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش ئاڵوگۆڕ كرا. لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئۆردۆن خرایە بەر باس و جەخت لەسەر فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرایەوە. جێگەی ئاماژەپێكردنە سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بۆ نانی نیوەڕۆیش میوانی پادشای ئۆردۆن بوو“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”بڕیاریشە ڕۆژی هەینی 22ـی 5ـی 2015 بارزانی بەشداری كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە دەریای مردووی وڵاتی ئۆردۆن بێت“.












