شاندێكی حوسییەكان لە پاڵپشتی كردنی پارتە شیعەكانی عێراق دەكۆڵێتەوە
نوچەنێت – عەرەبی 21
لە سەردانێكدا بە مەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ مەرجەعە دینی و سیاسییە شیعییەكانی عێراق ، پێنج سەركردەی حوسییەكان گەیشتنە عێراق، كە هاوكاتە لەگەڵ ئامادە بوونی حەسەن دەهقانی وەزیری بەرگری ئێران لە بەغدا.
چەند سەرچاوەیەكی ئاگاداری عێراق ، لە چەند لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتیان ” پێنج كەسایەتی دیاری حوسییەكان بە سەرۆكایەتی محەمەد قەبەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای حوسی رۆژی سێشەممە لەگەڵ عەمار حەكیمی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە نوسینگەی خۆی لە ناوچەی كەرادەی ناوەڕاستی بەغدا كۆبوونەوە.
سەرچاوەیەك كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت پێی وابوو شاندەكە كە سەردانەكەی پێنج رۆژ دەخایەنێت پێدەچێت لەگەڵ مەرجەعیەتی شیعە لە نەجەف كۆببێتەوە، ئەمە جگە لە دیداریان لەگەڵ چەند كەسایەتیەكی سیاسی عێراقی لە ناویاندا نوری مالكی جێگری سەرۆك كۆمار.
هەر لە میانەی سەردانەكەیاندا شاندی حوسییەكان چاوی بە جاسم جەزائیری ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵەی كەتیبەكانی حیزبوڵای عێراقی سەر بە پاسدارانی ئێران كەوت .
محەمەد قەبەلی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی :” هەموو عێراق لەگەڵ گەلی یەمەنن و دژی دوژمنانن”، ئاماژەشی بەوە دا كە ئەوان هەست دەكەن لەسەر خاكی خۆیانن لەناو براكانیان لە عێراق.
سەردانی شاندی حوسییەكان بۆ عێراق هاوكاتە لەگەڵ سەردانی حەسەن دەهقانی وەزیری بەرگری ئێران بۆ بەغدا، سەرچاوەكان پێیان وایە كە ئەم سەردانە لە نێوان هەردوو لادا پێشتر رێكخراوە.
پێشتر ” كەتیبەكانی حیزبوڵالە عێراق” رایانگەیاندبوو ، كە ئەوان پشتیوانی ” ئەنساروڵای حوسییەكان” دەكەن ، دووپاتیان كردبوەوە كە ” دڵ و دەست و چەكی شۆَڕشگێڕەكان لە هەموو جیهان لەگەڵیاندایە و پشتیوانیان لێدەكات لە جەنگی حەق دژی ناحەق”.
” كەتائیبی حیزبوڵا لە عێراق” لە بەیاننامەیەكدا كە لە پێگەی فەرمی خۆیان بڵاوییان كردبوەوە كە ” ئەزمونە مەیدانییەكان سەلماندیان كە گەلی یەمەن شكست ناهێنێت و نابەزن ، ئەوان ئێستا بەرزترین ورەیان هەیە و زۆرترین سەركەوتنیان بەدەستهێناوە لە رێگەی حەقدا”.
مەرجەعییەتە شیعیە عێراقییەكانیش ئیدانەی وەك خۆیان دەڵێن ” دژمنكاری ” سعودیە بەرامبەر یەمەنیان كرد ، ئایەتوڵا شێخ بەشیر حسێن نەجەفی لە بەیاننامەیەكدا وتی جەنگ لە دژی یەمەن دەستدرێژیەكی ناڕەوا یە و هیچ بیانویەكی شەرعیی و یاسایی نیە، ئەم كارە حەرامە و خوێنی موسڵمانانی تێدا دەڕژێت و دەسترێژی دەكرێتە سەر پیرۆزییەكانی موسڵمانان بە هەموو تایەفەكانیەوە، ئەمە جەنگێكی مایەپوچە كە زیاد دەبێت بۆ مایەپوچییەكانی تری ئاسایشی ناوچەی جیهانی ئیسلامی، بۆ لێكهەڵوەشاندن و لەناوبردنی هێزە بنەڕەتییەكان و تێكشكاندنی ژێرخانی ئابووری و سیاسی و لەناوبردنی كلتورە مرۆڤایەتییەكانی.
لەلای خۆیەوە ئایەتوڵا ئەلحائیری وتی :” بە بیستنی دەستدرێژییە تاوانكارییەكانی دوور لە هەموو بەهایەكی مرۆڤانە و نەریتی نێودەوڵەتی هێزەكانی سعودیە بۆسەر گەلی موسڵمانی برامان لە ناوچە جیاوازەكانی یەمەن توشی شۆك بوین، كە بوە هۆی لەدەستدانی ژیانی چەندین خەڵكی بێتاوان”.