ئارام ئەحمەد:
شیا‌وترین گوتار د‌ژی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ئه‌و گوتاره‌یه که خه‌ونیان بزڕێنێت و که‌سایه‌تییان وردوخاش بکات
ئەوانەی هاتنه سه‌رشه‌قام و هاواری ڕێگای مۆدێڕن و سه‌رده‌میانه‌و”به‌ئاشتی به‌ئاشتی”یان به‌رز کرده‌وه ده‌سه‌ڵات ڕفاندنی و تێڵاکاری کردن
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کگرتو کۆمه‌ڵ له باشترین حاڵه‌تدا جێگای به‌زه‌ین
گۆڕان بزوتنەوەیەکی ترسنۆک و شه‌رمنە هێشتا له‌ماناکانی ئۆپۆزسیۆن بوون تێنه‌گه‌یشتوه
کاتێک ئێمه وتومانه ئه‌مانه ده‌بێت بڕۆن خودی که‌سی یه‌که‌می بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان جێگری تاڵه‌بانی بو له به‌غدا به‌شداری له نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراقدا ده‌کرد
یه‌کێتی و پارتی دوو هێزی دیکتاتۆرن و دورو نزیک په‌یوه‌ندیان به هه‌ڵبژاردن و دیموکراسییه‌وه نییه
رزگار رەزاچوچانی/ نوچەنێت
بەشی یەکەم
ئارام ئەحمەد، لە شارۆچکەی پێنجوێنی باشوری کوردستان لەدایک بووە، و لەکاتی شەڕی ئێران عێراق دەچێتە سلێمانی، لەوێ خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی تەواو دەکات، وەک خۆی دەڵێت خاوەنی دەیان شعر‌و قەسیدەو سەدان وتارە، لەساڵی ١٩٩٦ ەوە لە هۆڵەندا دەژی. ئارام یەکێک لە ستافی ماڵپەڕی کوردستان پۆستەو بەڕێوەبەری ژوری کوردستان دەنگی ئۆپۆزسیۆنە، لەپاڵتاک، لەوێ بەردەوام بەزمانێکی زۆر توند دژ بە دەسەڵاتی کوردستان قسە دەکات و لەنوسینەکانیدا زۆر کات بەزمانێکی توند دەنوسێت، کە لەبنەماکانی نوسین و رەخنە دوور دەکەوێتەوە، بەڵام ئەوەی چاودێری نوسینەکانی کردبێت، هەست دەکات دوورکەوتنەوەکەی بەمەبەستە، نەک بەهۆی ئەوە بێت ئاگایی لەو بوارە نەبێت، نوچەنێت ئەم گفتوگۆ درێژە لەگەڵ ئارام ئەحمەد دەکات و لەباری نوسین و مەبەستەکانی لەو بارەوە پرسیار دەکات.
نوچەنێت/ ئێوە لە ژوری ئۆپۆزسیۆن لەپاڵتاک، رای دەگەیەنن سەربەخۆن بەڵام بە ئاشکرا بە خیتاب و قسەکانتاندا لاگری دیارە، هۆی ئەم لا گرییە چییە؟.
ئارام ئەحمەد/ سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه بزانین که ژووری کوردستان ده‌نگی ئۆپۆزسیۆن، ڕێکخراوه‌یه‌ک نییه تا ئایدۆلۆژیایه‌کی زه‌مینی، یان ئاسمانی هه‌ڵبژاردبێت و له سه‌ری کاربکات و له‌وێوه په‌یامی خۆی به کۆمه‌ڵگا بگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو ژورێکه له‌وپه‌ڕی چه‌په‌وه تا ئه‌وپه‌ڕی ڕاست، تێدا قسه‌ده‌کات، که هه‌رکه‌سه به به‌شی خۆی، یان هه‌ویه‌ی حیزب و ڕێكخراوه‌یه‌کی له گیرفاندایه، یان سه‌ر به ئایدۆلۆژیایه‌کی دیاریکراوه‌و خوێندنه‌وه‌ی خۆی هه‌یه، بۆ دنیا‌و ده‌وروبه‌ر، به‌شێکی که‌میشیان عه‌شوای قسه‌ده‌که‌ن و ته‌نها کاتمان ده‌کوژن، به‌ڵام له کولدا ژوره‌که سه‌ربه‌خۆیه‌و، ئه‌وه‌ی که له پرسیاره‌که‌ی تێبگه‌م، ئه‌وه‌یه.
به‌ڵێ له ساته‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌کان وهاتنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه، زۆربه‌ی ئه‌م ژوره به خۆیشمه‌وه لایانگری له‌و بزوتنه‌وه‌یه کردوه، به‌ڵام دۆست و دوژمنانیشمان ئه‌وه ده‌زانن، توندترین ڕه‌خنه‌شمان له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان گرتوه‌و، له‌هه‌ر جوڵه‌یه‌کیاندا که لامان قابیلی قبوڵ نه‌بوبێت، ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌رشیفی من له کوردستان پۆست بکه‌یت، چه‌ندین وتاری ئاگراویم هه‌یه د‌ژی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه، وه‌لێ هه‌م ده‌نگمان پێداوه هه‌م پشتیوانیمان کردووه، به بێ ئه‌وه‌ی هه‌مو هێلکه‌کانمان خسبێته ناو سه‌به‌ته‌که‌یه‌وه، هه‌ویه‌ی ئه‌وانمان له گیرفانمان نابێت، ئه‌وه‌ش قه‌رار گرتنێک بوه، له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی زاڵداو نه‌بونی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕادیکاڵی جدی وپێداگر، که ئاشته‌وای له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا له باوه‌ڕو دنیا بینیه‌که‌یدا و جودی نه‌بێت، تا ئێستا ئێمه خاوه‌نی ئۆپۆزسیۆنێكی ئاوا نین، له یه‌ک دێڕدا بڵێم، ئێمه له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوبنه‌ماڵه‌دا پشتیوانیمان له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان کردوه‌و، پێمان وایه که به جۆرێک له جۆره‌کان، ڕۆڵی هه‌بوه له شڵه‌قاندنی گۆمه‌که‌دا، تا ئه‌وکاته‌ی له‌به‌ره‌ی خه‌ڵكدا بێت و د‌ژی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته هه‌نگاو بنێ ده‌کرێ پشتیوانی لێبکه‌ین.
پێویسته ئه‌و ڕاستیه‌ش بڵێم، ته‌عامولی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ته‌عامولێکی دۆستانه نه‌بوه، هه‌میشه حه‌زه‌ریان له ئێمه کردوه‌و له‌گه‌ڵ زمانی ئێمه نه‌بوون و چه‌شنی ده‌سه‌ڵات زمانی ئێمه‌یان به توند وه‌سف کردوه‌و، ته‌نانه‌ت له میدیاکانی ئه‌واندا حه‌سارمان له‌سه‌ر بوه‌و نه‌یانهێشتوه یه‌ک ووشه‌مان ده‌رکه‌وێت، هه‌تا من وه‌ک ئارام ئه‌حمه‌د، له کۆمینتاره‌کانی سایتی سبه‌یشدا جێگام نییه‌و، زۆرجاران دێڕێکم نوسیوه که زۆر ساده بوه‌و هیچ ته‌شهیرێک یان سوکایه‌تیه‌ک” به‌قه‌ولی ئه‌وان” ی تێیدا نه‌بوه، ته‌نها ناوه‌که‌م به‌س بوه بۆ ئه‌وه‌ی که هیچمان له‌وێدا بڵاو نه‌بێته‌وه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و کۆمینتاره‌م به ناوێكی تره‌وه نوسیوه بڵاو بۆته‌وه، واته ئێمه تاک لایه‌نه پشتیوانیمان له‌و بزوتنه‌وه‌یه کردوه‌و چاوه‌ڕوانیه‌کیشمان لێی نه‌بوه.
نوچەنێت/ چەند پرسیارێکت وروژاند، وتاری ئاگراوی!!، ئاخر وتاری ئاگری و رۆشنبیر زۆر دوورن لەیەک، رۆشنبیر ئەوەیە کە بە شیا‌وترین زمانیش رەخنەی خۆی بگرێت و لەئامانجی خۆشی بدات، نەک ئاگر بەوشە بکاتەوە، بۆچی وتاری ئاگراوی؟.
ئارام ئەحمەد/ ته‌فسیری وتاری ئاگراوی، واته وتارێک که لێدان بێت له قازانجه‌کانی پیاوانی ده‌سه‌ڵات، دوره له وتاری به زۆربه گوڵ کراو بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی تاكی کورد، بڕیارێکی وا نییه، وتاری ڕۆشنبیریی”شیاو”، نازانین کێیه ئه‌مه‌ی دابه‌ش کردوه، ئه‌گه‌ر خۆی به دڵی بوو ئه‌وه”شیاوه”ئه‌گه‌ر نا شیاو نییه، ئه‌م له قاڵبدانه هه‌ست ده‌که‌م، بۆ ته‌نگه نه‌فه‌سکردنی ئینسان دروستکراوه.
له ته‌واوی ئه‌ده‌بیاتی دونیادا، توڕه بون و وتاری ئاگراوی و هۆنراوه‌ی ئاگراویش بوونی هه‌بوه‌و هه‌یه، به‌کر عه‌لی شاعیر شتێکی ئاوای هه‌یه “ژن له‌م وڵاته‌دا وه‌ک په‌رداخ وایه، فه‌یله‌سوفێک و گه‌مژه‌یه‌ک وه‌ک یه‌ک ئاوی تێدا ده‌خۆنه‌وه” ده‌کرێت ئه‌مه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت که ژنێک به توندترین شێوه ئازاری به هه‌ستی به‌کر عه‌لی گه‌یاندبێت، ئه‌ویش وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌ک ئه‌و وێنا بونه‌ی له‌سه‌رژن له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دای خولقاندبێت.
له کۆبونه‌وه‌ی پارتی به‌لشه‌فیکدا، که مه‌نشیفیکه‌کان زۆرترین ده‌نگ دێنن ونفوسی لینین و به‌ڵشیفیه‌که‌کان زۆر که‌م ده‌بن، لینین پێڵاوه‌کانی داده‌که‌نێت و ده‌یخاته سه‌ر مێزه‌که‌و ده‌ڕوات، به‌بۆچونی من وتاری ئاگروای دژ به‌وئه‌قڵانه‌یه، که ڕۆژانه به کرده‌وه‌کانیان گیانی خه‌ڵكی ده‌سوتێنن، یه‌کێتی و پارتی ده‌یان هه‌زار که‌سیان کوشتوه، سوکایه‌تی نه‌ماوه به عه‌مه‌لی به مرۆڤیان نه‌کردبێت، وه‌لێ ئێمه له به‌رامبه‌ر هه‌مو ئه‌م به‌ربه‌ریه‌ته‌دا وتاری توند‌و ئاگراویمان نوسیوه، د‌ژی ده‌سه‌ڵاتێک که مه‌جالێکی بۆ هیچ به‌یه‌که‌و ژیانێک نه‌هێشتۆته‌وه.
من ده‌توانم له‌سه‌ر ئه‌وه پێداگری بکه‌م و بڵێم، ئه‌م جۆره زمان و وتاره ئاگراوییه، له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شدا هه‌ده‌فی خۆی پێکاوه، به‌ڵام که‌سێک ناتوانێت پێمان بڵێت، که ئه‌و جۆره گوتاره سیاسییه‌ی که تۆ وته‌نی به”شیا‌وترین زمانیش” نه‌یتوانیوه یه‌ک هه‌نگاو بڕ بکات. ئه‌وانه‌ی که ده‌ورانێک ئه‌م شیعاراتانه‌یان ڕوو به ئێمه فڕێ ده‌دا، بینیمان هاتنه سه‌رشه‌قام و هاواری ڕێگای مۆدێڕن و سه‌رده‌میانه‌و”به‌ئاشتی به‌ئاشتی”یان به‌رز کرده‌وه، کاردانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ڕفاندن وتێڵاکاری بوو بۆ ئه‌وان، به‌شێکی تریشیان ئێستا زمانیان زۆر له ئێمه تونتره، هه‌ر له ڕه‌هه‌ندیه‌کانه‌وه تا ئه‌وانه‌ی له وه‌سه‌تی “ڕه‌خنه به‌گوڵ و گوتاری ئاگراویدا” قه‌راریان گرتبوو، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات گوێی نه‌گرت.
ئه‌زیزه‌که‌م، ده‌سه‌ڵاتێک کۆنه پێشمه‌رگه‌ی خۆی، که هه‌مو ته‌مه‌نی له ناو یه‌کێتیدا سه‌رف کردوه، له‌سه‌ر بیروڕای جیاواز بڕفێنێت و له ماوه‌ی بیست‌و چوار سه‌عاتدا، چل جار کاره‌بای لێبدات، کامه زمانه ئه‌وه نده داماو هاتنه سه‌رچۆکاوییه، به ناوی گوایە گوتاری ڕۆشنبیری ده‌بێت نه‌رم و نیان بێ، تا ته‌یفێک له ڕۆشنبیران مه‌دالیای”شیا‌وترین”ڕێگای به‌یه‌خه‌دا بکه‌ن، نه چاوه‌که‌م له هزری مندا، شیا‌وترین گوتار د‌ژی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ئه‌و گوتاره‌یه که خه‌ونیان بزڕێنێت و که‌سایه‌تییان وردوخاش بکات، تا ببنه نمونه بۆ نه‌وه‌کانی ئاینده‌و، که‌س نه‌توانێتت نیشتیمان و ئابڕوی نه‌ته‌وه‌که‌ی بفرۆشێت.
نوچەنێت/ تۆ ئۆپۆزیسیۆنێک بەپێویست دەبینی، کە ئاشتی لەگەڵ دەسەڵات لە فەرهەنگیدا نەبێت، کەوایە دەبێت شەڕ بکات، کام شەڕت پێ باشە، ئەوەی کە لەهەموو دنیا پێی دەڵێن دیموکراسی و هەڵبژاردن؟ یان ئەوەی کە بەچەک دەکرێت و ئەنجامەکەی خوێن ڕشتنە؟.
ئارام ئەحمەد/ ئه‌و ڕێگایه‌ی که پێی ده‌ڵێن دیموکراسی و هه‌ڵبژاردن، بۆ کۆمه‌ڵگایه‌ک و ده‌سه‌ڵاتێک ده‌خوات، که‌دیموکراسی تێیدا مانای هه‌بێت، من وایده‌بینم دیموکراسی له کوردستاندا وه‌همه، جگه له کۆمه‌ڵێک ئیدعاییه شتێکی تر نییه، چۆن کاتی خۆی به‌عسیه‌کان شیعاری”وه‌حده حوڕییه ئیشتراکیه”یه‌یان به یه‌خه‌ی هه‌موو شه‌قامه‌کانی عێراقدا هه‌ڵواسیبو، به‌ڵام ته‌نور بۆ تواننه‌وه‌ی جه‌سته‌ی تاکه‌کانی عێراق و هه‌موو ماناکانی داخرابوو، له‌کوردستانیشدا هه‌مان شته‌و من وه‌ک خۆم به قه‌ده‌ر سه‌ره ده‌رزییه‌ک جیاوازی له به‌ینی سه‌رانی ئه‌مڕۆی پارتی و یه‌کێتی و به‌عسیه‌کاندا نابینم.
ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی که له ئاسیای ئێمه‌دا ڕوویدا، له‌رزینی کورسی دیکتاتۆره‌کان و په‌لاماری خه‌ڵک، بۆ جارێکی تر سه‌لماندی، که ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن دیموکراسی و ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات لەڕێگای سندوقه‌کانی ده‌نگدانه‌وه گاڵته‌جاڕییه، دیموکراسی ڕاسته‌قینه‌و نیمچه دیموکراسیش له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌دا نه‌یتوانیوه بونی هه‌بێت، سه‌رۆکی میسر‌و تونس و هه‌مودیکتاتۆره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا له %99 یان ده‌هێنا، به سه‌دام حسه‌ینیشه‌وه، که‌واته ئه‌و ناوچه‌یه هێشتا زۆری ماوه مومارسه‌ی دیموکراسیه‌کی واقعی بکات و له ڕێگای سندوقه‌کانی ده‌نگدانه‌وه، ئاڵوگۆڕ بێته دی، ئه‌قڵیه‌تی باوه‌ڕبون به ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵات، له که‌له‌سه‌ری ئه‌م دیکتاتۆرانه‌دا چه‌که‌ره‌یشی نه‌کردوه، به‌و مانایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆر سه‌ر له‌به‌ری ئه‌م ڕێگایانه‌ی داخستوه، ئه‌وه‌ی که له دنیای ئێمه‌دا ڕویدا‌و ئێستایش ڕوو ده‌دا، سه‌لماندی که هێشتا سه‌رده‌می شۆڕش و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه ماناکانی وه‌ک خۆی ماوه‌و، پێویسته له وڵاته دیکتاتۆره‌کاندا، به قه‌هرو توڕه بوون، واته به ڕاپه‌ڕین و هاتنە سه‌رشه‌قام و په‌لامار ده‌سه‌ڵات بڕوخێنیت، وه‌ک ئه‌وه‌ی ساڵی 79 له ئێران‌دا ڕوی دا‌و له ڕۆمانیای شاوسیسکۆدا ڕووی دا‌و، هه‌نوکه‌یش له ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیه‌کاندا ڕوی داوه‌و ڕویش ده‌دات، بۆیه ئێمه باوه‌ڕمان به‌وه هه‌یه که.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌کێتی و پارتی دوو هێزی دیکتاتۆرن و دورو نزیک په‌یوه‌ندیان به هه‌ڵبژاردن و دیموکراسییه‌وه نییه، به زه‌بری چه‌ک و پاره‌و هه‌ڵبژاردنێکی ناپاک و ته‌زویر سوار ملی کۆمه‌ڵگا بوون، که‌واته ده‌بێت له ڕێگای ڕاپه‌ڕین و شۆڕشه‌وه بخرێنه ئه‌و لاوه، به داخیشه‌وه که خوێنی تێدا ده‌ڕژێت، نه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئێمه وامان ده‌وێت، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت، دیکتاتۆره‌کان ده‌یانه‌وێت، ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته تینوه به خوێن، نه‌ک ئێمه قوربانیه‌کانی مێژو، به‌ڵام له‌پێناوی گه‌ڕانه‌وه‌ی حورمه‌تی شکاوماندا به ده‌ستی تاڵه‌بانی و بارزانی و دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگایه‌کی دیموکرات و سه‌رده‌میانه‌دا، ده‌بێت ئه‌و قوربانییه بده‌ین و ده‌بێت ته‌نها به‌ڕاپه‌ڕین و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه د‌ژی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بێینه مه‌یدان، و ئاڵوگۆڕ له ڕێگای سندوقی ده‌نگدانی پڕ له ته‌زویرو ساخته‌کاری و دیموکراسی ساخته، مایه پوچه له کوردستاندا، وه‌همێكی قوڵه‌و پیاوی ئاقڵ ناتوانێت ئاوا بیر بکاته‌وه، ئه‌وه‌ی که ئێستایش بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کگرتو کۆمه‌ڵ ده‌یکه‌ن له باشترین حاڵه‌تدا جێگای به‌زه‌ین و له خۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و خه‌ڵک هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن بترازێت، شتێکی تری تێدا به‌دیناکه‌م.
نوچەنێت/ وتت لە ماڵپەڕی سبەی تەنانەت ڕێی نوسینی کۆمێنتارێکیشت پێ نادرێ، ئەی چۆن پشتیوانیەکت هەیە بۆ ئۆپۆزسیۆن؟ کاتێک کە ڕێگات نەدەن کۆمێنتارێک بنوسی؟، پێت وایە بەیاسای ئەوانیش دادگایی بکرێیت، لەسەر وتار‌و قسەکانت چی حوکمێک ئەدرێی؟ ئەی ئەوەش ڕێگری لە ئازادی نیە؟ کەوایە چی دەگۆڕن، ئەوان کە بۆخۆشیان وابن؟.
ئارام ئەحمەد/ به‌ڵێ ئه‌وه ڕاستیه‌که‌و ئه‌و میدیانه‌ی سه‌ربه‌گۆڕانن له‌به‌رخاتری مجامه‌له‌ی ده‌سه‌ڵات، ڕێگا به ئێمه ناده‌ن هه‌ناسه‌یه‌کمان له میدیاکانی ئه‌وانه‌وه بێته ده‌ره‌وه، به‌و مانایه‌ی نایه‌وێت ده‌سه‌ڵات پێی بڵێت، ئه‌مانه له‌گه‌ڵ تۆن، که له‌گه‌ڵیشی نه‌بووین، به‌داخه‌وه ئه‌مه ترسنۆکی و شه‌رمنی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه، بزوتنه‌وه‌یه‌که که هێشتا له‌ماناکانی ئۆپۆزسیۆن بوون تێنه‌گه‌یشتوه‌و، وه‌ک سه‌رده‌می ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کان باوه‌ڕی به دانوستاندن و دانیشتن وئاشت بونه‌وه‌هه‌یه، وه‌ک چۆن زیاترله 50 ساڵه گه‌لی فه‌له‌ستین قوربانی کۆمه‌ڵێک بازرگانه‌و نه‌بۆته خاوه‌نی بزوتنه‌وه‌یه‌کی ڕادیکاڵی پێشکه‌وتوخواز، بۆ ڕزگاری و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ، ئێمه‌یش خاوه‌نی ئۆپۆزسیۆنێکی ڕادیکاڵی قاتع و پێ‌داگر نین له‌سه‌ر مافه‌کانی خه‌ڵك که سازش نه‌زانێت و خه‌ریکی به‌جێهێنانی ئه‌رکه‌کانی خۆیان بن وه‌ک ئۆپۆزسیۆن، بۆ گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه ده‌کرێت ئه‌وپرسیاره له خۆیان بکرێت و پێیان بوترێ، ئێوه که خۆتان به ئۆپۆزسیۆن ده‌زانن، چ خه‌به‌ره وڕێگا به نه‌یارانی ده‌سه‌ڵات ناده‌ن له میدیاکانتانه‌وه ده‌رکه‌ون؟.
نوچەنێت/ بۆچی خەڵکی لەدژی دەسەڵات، دەتوانێ بەهەموو توانای خۆی قسە بکات جنێوبدات، تەشهیر بکات، بەڵام لاگری دەسەڵات لای ئێوەو لەژورەکەی ئیوە، ناتوانێ قسەبکات، بۆ نمونە من شەوێک گوێم گرت، چەند کەسێک بەزمانێک قسەیان بەسەرکردەکانی کورد دەوت، کە ناکرێ لێرەدا بینوسین، بەڵام کەسێک هاتە سەر میک و بەهەمان زمان باسی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی کرد، ناوەکەی سورکراو کرایە دەرەوە، بەڕاست ئەمە ناو دەنێی چی؟ جیا لە ئازاد نەبون؟، ئەگەر ئێوە تەشهیرتان پێ خۆش نیە، بۆ خەڵک بەرانبەر خەڵکێکی تر دەیکات؟ ئەگەر بۆ ئەوان ئازادی تەشهیر هەبێت؟ بۆچی بۆ بەرانبەرەکانیش نەبێت؟
ئارام ئەحمەد/ به درێژایی مێژوی سیاسی و ئه‌ده‌بیم، نیگه‌رانیم هه‌بوه له‌وه‌ی که تاکی کوردی به بۆنه‌ی ئه‌و فه‌زا ناشیرینه‌ی مێژوی ئه‌حزابه‌کانی کورده‌وه، له مێژوی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌دا ڕه‌سمیان کردوه، هێشتا له‌ماناکانی ئازادی تێنه‌گه‌یشتوون و به‌ته‌وای هه‌ق ناده‌ن به‌وه‌ی که دیالۆگوگفتوگۆ بۆچییه‌و ماناکانی چییه‌و قازانجی چییه‌و ده‌مانه‌وێت به گفت‌و گۆ چی به‌یه‌کتر بڵێین و چێ فێر ببین و چی ببه‌خشین به به‌رامبه‌ر، هه‌میشه شه‌ڕمان له‌سه‌ر ئازادی کردوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه سه‌رکه‌وتو نه‌بووین، که بتوانین له‌م ڕووه‌وه بێکه‌م وکورتی بین، فه‌رهه‌نگی یه‌کتر سڕینه‌وه‌و زمان بڕین که تا ئێستا باڵایه، فه‌رهه‌نگی جه‌لالیه‌کان ومه‌لاییه‌کانه، که ده‌بێت زۆرترین قوربانی بده‌ین، تا ئه‌م فه‌رهه‌نگه نزمه ڕیشه‌کێش بکه‌ین،
ئه‌وه‌شتان بیر نه‌چێت ئێمه خه‌ڵکانێكین که تێڕوانینه‌کانمان له چه‌ندین ساڵی ڕابردودا له‌ناو کۆمه‌ڵگادا جێگای گرتوه‌و ڕیزێكی زۆر له‌ئینسانه‌کانی کۆمه‌ڵگا گوێمان لێده‌گرن، ئه‌م خه‌ته سیاسییه تونده، سازش نازانێ و ئاشتبونه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا لای مردوه‌و، باوه‌ڕی به چاکسازی و مانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته نییه‌و، پێشنیارێکی وای نییه بۆ یه‌کێتی و پارتی، به‌ڵكو پێمان وایه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته وه‌ک چۆن سوتو جگه‌ره نابێته‌وه به جگه‌ره‌و ناچێته‌وه ناو پاکه‌ته‌که‌ی، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش ڕیفۆرم هه‌ڵناگرێت و له هه‌ڵوه‌ریندایه، بۆیه ئێمه ته‌نها سێ وشه‌مان بۆئه‌م ده‌سه‌ڵاته هه‌یه”ئێوه ده‌بێت بڕۆن” له‌مه به‌ده‌ر شتێکمان نییه بۆیان، واته ئێمه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات له شه‌ڕداین، له جه‌بهه ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌کانی شه‌ڕیشدا زمانی ئارام و گفتوگۆی ته‌ندروست مانایه‌کی نامێنێت، له‌مه‌ش به‌ده‌ر ڕه‌نگه جه‌نابتان نمونه‌یه‌کتان لابێت، ئه‌دمینێک له کاتێكی دیاریکراودا ئه‌وه‌ی کردبێت، ئه‌مه ناکاته سیاسه‌تی هه‌مو ژوره‌که، لێڕه‌دا ده‌بێت هه‌لومه‌رجه‌که له‌به‌رچاو بگرین، وه‌ختێک ده‌بینین، گه‌رمیان له چه‌مچەماڵ خه‌ڵتانی خوێن ده‌کرێت، ڕێژوانه‌کان و شێرزاده‌کان شه‌هید ده‌کرێن، ئایه له‌م کاته‌دا گوێگرتن له‌پارتیه‌کی که‌ڕو کوێر، که ئه‌مه نابینێ و ویژدانی خۆی فرۆشتوه‌و به‌ڕه‌وای ده‌زانێت، پارته‌که‌ی ئه‌م هه‌موو خوێنه‌ی ڕشتوه، میکی بده‌ینێ که چی بڵێت؟ له کاتێکدا ئێمه جه‌رگمان خوێنه و چاوی شارێک پڕ له فرمێسکه، له‌کاتێکدا که خوێندکارانی زانکۆ ده‌برێته ده‌ره‌وه‌ی شار‌و سوکایه‌تیان پێده‌کرێت، له کاتێکدا لوله‌ی ده‌بابه ده‌نرێت به ماڵانه‌وه‌و، شه‌وانه خه‌ڵكی ناتوانن، به ئارامی له ماڵه‌کانی خۆیاندا بخه‌ون، گوێگرتن له خه‌ڵكانێک که ڕه‌واییه‌ت ده‌دا، به‌م به‌ربه‌ریه‌ت و دیکاتتۆریه‌ته و به فرمێسکی خه‌ڵكی پێده‌که‌نێت، کام جۆر ئازادییه؟ به‌ڕاست ئه‌مه گاڵته‌کردنه به ئازادی یان نه؟ ئه‌وان به پاره‌ی خه‌ڵك سه‌دان میدیایان هه‌یه بیست وچوارسه‌عاته خه‌ریکی پێچانه‌وه‌ی درۆ‌و گێژکردنی خه‌ڵكن، مه‌عقوله به ناوی ئازادییه‌وه بێنه ئێره‌و ئه‌م ژوره‌یشیان بۆ ته‌رخان بکه‌ین ژه‌هری خۆیان بڕێژن؟ هه‌رچه‌نده له مانه‌ش گوزه‌راوین و به‌درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ی له ناو پاڵتاکدام، ته‌واوی پارته‌کان له‌م ژوره‌دا قسه‌یان کردوه‌و ڕاکانی خۆیان وتوه‌و له باوه‌ڕبونی ته‌واومان به ئازادیی قبوڵـمان کردوه، به‌ڵام وه‌ختێک له کوردستان خوێن ده‌ڕێژن، ده‌کرێت له سه‌رقسه‌ی نابه‌جێ پارتیه‌ک یان یه‌کێتیه‌ک، که گاڵته به‌شعوردی ژوره‌که ده‌کات، ده‌ربکرێت یان سور بکرێت، پارتیه‌کان و یه‌کێتیه‌کان هیچیان نه‌ماوه، جوێندان نه‌بێت، شه‌وانه‌و ڕۆژانه هه‌زاران جوێنمان پێده‌درێت، که ته‌نها ئێـمه‌ین ته‌حه‌مولی ئه‌وه ده‌که‌ین، خۆ ئه‌گه‌ر له کوردستانیش بوینایه هه‌ر که‌سێکمان چاره‌نوسی سه‌رده‌شتێكی ده‌بو.
قسه‌کانی ئێمه به ڕوانینی خۆمان ناچێته خانه‌ی سوکایه‌تییه‌وه، ئێمه به دز ده‌ڵێێن دزو به خائین ده‌ڵێن خائین و به وڵات فرۆش ده‌ڵێین وڵات فرۆش، ئاماده‌ین ته‌واوی قسه‌کانمان له دادگایه‌کی سه‌ربه‌خۆدا بسه‌لمێنین.
نوچەنێت/ سەرەتا باسی ئەوە دەکەی کە دەسەڵات لەزمانی حیوار تێناگات، دواتریش بۆخۆت باسی ئەوە دەکەی کە ئێوە بڕیارتان داوە حیوار لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە نەکەن، ئەگەر لەسەرەتای وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە و کۆتایی وەڵامەکەت رامێنی، تەناقوزی زۆر دەبینی، بۆچی؟
ئارام ئەحمەد/ من ته‌ناقوزێک له قسه‌و باسه‌کاندا نابینم ، به‌و مانایه‌ی ئێمه ئه‌و قۆناغه‌مان تێپه‌ڕاندوه، سه‌رده‌مانێک ڕه‌خنه‌مان له ده‌سه‌ڵات ده‌گرت، پێمان وابو ده‌کرێت هه‌وڵی چاره‌سه‌ری بده‌ین به زمانێکی سه‌رده‌میانه‌و دوربێت له‌هه‌ر توڕه‌بونێک، ئه‌وقۆناغه مێژوییه به‌سه‌رچوه‌و ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ ساڵانی دوای نه‌وه‌دو یه‌ک تا 94 یش، به‌ڵام ئه‌وان هه‌موو ئه‌و ڕێگایانه‌یان بڕی و شه‌ڕیان هێنایه ناو ماڵه‌کانمان ته‌نها له پێناوی ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا، ئه‌وسه‌رده‌مانه باوی حیوار‌و زمانی گوڵ مابوو، ئێستا ده‌سه‌ڵات “ده‌بێت بڕوات” نه‌ک ئه‌وه‌ی حیواری له‌گه‌ڵ بکه‌ین، حیوار له‌گه‌ڵ کێ؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وچه‌ک بازانه‌ی ناوده‌می سه‌رده‌شتیان پڕ کرد له گوله؟ ئه‌وانه‌ی سۆرانیان کوشت؟ ئه‌وانه‌ی که ڕێژوان و گه‌رمیان و بیلال و شێرزادو هه‌ردی و چه‌ندین منداڵی تریان خه‌ڵتانی خوێن کرد‌و شارێکیان تازیه بار کرد؟ نه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ئیتر شایانی مانه‌وه نییه، کاتێک حیوار‌و گفت‌و گۆ مانای هه‌یه، که مانایه‌ک بۆ به یه‌که‌وه ژیان مابێت، که ئینسان حه‌وسه‌ڵه‌ی هه‌بێت وه‌ڵامی سڵاوی ده‌سه‌ڵاتێک بداته‌وه، یان ده‌ستێکی ماڵئاوایی بۆ به‌رز بکاته‌وه، که نه‌ماوه ئیتر پێویستیمان به‌و زمانه نییه‌و، ئه‌وده‌سه‌ڵاته ته‌نها چاره‌سه‌ری له‌ڕه‌گه‌وه هه‌ڵکێشان و توڕهه‌ڵدانه.
نوچەنێت/ ئەوەشت وت، فەرهەنگی سڕینەوەو زمان بڕین هی پارتی و یەکێتی یە، زۆری دەوێ تا دەیسڕنەوە، بەڕاست ئەو شێوازە قسەکردنەی تۆش بەشێوەیەک لە شێوەکان فەرهەنگی سڕینەوە نیە؟ کەوایە خاڵی جیاوازییەکەی خۆتان و ئەو دەسەڵاتەم بۆ باس بکە کەباسی دەکەی، وەک دەڵێی ئەوان ئێوە دەسڕنەوە، چونکە بڕواتان پێیان نیە، بەڵام ئێوەش هەوڵی سڕینەوەی ئەوان ئەدەن، چونکە بڕواتان پێیان نیە، هەردوولا سڕینەوە، چیتان جیاوازترە؟، کە ئێوەش سڕینەوەی بێ حیوارتان دەوێ؟.
ئارام ئەحمەد/ با نمونه‌یه‌کت بۆ بهێنمه‌وه، یه‌کێتی و پارتی به پاره‌ی من و تۆ‌و ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه سه‌دان میدیایان هه‌یه و ڕۆژانه کۆمه‌ڵگا به ڕه‌شترین وتار‌و درۆبازی داگیرده‌که‌ن، ئێمه‌ش له به‌رامبه‌ردا لاوازترین”لاواز له باره‌ی نه‌بونی مه‌سه‌له‌ی ماڵی”یه‌وه میدیامان هه‌یه، به ته‌سه‌وری من خیانه‌ته فرسه‌ت بده‌ین به قه‌ڵه‌م و زمانی ئه‌وان له‌و که‌ناڵه زۆر بچوکانه‌ی که ئێمه به‌ده‌ستمانه‌وه‌یه بێنه گۆ، که تا حه‌دێک و له‌باوه‌ڕی بونمان به ئازادییه‌وه مه‌جالیشمان داوه، ئه‌وان زه‌به‌لاحترین میدیایان هه‌یه، له‌سه‌ر حسابی ئێمه، ئیدی بۆ ده‌بێت فرسه‌ت بده‌ین به گوتاری ئه‌وان لای ئێمه‌وه چاو هه‌ڵبێنێت؟ دیاره به ناوی ئازادی و”جا فه‌رقمان چییه‌و، نابێت وه‌ک ئه‌وان بکه‌ین، ئه‌وان ئێمه ده‌سڕنه‌وه، نابێت ئێمه ئه‌وان بسڕێنه‌وه‌و، ئه‌گه‌ر وامانکرد جیاوازیه‌کانمان چییه” به بڕوای من ئه‌م جۆره ته‌سه‌وره خۆش خزمه‌تییه به ده‌سه‌ڵات، به بێ ئه‌وه‌ی بکه‌ره‌که‌ی به خۆی بزانێت، تێگه‌یشتنێکی نادروسته، به‌ڵام به‌ناوی ئازادییه‌وه، به‌ناوی ئه‌وه‌ی نابێت ئێمه وه‌ک ئه‌وان بین، که ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌که “وه‌ک ئه‌وان بوون” نییه، ئاخر ئه‌گه‌ر وه‌ک ئه‌وان بیربکه‌ینه‌وه‌و له مڕۆو سبه‌ینێدا وه‌ک ئه‌وان زمان ببڕین، که‌واته بۆ د‌ژی ئه‌وانین و ده‌کرێت، هه‌ر ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌وان لە سه‌نگه‌ری زمان بڕیندا به‌شداری بکه‌ین، کێشه‌که ئه‌وه‌یه ئێمه د‌ژی ئه‌و دنیایه‌ین، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ئاماده‌ین گیانی خۆیشمان دانێن بۆ خولقاندنی کۆمه‌ڵگایه‌ک که دور بێت له زمان بڕین و ئه‌قڵیه‌تی یه‌کتر سڕینه‌وه، به‌ڵێ دو جۆر یه‌کتر سڕینه‌وه هه‌یه که ته‌نها یه‌کێیکیان ڕه‌وایه، وه‌ختێک چه‌وساوه‌کان، چه‌وسێنه‌ران ده‌سڕنه‌وه، نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست داگیرکه‌ران ده‌سڕێته‌وه، وه‌ختێک زیندانی سه‌جان ده‌سڕێته‌وه، بۆیه به‌ئاشکرا ده‌ڵێم به‌ڵێ بۆ سڕینه‌وه‌ی هه‌ردوو دیکتاتۆر له کوردستان، خاڵی دووه‌م که قابیلی قبوڵ نییه‌و نابێت بسڕێته‌وه، ئه‌و کاته‌یه داگیرکه‌رێک نه‌ته‌وه‌یه‌کی زوڵم لێکراو ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌و خاکه‌که‌ی داگیرده‌کات و ده‌یه‌وێت بیسڕێته‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی به دێژایی مێژوو داگیرکه‌ران ده‌یانه‌وێت و ویستویانه ئێمه بسڕنه‌وه.
بۆچی جیاوازی ناکه‌ن له بەینی ئه‌وانه‌ی له سه‌ر بانی لقی چواره‌وه منداڵان ده‌ده‌نه به‌رڕێژنه‌ی گوله و خودی منداڵه‌کان؟ بۆچی به‌م بیانوانه‌وه ڕێگا ناده‌ن ئێمه به‌وان بڵێێن، ئێوه جه‌لادو پیاو کوژن و ده‌بێت نه‌مێنن و ئێوه ناتوانن کۆمه‌ڵگا به‌ڕێوه به‌رن، ده‌بێت ئه‌م ئه‌قڵه‌ی ئێوه له کۆمه‌ڵگادا بسڕێته‌وه؟.
نوچەنێت/ لەجێیەک دەڵێی، ئێمە تەنها ئەوەمان هەیە کە دەڵێین دەبێت ئەم دەسەڵاتە بڕوات، بەڵام ئەمە هاوپەیامیتان دەسەلمێنێت، چونکە پێشتر دروست ئەم قسەی تۆ لە راپۆرتی رەسمی کەناڵی کەی ئێن ئێن بیستراوە، تۆ ئەزانی هاوپەیامی بەو زەقییە ئەو قسەی تۆ رەتدەکاتەوە، کە ئێوە زۆر دوورن لە راگەیاندن و ئامانجی راگەیاندنی ئەوان؟.
ئارام ئەحمەد/ به‌ڕاستی پێویسته وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌یه، باسی ئه‌م مێژوه بکه‌ین، واته لانی که‌م مێژوی ئه‌م بیست ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی، ده‌زانم له زۆر ڕوه‌وه بوینه‌ته سه‌ربازی ون، به‌ڵام دڵخۆشم به‌وه‌ی ڕۆژێک دادێت که هه‌مو که‌س ڕاستییه‌کانی پێبگات، کاتێک ئێمه وتومانه ئه‌مانه ده‌بێت بڕۆن، خودی که‌سی یه‌که‌می بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان جێگری تاڵه‌بانی بو، له به‌غدا به‌شداری له نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراقدا ده‌کرد، سه‌رده‌مانێک ئێمه هاتوینه‌ته سه‌ر شه‌قام ئه‌مانه‌ی ئێستا ئۆپۆزسیۆنن، زۆر به‌یان له سه‌نگه‌ری هه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا بون که پێمان ده‌وتن ده‌بێت بڕۆن، بۆیه ئه‌وه ئێمه خاوه‌نی ئه‌سڵی ئه‌و چه‌مکه‌ین، نه‌ک ئه‌وان. گوتاری ئه‌وان، سه‌د باره ده‌یسه‌لمێنێت چه‌نده شه‌رمن وده‌سته‌نه‌وخوارن له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا.
خاڵێکی تر ئه‌وه‌یه که ده‌کرێت، لێره‌و له‌وێ و له هه‌ندێ خاڵدا قسه‌و باسه‌کان و شیعاره‌کانمان له‌یه‌ک بچن، نه‌ک هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وان، ده‌کرێت له‌گه‌ڵ جه‌نابیشتاندا، خاڵ هه‌بێت که یه‌کمان پێبگرێته‌وه‌و، شتێک که ئاواتی تۆیه ئاواتی ئێمه ش بێت، بڕیار نییه ئه‌وه‌ی له چه‌ند شتێکدا وه‌ک ئێمه بیری کرده‌وه، یان ئێمه وه‌ک ئه‌و بیرمان کرده‌وه، ئیتر هاوپه‌یمان بین، هه‌رچه‌نده من ئیشاره‌م پێدا، که له دروست بونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه پشتیوانیمان کردوه، به‌ده‌ر له‌زۆرترین ڕه‌خنه که‌هه‌مان بوه لێی و له کاته‌کانی خۆیدا وه‌ڵاممان هه‌بوه بۆی.
بۆ خوێندنەوەی بەشی دووەمی ئەم دیمانە کلیک بکە……..
