نوچەنێت.ههولێر:
حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە وەزارەتی کارەبا، کە پشکی یەکگرتووی ئیسلامی، لەو حیزبە وەربگرێتەوەو یاریدەرێكی ئەمینداری یەكگرتووش دەڵێ ئەوان لە گفتوگۆی چۆنێتی رادەستکردنەوەی وەزارەتەکەدان.
لە سەرەتای گفتوگۆکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی هەشت، وەزارەتی كارەبا درایە یەکگرتووی ئیسلامی و بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو بە تێكڕای دەنگ بڕیار لەسەر رادەستکردنەوەی وەزارەتی کارەبا دراوەو هەفتەی رابردووش بەرپرسانی ئەو حیزبەو سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كۆبوونەتەوەو لە سەر هەموو شتێك رێككەوتوون.
وەزارەتی کارەبا تێکەڵی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەکرێ و ناوەکەشی دەگۆڕێت بۆ (وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و وزە). ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە کە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە یەکگرتوو لەبری کارەبا کام وەزارەتی دیکە وەردەگرێ.
د.محەممەد ئەحمەد، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، به(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگهیاندوه”لەگەڵ وەرگرتنی ئەو وەزارەتە كۆمەڵێك بەرنامەمان بۆ چاكسازی دانا، بەڵام لەلایەن حكومەتەوە وەك پێویست هاوكاریی نەكراوین، پاساوەكەش ئەوەیە كە حكومەت لە قەیرانی داراییدایە”.
وتیشی”سەرۆكایەتی حكومەت پێشنیازی بۆ كردووین كە وەزارەتەكەی رادەست بكەینەوە،لە ئێستاشدا ئێمە لەلای خۆمان وردبینی ئەوە دەكەین، چۆن وەزارەتەكە رادەستی حكومەت بكەینەوەو لەگەڵ ئەوەشدا جارێ هیچ بڕیارێكمان نەداوە”.
د.محەمەد ئەحمەد رایگەیاند، كاركردن لە وەزارەتی كارەبا پەیوەستە بە هاوكاریی هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و سامانە سروشتیەكانە،”كە ئەو دوو وەزارەتە نەتوانن وەكو پێویست هاوكاربن، ئەوكاتە كارەكانی وەزارەتی كارەباش بەباشی ناڕوات”.