نوچەنێت.ههولێر:
وەزارەتی پلاندانان ئاشكرای كرد سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کورستان یارمەتیهكی زۆری پێشكهشكردووه به ئاوارەکان، بەڵام پێویستی بە هاوکاری زیاتری رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و كۆمهڵگهی ناونهتهوهیی هەیە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە گەیاندنی یارمەتی بۆ ئاوارەو پەنابەران.
زاگرۆس فەتاح، بەرێوەبەری گشتی پلانی پرۆژەکانی بودجەی وەبەرهێنان لە وەزارەتی پلاندانان، لە لێدوانێکدا بۆ بەماڵپەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی رایگەیاندوە”باری دارایی سەرشانی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و بە ئەستەم دەتوانێت درێژە بە خزمەتگوزارییەکانی بەو پەنابەر و ئاوارانەی کە پێشتر روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بدات“.
بەرێوەبەری گشتی پلانی پرۆژەکانی بودجەی وەبەرهێنان هۆشداریدا لە ئەگەری هاتنی شەپۆلێکی نوێی ئاوارەکان بۆ هەرێمی کوردستان بەو پێیەی کە چاوهڕوان دەکرێت ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسل لە ئایندهدا دەستپێبکات، روونیشیکردەوە”بەردەوامبوونی پێشکەشکردنی یارمەتی بە پەنابەر وئاوارەکان لە سەرووی توانای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لەبەر ئەوەش پێویستی بە یارمەتی بەهێزی نێودەوڵەتی هەیە“.
زاگرۆس فەتاح هەروەها وتی”کە هەرچەندە حکومەتی فیدرالی عیراقی دەڵێ کە سەرچاوەی داراییان لەبەردەست نیە، بەڵام بەداخەوە پێدەچی ئیرادەی سیاسی بۆ ئەو مەبەستە نەبێت. خەڵکی ئاوارە، هاوڵاتی عیراقین و بەپلەی یەکەم ئەرکی سەرەکی حکومەتی فیدراڵی عیراقە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت لە یارمەتیدانی ئاوارەکان“.
هاتنی ئاوارەکان بەلێشاو بۆ هەرێمی کوردستان بەزۆری لە ناوەراستی ساڵی 2014 دەستیپێکرد کە هاوکات بوو لەگەڵ ئەو کێشە داراییانەی کە رووبەڕووی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتبوون،لەئەنجامی پەرەسەندنی ناکۆكییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان وحکومەتی فیدراڵی بەغدا لەسەر بابەتی بودجەو مافی هەناردەکردنی نەوت.
بانکی جیهانی پێشبینی کردووە ئەگەر هیچ شەپۆلێکی نوێی ئاوارەکان روو لە هەرێمی کوردستان نەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە یەک ملیارد و 400 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت کاریگەرییەکانی هاتنی ئاوارەو پەنابەرەکان بڕوێنێتەوە،. ئەگەر تەنیا 300 هەزار ئاوارەی دیکە روو لە هەرێمی کوردستان بکەن ئەو ژمارەیە دەتوانێت تەنانەت بۆ دوو ملیار دۆلاریش بەرزبێتەوە.
بەپێی وتەی لێپرسراوی شانەی فریاگوزاری لە پارێزگای سلێمانی،عەزیز سۆفی، پاش شەڕی ئازادکردنی تکریت، زیاتر لە 3000 خێزانی ئاوارەی نوێ لە پارێزگای ئەنبارەوە هاتوونەتە پارێزگای سلێمانی“.
بە گوێرەی دواترین راپۆرتی رێکخراوی نێوودەوڵەتی کۆچکردن کە لە کۆتایی مانگی نیسانی رابردوو بڵاوکراوەتەوە، لەو کاتەیەوە کە کرداری سەربازیی ئازادکردنی تکریت دەستی پێکردووە، 28170 کەس هاتوون بۆ پارێزگای هەولێر و 3042 بۆ پارێزگای دهۆک. بە گوێرەی هەمان راپۆرت، کۆی گشتی ئاوارەکان لە هەموو عیراق گەیشتوتە زیاتر لە دوو ملیۆن وهەشت سەد هەزار کەس.
عەزیز سۆفی هەروەها وتی”کە هەرچەندە تکریت ئازادکراوە، بەلام ئاوارەکان لەبەر نیگەرانی ئەمنی ئامادەنین بگەڕێنەوە شارەکەیان“.