نوچەنێت.تایبەت:
ئەمرۆ دووشەممە مه‌سعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كەسی یەكەمی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم كۆبویەوە و كۆمەڵێك پری گرنگیان تاوتوێ كرد و دوو ئاماده‌بووى كۆبووونه‌وه‌كه ناوه‌رۆكى كۆبوونه‌وه‌كه بۆ نوچەنێت ئاشكرا دەكه‌ن.
لایه‌نه‌كان سه‌فه‌ره‌كه‌یان به سه‌ركه‌وتوترین سه‌فه‌ر وه‌سف كرد
سەبارەت بەناوەڕۆكی كۆبونەوەكە باپیر كامەلا،سكرتێرى پارتى كرێكاران و ره‌نجده‌رانى كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنی ئاراستەی سێیەم لە پەرلەمانی كوردستان و بەشداربووی كۆبونەوەكە لەلێدوانێكی تایبەت بەنوچەنێت باسى له‌وه كرد كه بارزانى باسى ورده‌كارى سه‌ردانه‌كه‌ى خۆى كردووه و دواتریش هه‌موو لایه‌نه‌كان سه‌ردانه‌كه‌ى بارزانیان به” سه‌ركه‌وتووترین سه‌ردان” وه‌سف كردووه. باپیر كامه‌لا وتی”شتی زۆر دڵخۆشكەر هەبوو هەم لە كۆبونەوەكە و هەم لە ئەنجامی سەفەرەكەی بارزانی. سەرۆكی هەرێم ئەنجامی سەفەرەكەی بۆ ئەمەریكا بۆ ئامادەبوانی كۆبونەوەكە باسكرد. هەموولایەنەكان سەفەر و كۆبونەوەكانی بارزانیان بەسەركەوتوترین سەفەر و سەردانی سیاسی وەسفكرد كه لە چەند سالی رابردودا لەبەر ئەوەی تێگەیشتنی ئەمریكا بۆ كورد گۆڕاوە جاران لەگەڵ یەكێتی خاكی عێراق و سەوەری عێراق بوو ئەو جارە گۆڕانكاری زۆر لە تێگەیشتنیان رویداوە، لە یەكێتی ئەوروپاش بەهەمان شێوە”.
پاڵشتى بۆ پێشمه‌رگه و گه‌لى كورد به‌رده‌وام ده‌بێت
له‌به‌شێكى دیكه‌ى قسه‌كانى دا باپیر كامه‌لا باسى له‌وه كرد كه بارزانى دڵنیا كراوه‌ته‌وه كه پاڵپشتى له‌كوردو پێشمه‌رگه به‌رده‌وام ده‌بێت. باپیر وتى” ئەوەی ئێمە لە قسەكانی بارزانی تێگەیشتین پشتیوانی پێشمەرگە و گەلی كوردستان بەردەوام دەبێت،لەلایەكی تریشەوە ئەو كێشانەی ئێمە هەمانە لەگەڵ بەغدا لە كۆبونەوەكە باسیان لێوەكرا كە ئێمە زیاتر لە قەرنێكە لیكێنراوین بە حكومەتی عێراقەوە وەكو باشوری كوردستان،هەموو حكومڕانیەكان جگە لەدەردەسەری هیچیان بۆ گەلی كورد پێ نەبووە،دوای ئەوەی ئێمە هاوكاریان بوین لە دورستكرنەوەی عێراق كەچی جگە لە قات و قڕی و برسی كردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان هیچی تریان پێ نەبووە بۆیە كۆبونەوەكە ئەو پرسەی تاوتوێ كرد”.
ده‌بێت كورد ئه‌و قۆناغه ببرێت
وه‌ك له‌قسه‌كانى باپیر كامه‌لا ده‌رده‌كه‌وێت هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر تێڕوانینى بارزانى كۆك بوون. باپیر بۆ ئه‌م خاڵه ده‌ڵێ” هەموو لایەنەكان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە ئێمە وەكو گەلی كوردستان بەرەو قۆناغێكی تر بڕۆین كە زەمینەش لەبارە لەئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمیش زەمینەكە زۆر گۆڕانی بەسەرداهاتوە، چونكە ئەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە، نە سوریا وەكو خۆی ماوە، نە توركیا تێگەیشتنی وەكو خۆی ماوە، نە ئێرانیش چونكە گرفتی زۆری هەیە و عێراقیش ئەوە حاڵەیەتی. ئێستا زەمینەیەك لەبارە بۆ خۆمان كە قۆناغی رزگاری نیشیتمانی ببڕین ئەوە تێگەیشتنی كۆبونەوە بوو هەموومان قەناعەتمان وابوو ئەو كێشانەی لەگەڵ بەغدا هەمانە چارەسەر ناكرێن ئەوە چەند بارە دەبنەوە بۆیە بەپشبەستن بە یاسای ژمارە (5)ی ساڵی 2013 حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت شایستە داراییەكان بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكات .ئەویش ئەوەیە كە ئێمە بەرەو ئەوە دەچین كە ببینە خاوەنی ئابوری سەربەخۆی خۆمان“.
چه‌ند ده‌رئه‌نجامێكى دڵخۆشكه‌ر له‌گه‌ڵ بارزانى
باپیر له‌درێژه‌ى قسه‌كانى دا وتیشی”یەكێك لەشتە هەرە دڵخۆشكەرەكان كەپێشتر لە نێوان خۆمان ئەو باوەڕە بەهێزەمان نەبوو ئێمە ئێستا دەتوانین قۆناغی رزگاری ببرین ئێستا ئەو بوارە دروست بووە،هەروەها لایەنە سیاسییەكان لە كۆبونەوەكە یەك هەڵوێست بوون بۆ هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی،هەروەها تێگەیشتنی ئەمریكا گۆڕاوە بۆ قەزیەی نەتەوەیی بەتایبەتی ئەو قارەمانیەتیەی كە پێشمەرگە نواندویەتی بوەتە دەسكەوتێكی گەلێك مەزن سێ خاڵی گرنگ لای ئەمریكیەكان بەرجستەبوە1.كوردستان دەتوانێت ئیدارەی خۆی بكات.2.دەتوانێت پێكەوە ژیان دەستەبەربكات كە ئێستا ئەو هەموو ئاوارەیە روی لە هەرێمی كوردستان كردوە.3.ئێمە راستگۆبوین لەگەڵ ناوەندی نێودەوڵەتی كە تاكەهێز بووین توانیمان بەرەنگاری داعش ببینەوە و خۆمان بپارێزین.ئێستا ئەمریكیەكان هاندەرن بۆ ئەوەی كورد خاوەن كیانی خۆی بێت“.
نابێت لایه‌نه‌كان ته‌گه‌ره دروست بكه‌ن
سكرتێرى پارتى كرێكاران و ره‌نجده‌رانى كوردستان ئاشكرای كرد كە”لەسەردانەكەی بارزانی روون بویەوە كە ئێستا وڵاتان دژایەتی دەوڵەتی كوردی ناكەن ئەوە هەنگاریا رایگەیاند،ئەوە چیك پشتیوانی لێ‌كرد،چەندان وڵاتی تریش ئەو پشتیوانیەیان دەربری،هەرچوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە سەرۆكی بەرزترین دامەزراوەی رەسمی هەرێمی كوردستانە بۆ ئەمریكا و ئەوروپاو پێشوازی كردنی ئەوە دان پێدانانێكی راستەوخۆیە بۆ دەڵەتی كوردی“. راشیگەیاند كە”بارزانی لەكۆبونەوەكە باسی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی كرد كە پێویستە هێز و و لایەنە سیاسییەكان تەگەرە دروست نەكەن لەبەردەم ئەم پرسە و لەمڕۆش زوتر نیە دەوڵەتی كوردی رابگەێنرێت“. سەرۆكی فراكسیۆنی ئاراستەی سێیەم جەختیشی لەوەكردەوە كە”كەس لەكۆبونەوەكە نیگەران نەبوە بەپێچەوانەوە هەموو لایەنەكان پرسیاری وردیان هەبوو،هەموو لایەنەكان هاوڕابوون ئەگەر هاوڕانەبوانە ئەو راگەیەنراوەی كۆتای تێدا لە دایك نەدەبوو“.
هه‌رێم گه‌وره‌ترین موباده‌ره‌ى بۆ نه‌ته‌وه و ئایینه‌كان كردووه
یه‌كێكى دیكه له ئاماده‌بووانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم ئایدن مه‌عروف بوو. ئایدن مەعروف سەرۆكی لیستی بەرەی توركمانی لەپەرلەمانی كوردستان و بەشداربووی كۆبونەوەكە لە لێدوانێكی تایبەت بەنوچەنێت وتی”زۆر دڵخۆش بووم چونكە كۆبونەوەكە كۆبونەوەیكی گرنگ بوو باسی زۆربابەتی گرنگ كرا بەشێوەیەكی ئازادانە و دیموكراسانە و هەموو لایەنەكانیش رای خۆیان دەربڕی. لەهەموشیان گرنگتر ئەو وەفدەی هەرێم كە بەسەرۆكایەتی بارزانی سەردانی ئەمریكا و هەنگاریای كردبوو دیاربوو سەرۆكی هەرێم زۆر دڵخۆش بوو كە ئەمریكیەكان و سەرۆكی ئەمریكا بەچاوێكی زۆربەرزەوە تەماشای سیاسەتی هەرێمی كوردستان دەكەن كە پێشمەرگە شەری داعش دەكات هەروەها ئەمریكیەكان سوپاسی وەفدی هەرێمیان كردبوو كە ئێوە توانیوتانە پێكهاتەكانی ئەم ناوچەیە بەتایبەتی توركمانەكان و مەسیحیەكان بپارێزن كە ئەمەش موبادەرێكی زۆر گەورەیە بۆ هەرێم“.
ئایدن مەعروف،كە لەهەمان كات ئەندامی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانییە باسى له‌وه‌كرد له كۆبوونه‌وه‌كه‌ى بارزانى هه‌موو لایه‌نه‌كان كۆده‌نگیان پێوه‌دیار بوو و گرنگترین بابه‌تیش كه باسكرا بێت بابه‌تى سه‌ربه‌خۆى كوردستان بووه. ئایدن وتى”لەكۆبونەوەكە باسی سەربەخۆی كوردستان و سەربەخۆی ئابووری هەرێم و پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغداش كرا دیاربو هەموو لایەك كۆك بوون لەسەر ئەو پرسانە و ئەگەر لەگەڵ بەغداش نەگیشتینە رێكەوتن بریاری تر دەدەین و ئیستاش حكومەتی هەرێم كار لەسەر سەربەخۆی ئابووری هەرێمی كوردستان دەكات“.
سه‌رۆكی لیستی به‌ره‌ی توركمانی راشیگەیاند”لەكۆبونەوەكە بارزانی باسی لەوەكرد كە لەدەرەوە پشتیوانی لە سەربەخۆی و دەوڵەتی كوردی دەكرێت،هەروەها بارزانی وتی كە لە ئەمەریكا باسی سەربەخۆیمان كرد ئەوان لاریان نەبووەو هیچ وڵاتێكیش دژی دەوڵەتی كوردی نەبووە“.
كۆنفدرالى و پێشنیارێكى گرنگ بۆ بارزانى
ئایدن مەعروف هەر لەلێدوانەكەیدا زانیاری زیاتری بۆ نوچەنێت ئاشكرا كرد و وتی”لە كۆبونەوەكە پێشنیارێك هەبوو كە ژوورێكی عەمەلیات بەبەشداری هەموولایەنەكان و بەسەرۆكایەتی سەرۆكی هەرێم دروست بكرێت كە سەردانی دەرەوەی هەرێم بكات بەتایبەتی بۆ ئێران و توركیا و ناوچەكە و وڵاتە عەرەبیەكان بۆ پشتیوانی وەرگرتنی بۆ سەربەخۆیی ئابوری كوردستان و دەوڵەتی كوردی،هەروەها لەكۆبونەوەكە باسی كۆنفیدڕالیش كرا“.سه‌رۆكی لیستی به‌ره‌ی توركمانی له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى بۆ نوچه نێت وتیشىى “هیچ لایەنێك نیگەران نەبوو هەمویان بەپێكەنینەوە رۆشتن و هەموویان كۆك بوون لەسەر پرس و بابەت و ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە چونكە یەكەم جارە كوبونەوەێكی وا بكرێت باسی سەربەخۆیی ئابوری و سەربەخۆی كوردستان بكرێت“.