پارتی: گۆڕان لە ئیدارەكردندا شارەزا نین و لەنێو پەرلەمانیش حیزبایەتی دەكەن
نوچەنێت.ههولێر:
وتەبێژی پارتی رایگەیاند، گۆڕان لە ئیدارەكردندا شارەزا نین و لەنێو پەرلەمانیش حیزبایەتی دەكەن،دەشڵێت، هەر بەرەیەك لە دژی پارتی دروستبكرێ بە مەترسی دەزانین و ناهێڵین سەربگرێ.
جەعفەر ئیبراهیم،وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لەدیمانەیەك لەگەڵ رووداو ئاماژە بە چەند پرسێك دەكات و دەڵێت”گومانمان هەیە لە پشت سەری ئێمە لە پەرلەمان شتێك دەكرێ“.
سەبارەت بەوەی بەبێ پارتی هەر چوار فراكسیۆن پێشتریش بەیاننامە و هەندێ بڕیاریان لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كردووە، جەعفەر ئیبراهیم دەڵێت”ئێمە هیچ گرفتێكمان لەوەدا نییە كە چوار لایەن ببنە یەك و رێز لە رای ئێمە بگرن، بەڵام ناكرێ پارتی پەراوێز بخرێ، دەبێ رای بەرامبەریان بە هەند وەربگرن و لە سیستەمی تەوافوقیدا پەراوێزخستن نییە. لە سیستەمی پەرلەمانیشدا دروستكردنی بەرەیەكی سیاسی نییە. بۆیە هەر بەرەیەك لە دژی پارتی دروستبكرێ بە مەترسی دەزانین و رێگەش نادەین سەربگرێ، ئینجا بۆ هەر پرسێك بێ، چ پەیوەندی بە سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە هەبێ، یان لە دەرەوەی پەرلەمان بێ. رێگەش نادەین جارێكی دیكە دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان دروست ببێتەوە“.
جەعفەر ئیبراهیم،كە لەهەمان كاتدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان،ئەوەش روندەكاتەوە”من پرس بە سەرۆكی پەرلەمان ناكەم بەیاننامە بنووسم یان نا. هەندێ شت پەیوەستە بەمنەوە وەكو جێگری سەرۆكی پەرلەمان. هەر كاتێ بزانم هەندێ شت دەكرێن تەجاوزن لەسەر دەسەڵاتی من وەكو جێگر،پرس بە كەس ناكەم و كاری خۆم دەكەم و رای گشتی ئاگادار دەكەمەوە“.
لەبارەی ئەو روداوەی سەرۆكی پەرلەمان بەرامبەری كردوەو بۆ كۆبونەوەی سەرۆك فڕاكسیۆنەكان پێ نەوتراوە،جەعفەر ئیبراهیم ئاشكرای كردوە كە”هەر شتێك هەبێ دەیخەمە چوارچێوەی ئەوەی كە گۆڕان ئەزموونی كەمە لە ئیدارەدا، نەوەیەكیان هێناوەتە پێش ئەزموونیان زۆر نییە،لەبەر ئەوەی ئێستا دۆخەكە ناهەموارەو قەرەبالغی هەیە، دەرفەتیش نییە زوو فێری كاری ئیداری ببن“.
دەشڵێت”ئەوەی كرا كارێكی باش نەبوو، ئەوە بۆ من وەكو زەنگێك بوو ئەگەر ئەو هەنگاوەم نەگرتبایە بەر دەبووە عادەت و بەردەوام دەبوو. بۆیە ئەوەی روویدا ئێمە بە خراپ لە قەڵەمی دەدەین“.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان وتیشی”سوود لە راوێژكار وەرنەگیراوە، نە پێشتر و نە ئێستاش. دەمەوێ راستییەكیش بڵێم، راوێژكار هەموویان بۆ كاركردن دانەمەزراون، بەڵكو لەبەر موحاسەسەی حیزبییە و لەنێو پەرلەمانیش رەنگیدایەوە و بەردەوامە. ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو دەیانگوت چاكسازی لە ئیدارەدا دەكەین، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیكەن هیچ پەیوەندی بە چاكسازی ئیدارییەوە نییە، بەڵكو رێك پێچەوانەی ئەوەیە. ئەگەر چاكسازی بكەی ناكرێ باری حكومەت قورس بكەی و خەڵكی زیاتر دابمەزرێنێ. ئەگەر بەرنامەت هەبێ بەرنامەكەت جێبەجێ بكە. ئەو پاكێجانەی پێشتریش بە ئێمەیان دابوو كە لە ئۆپۆزیسیۆندا بوون، لە بواری كرداریدا نەیانتوانیوە 20%یشی جێبەجێ بكەن“.