بارزانی بۆ ئەمەریكا: گەلی كورد متمانەی تەواوی بە هێزی پێشمەرگە و پاڵپشتی دۆستانی هەیە

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا كۆبۆوە و رایگەیاند،گەلی كوردستان متمانەی تەواوی بە هێزی پێشمەرگە و پاڵپشتیی دۆستانی هەیە.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هه‌رێم بڵاوی کردەوە”ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە 17ـی 5ـی 2015 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ لۆید ئۆستن فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە جۆزێف پینینگتۆن كۆنسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری سوپای ئەمەریكا“.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە دیدارەكەدا دوایین پەرەسەندنە سەربازی و مەیدانییەكانی پارێزگای ئەنبار و شاری ڕومادی و هەروەها دۆخی مرۆیی ئاوارەكانی پارێزگای ئەنبار و هەڕەشەكانی تیرۆریستان بۆ سەر هاووڵاتیان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەخت لە پێویستیی تێكشكاندن و لەناوبردنی تیرۆریستان و دەركردنیان لە هەموو ناچە داگیركراوەكان كرایەوە. هەر لەم كۆبوونەەیەدا ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان بەرز نرخێندرا و فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی ئەمەریكا پاڵپشتیی تەواوی ئەمەریكای بۆ هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی لە شەڕی تیرۆریستاندا دووپات كردەوە“.

ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”تاوتوێكردنی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبووونەوەی هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستان بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو,بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە لە شەڕی دژی تیرۆریستان و لە دووركردنەوەی هەڕەشەكاندا گەلی كوردستان متمانەی تەواوی بە هێزی پێشمەرگە و پاڵپشتیی دۆستانی هەیە“.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”سەردانەكەی بارزانی بۆ ئەمەریكا و فراوانتركردنی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكا تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو“.

لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی حكوومەت و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و وەزیری پێشمەرگە و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم و بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدوڵڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com