نوچەنێت.ههولێر:
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان،لە ڕێوڕەسمی نمایشی كتێبی چاپكراو (نیشتمانی داستان: كەلتوری كوردی لە چاوی توێژەرانی ڕووسی)پەیوەندییه مێژوویەکانی نێوان ڕووسیا و هەرێمی كوردستانی بە گرنگ وەسفكرد وتی،دەیانپارێزین و لەڕووی سیاسی و ئابووری و کەلتوریەوە بەهێزتریان دەکەین لەپێناو بەرژەوەندیی هەردوو گەلی ڕووسیا و کوردستان.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 17/5/2015 بە ئامادەبوونی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و میخائیل باگدانۆڤ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ڕووسیای فیدراڵ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوە و ئەلیكساندەر دیۆكۆف سەرۆكی كۆمپانیا كازپرۆم و یووری سێنتۆرین جێگری وەزیری وزەی ڕووسیا فیدراڵ و ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسانی هەرێم،لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر، ڕێوڕەسمی نمایشی كتێبی چاپكراو (نیشتمانی داستان: كەلتوری كوردی لە چاوی توێژەرانی ڕووسی) بەڕێوە چوو كە لە لەلایەن ژمارەیەك لە زانا و ئەكادیمییەكانی پەیمانگای دەستنووسەكانی ڕۆژهەڵاتناسی و پەیمانگای توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتناسییەوە ئامادە كراوە و كۆمپانیا گاز پرۆمی نەفتی ڕووسیش بە چاپی گەیاندووە.
لەسەرەتای ڕێوڕەسمەكە میخائیل باگدانۆف وتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا باسی مانەوەی مستەفا بارزانیی و هاوەڵانی لە ڕووسیا كرد و پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان هەردوو گەلی كورد و ڕووسیا و زیاتر بەهێزكردنیان لە هەموو بوارەكاندا كرد و دەستخۆشیشی لە ئاماەكارانی ئەو كتێبە كرد.
دواتر سەرۆكی كۆمپانیا گاز پرۆم لە وتەیەكدا باسی لە كار و چالاكییەكانی كۆمپانیاكەیان لە دەڤەرە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە گرنگیی پەیوەندیی ئابووری لە گرنگیی پەیوەندییەكانی بوارەكانی دیكە كەمتر نییە و باسی لەوەش كرد كە مێژووی گەلی كورد زۆر سەرنجی گەلی ڕووسیای ڕاكێشاوە. هەروەها ئەوەشی ئاشكرا كرد كە بەر لە دوو ساڵ و لە كاتی سەردانی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووسیا و بینینی ئەو هەموو بەڵگە و دیكۆمێنتانە، ئەوان بڕیاری نووسینی ئەو كتێبەیان داوە و پڕۆژەی داهاتووشیان دروستكردنی ئینسكلۆپیدیای مێژووی كورد و ڕووسیا و فیلمێكی دیكۆمێنتاری دەبێت.
لە ڕێوڕەسمەكەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وتارێكی پێشكەش كرد و تیایدا وێڕای بەخێرهێنانی میخائیل بۆگدانۆڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکى ڕووسیای فیدراڵ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوە،ئەلیکساندەر دیۆکۆف سەرۆکی کۆمپانیای گازپرۆم لهگهڵ شاندی یاوەری و یوورى سێنتۆرین جێگری وەزیری وزەی ڕووسیای فیدراڵ،وتەیەكی ڕووسی بیرهێنایەوە كە دەڵێت:(چۆن پەڕەکان تاووس جوان دەکەن، بە هەمان شێوە کەلتوور و ڕۆشنبیری، مرۆڤ جوان دەکات) و هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بۆ بەشداریكردن لە ڕێوەڕەسمی نمایشی کتێبەكە دەربڕی.
بارزانى ئاماژەی بەوەش دا كە ئەم دەرفەتە نیشانەی ئەوەیە ڕووسیا و هەرێمی كوردستان مەبەستیانە لە پەیوەندیی دوولایەنەبەردەوام بن و ئاڵوگۆڕی فەرهەنگیی نێوانیان بەهێزتر بکەنو جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كەفەرهەنگزمانی گەلانە، هەڵگری بانگهێشتکردنە بۆ یەکگرتنەوە و گفتوگۆ و ئاشنابوون، گوزارشتە لە ڕەسەنایەتیی مرۆڤایەتی، لە بونیادنانی پردی زانیاری و دامەزراندن و پەرەپێدانى قەڵای زانست.
بەهاى ئەم کتێبەشی بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم ئەو وێنە و دۆکۆمێنتە مێژووییانە گەڕاندەوە کە لە لایەن ڕۆژهەڵاتناسانی ڕووسیاوهسەبارەت بە کورد یادداشت کراون و لە پەیمانگا و مۆزەخانەکانی ڕووسیا پارێزراون و گوتی : “ئەم بەرهەمە مێژوو وفەرهەنگی كوردی دەوڵەمەندتر دەکات”.
نێچیرڤان بارزانی لە بەردەوامی وتەكەیدا وتی”ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی، ئەورووپا جێگای ڕۆژهەڵاتناسی بێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە جێگای لێكۆڵینەوەی كوردناسی،ڕووسیا بووە.دەوڵەتی ڕووسیا بەهۆی نزیکبوونی لە ڕووی جوگرافییەوەلە كوردستان، توانیویەتی هەر لە زووەوە پەیوەندیەكی بەهێز لەگەڵ گەلی كوردستان دروست بکات”.
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لەوە كرد كە پەیوەندییهمێژوویەکانی نێوان ڕووسیا و هەرێمی كوردستان بە گرنگ دەزانن و دەیانپارێزن. هەروەها لەڕووی سیاسی و ئابووری و کەلتووریشەوە بەهێزتریان دەکەن لەپێناو بەرژەوەندیی هەردوو میللەتی ڕووسیا و کوردستان.هیواشی خواست کەلتوور وەک چەکێکی نەرم بەکاربهێنرێت لەپێناو ئاشتی و بونیادنانی کۆمهڵگای شارستانی، کە لەسەر بنەمای لێکگەیشتن و دەستەبەرکردنی ژیانێکی پڕ شکۆمەندی و دادپەروەری بۆ سەرجەم کۆمەڵگاکانی ئەم جیهانە، پێك بێت.
دەقی وتاری نێچیرڤان بارزانی:
جەنابی سەرۆك ئامادەبووانی بەڕێز
ڕۆژتان باش…
بەخێرهاتنێکی گەرمیبەڕێز میخائیل بۆگدانۆڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکى ڕووسیای فیدراڵ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوە، بەڕێز ئەلیکساندەر دیۆکۆف سەرۆکی کۆمپانیای گازپرۆم لهگهڵ شاندی یاوەری و بەڕێز یوورى سێنتۆرین جێگری وەزیری وزەی ڕووسیای فیدراڵ دهكهین بەخێربێن.
بەڕێزان…
وتەیەکی ڕووسی هەیە دەڵێ: چۆن پەڕەکان تاووس جوان دەکەن، بەهەمان شێوە کەلتوور وڕۆشنبیری، مرۆڤ جوان دەکات. خۆشحاڵین كه ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدار دەبین لە ڕێوەڕەسمی نمایشی کتێبی “نیشتمانی داستان، کەلتووری کوردی لە چاوى توێژەرانی ڕووسى”.
ئەم دەرفەتە نیشانەی ئەوەیە، کەوا ڕووسیا و هەرێمی كوردستان مەبەستیانە لە پەیوەندیی دوولایەنەبەردەوام بن و ئاڵوگۆڕی فەرهەنگیی نێوانیان بەهێزتر بکەن. فەرهەنگزمانی گەلانە، هەڵگری بانگهێشتکردنە بۆ یەکگرتنەوە و گفتوگۆ و ئاشنابوون. فەرهەنگ گوزارشتە لە ڕەسەنایەتیی مرۆڤایەتی، لە بونیادنانی پردی زانیاری و دامەزراندن و پەرەپێدانى قەڵای زانست.
دیارە بەهاىئەم کتێبەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم ئەو وێنە و دۆکۆمێنتە مێژووییانەی کە لە لایەن ڕۆژهەڵاتناسانی ڕووسیاوهسەبارەت بە کورد یادداشت کراون و لە پەیمانگا و مۆزەخانەکانی ڕووسیا بە شێوەیەكی باش پارێزراون، ئەم بەرهەمە مێژوو وفەرهەنگی كوردی دەوڵەمەندتر دەکات.
بۆیە لێرەوە بە ناوی گەلی كوردستانەوە سوپاسی ئەو هەموو لایەنانە دەکەین، کەوا بۆ بەرهەمهێنانی ئەم کتێبە ماندوو بوون و سوپاسی خۆمان ئاراستەی پهیمانگاى دهستنووسهكانى ڕۆژههڵاتناسى و پهیمانگاى توێژینهوهى ڕۆژههڵاتناسى دهكهین بۆ ئامادهكردنى كتێبهكه، ههروهها سوپاسى تایبەتی کۆمپانیای گازپرۆم نەفت دەکەین بۆ ئەم دەستپیشخەرییە و هاوکارییان لە بەچاپگەیاندنی ئەم کتێبە.
ئامادەبووانی بەڕێز…
ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی، ئەورووپا جێگای ڕۆژهەڵاتناسی بێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە جێگای لێكۆڵینەوەی كوردناسی، ڕووسیا بووە.دەوڵەتی ڕووسیا بەهۆی نزیکبوونی لە ڕووی جوگرافیەوەلە كوردستان، توانیویەتی هەر لە زووەوە پەیوەندیەكی بەهێز لەگەڵ گەلی كوردستان دروست بکات. ئێمە دەزانین كهڕۆژهەڵاتناسی لە ڕووسیا مێژوویەکی دێرینی هەیە وژمارەیەکی بەرچاو لەو ڕۆژهەڵاتناسانەی لە بەشی لێكۆڵینەوەی كوردیدا و لە ئەورووپا کاریان کردووە، ئەوانە خەڵکی وڵاتی ڕووسیان و دەرچووی ئەکادیمیاکانی ئەو وڵاتەن.
دیپلۆماتکاریكی دیكهی وەک فلادیمیر مینۆرسکی، کە ڕۆشنبیرانى كورد باش دەیناسن، سەرەتای سەدەی ڕابووردوو لە سەر جوگرافیا و مێژووی کورد کاری زۆر بەنرخی کردووە.یان میخائیل لازارێف، کە سەبارەت بە دۆزی کورد لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەمەوە، تا کۆتاییی جەنگی جیهانی دووەم، کارنامەی زانستی نووسیوە.
جێگای شانازیە بۆ ئێمەی كورد كە ڕۆژهەڵاتناسێکی وەکو مینۆرسکی، سەد ویەك ساڵ پێش ئێستا لە ساڵی ١٩١٤ئاماژە بە بینینی عادیلەخانم بکات لەھەڵەبجەو ستایشی سەخاوەت و میوانداریی ئەوژنە کوردە بکات.
ئێوە دەزانن کەوا ئەمڕۆ هەڵەبجە لە سایەی کۆڵنەدانی خەڵکی بەشەرەفی شارهكهو هەوڵی جددی حکوومەتی هەرێمى كوردستان، پارێزگایەکی گرنگی هەرێمی کوردستانە. جێگای شانازیە مینۆرسکی باس لەوە بکات، كهئافرەتی كورد شان بە شانی پیاو لەهەموو سەردەمەکاندا و لە هەموو کاروبارێکدا هاوبەشی پیاوی کردووە.
کاریگەریی شیعر و ئەدەبی کلاسیکی ڕووسی لەسەر ڕۆشنبیران و شاعیران ونووسەرانی کورد کەم نەبووە. زۆرێكلە کارنامە ڕووسیەکان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی. شاعیری گەورەی کورد مامۆستا عبدالله گۆران لە زۆرێك لە شیعرەکانیدا بە سەرسامیەوە ئاماژە بە ڕووسیا و شۆڕشی گەورەی ڕووسیا دهكات و دەستکەوتەکانی ئەو شۆڕشەی بەرز دەنرخێنێت. سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە كورد لە كۆمارهكانى یەکێتیی سۆڤیەتى جاران، کە مێژووەکەی بۆ چەندین سەدە دەگەڕیتەوە، ئەوان لەوێ فەرهەنگی باو باپیرانی خۆیان پاراستووە.
بە پێویستی دەزانین لێرەدا داوا لە مامۆستایانی زانکۆ، بەشی مێژوو و ئەدەب و هەروەها کەسانی ئەکادیمیی کورد بکەین، کە بە جددی هەوڵ بدەن بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر ئەو دەستنووسانەی کە موڵکی کوردستانن و سەروەتێکی نەتەوەیین و لە مۆزەخانە گرینگەکانی ڕووسیادا پارێزراون.
پێویستە نەوەی نوێمان بەو میراتە نەتەوەییانەمان ئاشنا بن و ئێمەش بە شێوەیەکی ئەرێنی سوود لە میراتە کەلتوورییەکانمان وەربگرین و بەکاریان بهێنینبۆ پێشکەوتنی کوردستان. پاراستنی بەهاکانمان بە بنەمایەك دەزانین بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە، بۆ ئاڵوگۆڕکردنی فەرهەنگ و ئابووریەکی ئازاد.
لەپێناو پاراستنی کەلتوور و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و بەها مرۆییەکانی دیكه،دەمانەوێ سەقامگیریی هەرێمەکەمان بپارێزین. دیارە ئەمەش بەبێ قارەمانیهتی و ئازایەتیی پێشمەرگەکانمان ناکرێ کە ئەمڕۆ بێ وچان بەرگریلە خاك و گەلی كوردستان دەکەن.
لێرەوە دەستخۆشی لە یەکەیەکەیان دەکەین وسڵاوی گەرمیان ئاراستە دەکەین، دڵنیاشیان دەکەینهوە کەوا بەردوام دەبین لە پاڵپشتیکردنیان بۆ سەرکەوتن. جیهانی ئازاد بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنمان لە جەنگی دژ بە تێرۆریستان و تاریكپەرستان.
پەیوەندییهمێژوویەکانینێوان ڕووسیا و هەرێمی كوردستان بە گرنگ دەزانین و دەیانپارێزین و لەڕووی سیاسی و ئابووری و کەلتوریەوە بەهێزتریان دەکەین لەپێناو بەرژەوەندیی هەردوو گەلی ڕووسیا و کوردستان.
لەکۆتاییدا دووبارە سوپاسی ڕێکخەرانی ئەم بەرنامەیە دەکەم و هیوادارم کەلتوور وەک چەکێکی نەرم بەکاربهێنرێت لەپێناو ئاشتی و بونیادنانی کۆمهڵگای شارستانی، کە لەسەر بنەمای لێکگەیشتن و دەستەبەرکردنی ژیانێکی پڕ شکۆمەندی و دادپەروەری بۆ سەرجەم کۆمەڵگاکانی ئەم جیهانە، پێك بێت.
زۆر سوپاس و دووبارە بەخێربێن