نوچەنێت – واشنتن پۆست
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكی وردەكاری نوێ لەبارەی كوشتنی ” ئەبو سەیاف” ئاشكرا دەكات ، كە دوێنێ شەممە هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا لە پرۆسەیەكدا ئەنجامیاندا و توانیان جگە لە كوشتنی ئەبو سەیاف ژنەكەی دەستگیر بكەن و ژمارەیەك چەكداریش بكوژن.
رۆژنامەكە دەڵێت ، هێزەكانی ئەمریكا چەند شتومەكێكیان لە ماڵەكەی ئەبو سەیافدا دۆزیوەتەوە، لەوانە لاپتۆپ و مۆبایل و چەند پارچەیەكی شوێنەواری و كۆكراوەی مێژوویی، لە ناویاندا كتێبی پیرۆزی ئاشورییەكان، ئەمە جگە لە چەند دراوێكی مێژوویی كۆن، هەورەها هێزەكان كچێكی ئێزدییان ئازاد كرد كە داعش بە دیل گرتبوی و دابوویان بە ئەبو سەیاف كە وەك خزمەتكار لە ماڵەكەدا كاری دەكرد.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوە كردوە كە هێزەكانی ئەمریكا ژنەكەی ئەبوو سەیاف و كچە ئێزدییەكەیان بە فڕۆكەیەكی جۆری بلاك هۆك گواستوەتەوە بۆ بنكەكەیان لە عێراق ، ژنەكەی ئەبو سەیاف ئێستا دەستگیركراوی سەربازییە لای ئەمریكییەكان لە عێراق. ئێستا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە بەو پێیەی ئەندامێكی دیاری رێكخراوی داعشە.
هەروەها رۆژنامەكە لەسەر زاری بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا دەڵێت : ئەو هێرشە بۆ سەر باڵەخانەیەك ئەنجامدرا كە چەند هەفتەیەك بوو بە وردی چاود]ری دەكرا.
پرۆسەی كوشتنی ئەبو سەیاف بە دووەم پرۆسەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دادەنرێت كە لەدوای هەڵگیرسانی شۆڕشەوە لە سوریا ئەنجامیداوە، لە ساڵی رابردوودا هێزەكانی ئەمریكا هەوڵیاندا لە رێگەی ئاسمانییەوە دابەزنە خوارەوە بۆ ئازاد كردنی بارمتە ئەمریكییەكان بەڵام شكستیان هێنا و بارمتەكانیش لە دواییدا لە سێدارە دران.