په‌رله‌مانی كوردستان سوپاسی ئەمەریكا ده‌كات بۆ پێدانی چەك راستەوخۆ بەپێشمەرگە

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەستخۆشی لە کۆنگرێسی ئەمەریکا دەکات كە لەمەولا ئەمریکا بەشێوەیەکی راستەوخۆ هاوکاریی سەربازیی بۆ هێزی پێشمەرگە دەنێردرێت.

له‌بەشێكی به‌یاننامه‌كەدا هاتووە”پێدانی چەک و تەقەمەنی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە شێوەیەکی راستەوخۆ رۆڵێکی کاریگەرو یەکلاکەرەوەی دەبێ لە کۆتایی هێنان بەو هەڕەشانەی تیرۆریستانی داعش دروستیان کردوە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی وکوردستان و عێراق و جیهان بەگشتی“.

دەقی بەیاننامەكە:

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

 

دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەی كاروباری بەرگری كۆنگرێسی ئەمریکاوە پڕۆژەبڕیارێک بۆ پڕچەک کردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە شێوەیەکی راستەوخۆ ئامادەو پەسەند کرا، رۆژی هەینی 15-5-2015، ئەنجومەنی نوێنەرانی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، لە یاسای بودجەی بەرگریی ئەمریکا بۆ ساڵی 2016 کە لە بەشێکیدا ئاماژە بەوە کراوە، دەبێت لەمەوەلا حکومەتی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی راستەوخۆ هاوکاریی سەربازیی بۆ هێزی پێشمەرگە بنێردرێت.

 

ئێمە لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بە ناوی گەلی کوردستانەوە دەستخۆشی لەم بڕیارە گرنگەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەکەین، پێمان وایە ئەم پێدانی چەک و تەقەمەنی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە شێوەیەکی راستەوخۆ رۆڵێکی کاریگەرو یەکلاکەرەوەی دەبێ لە کۆتایی هێنان بەو هەڕەشانەی تیرۆریستانی داعش دروستیان کردوە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی وکوردستان و عێراق و جیهان بەگشتی.

 

وابۆ ساڵێک دەچێ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەوپەڕی لەخۆبوردەییەوە بەو ئیماکنیاتە کەمەی کە لەبەردەستیدا، لەسەنگەرەکانی بەرگریکردندا نەک هەر بوەتە قەڵغانی پاراستنی گەلی کوردستان و دەسکەوتەکانی، بەڵکو توانیویەتی شارو گوندەکانی کوردستان بکاتە پەناگایەکی هێمن بۆ هەمو ئاوارە عێراقیەکان (بە سونەو شیعەو مەسیحی وشەبەک و ئێزدی)ەوە کەلەبەر ترسی کوشتن و بڕین ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتەوەو پەنایان بۆ کوردستان هێناوە.

 

جارێکی دیکە بە ناوی گەلی کوردستانەوە سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ولایەتە یەکگرتوەکان و لە رێگەی ئەوانیشەوە بۆ گەل و ئیدارەی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دوپات دەکەینەوە کە لەماوەی رابردودا پشتیوانێکی دڵسۆز و بەهێزی گەلی کوردستان بون، نەک هەر لە باشوری کوردستان بەڵکو لە رۆژئاوای کوردستانیش.

 

سەرکەوتو سەرفراز بن

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان

١٦/٥/٢٠١٥

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com