هەرێمی كوردستان كونسوڵخانەكان لەپێشلكارییەكانی بەغدا ئاگاداردەكاتەوە

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت،بڕیاردراوە شاندێکی دیکەی ھەرێم بەزوترین کات بچێتە بۆ ئەوەی کێشەکان یەکلایی بکەنەوە.

دڵشاد شەعبان،پەرلەمانتاری پارتی و جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەری فەرمی حیزبەكەی راگەیاندوە”لەکۆبوونەوەی نێوان حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان ئەوەی گرنگ بوو پەرلەمان بەیەک دەنگ پشتگیری حکوومەتى کرد، کە بەرھەمھێنانی نەوتی زیادی کردووە و توانیوه‌یه‌تی بای رێککەوتنی بەغدا بەرھەمی بھێنێت، ئەگەر لەگەڵ بەغداش نەگەیشتینە ئەنجام ئەوە بەنەوتی خۆمان دەتوانین خۆمان بەرێوە ببەین”.

وتیشی”لە کۆبوونەوەكه‌دا رێککەوتین شاندێکی دیکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەزوترین کات بچێتە بەغدا و رەنگە ھەفتەی داھاتووش بێت بۆئەوەی جارێکی دیکە لەگەڵ بەغدا دانیشتن ئەنجام بدرێت و کێشەکان یەکلایی بکەنەوە”.

شه‌عبان راشیگەیاند”ھەر لەکۆبوونەوه‌ی حكوومه‌ت و په‌رله‌ماندا وەزیری سامانەسروشتیەکان و وەزیری پلاندانان دەست نیشانکران کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ ھەموو کونسولەکانی ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن، بۆئەوەی رای دەرەوە لە مامەڵەی بەغدا ئاگادار بکەنەوە،جگە لەوەش حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ ھەموو لایەنەسیاسیەکان کۆدەبێتەوە بۆئەوەی بەدەستێکی پڕوە بچنە بەغدا، شانده‌كه‌ی ھەرێم چەند بژاردەیەک باس دەکات لەوانە ئێمە بەردەوام دەبین لەناردنی نەوت لەورێژەی دیاریکراوە وئەوانیش ترلیۆنێک و٢٠٠ملیاردینار بۆ ئێمە رەوانە بکەن، بژاردەی دووەم ئەگەر ئەمە جێبه‌جێ نەکەن رێککەوتنێکی نوێ ئەنجام بدەن کە چۆن مامەڵە لەگەڵ نەوتی ھەرێم وکەرکووک بکەن”.

پێوه‌ست به‌ نه‌گیشتنه‌ ئه‌نجامێك له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق پەرلەمانتارەكەی پارتی وتى”ئەگەر لەگەڵ بەغدا نەگەیشتینە ئەنجام ئەوکات پەرلەمانی کوردستان، حکوومەت دەست کراوە دەھێڵێتەوە کە بەپێی یاسای ژمارە 5ى ساڵی ٢٠١٣حکوومەتی ھەرێم دەتوانێ ھەموو رێگایەک بگرێتە بەر بۆ بەدەست ھێنانی دەست کەوتی ماددی خۆی کە فرۆشتنی نەوتە”.

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان لەپەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو”زۆر جار پرسیاری ئەوە دەکرێت ئایە ھەرێم دەتوانی نەوتی خۆی بەشێوەیەکی سەربەخۆ بفرۆشێت بەڵێ دەتوانێ، بۆیە لەئێستادا سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتۆتە ئەو بروایەى ھەرێم دەتوانی نەوتی خۆی بفرۆشێت بەبێ ئەوەی ھیچ کێشەیەکی بۆ دروست بێت، كریارانى نەوتی ھەرێمی کوردستانیش زۆر زۆرترن لە جاران، بەڵام پێویستە سەرەتا خۆمان یەک لایی بکەینەوە لەگەڵ بەغدا، بۆ ئەوەی بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیاکان دەکەین، چونکە فرۆشتنی نەوت بەکۆمپانیاکانە نەک وڵاتان، کۆمپانیاکان ئامادەن پێش پێدانی نەوت پارە بەھەرێمی کوردستان بدەن”.

(شەعبان) ڕوونیشی کردەوە”لەئێستادا ھەرێمی کوردستان ھێندە نەوتەی ھەیە بەلایەنی کەمەوە ئەگەر نرخی یەک بەرمیل نەوت بە٥٠دۆلار بێت بایی ٩٠٠ملیۆن تا یەک ملیارد ۆلارە کە بەم پارەیە دەتوانێ مووچە و قەرەزەکان بداتەوە و بەداھاتی ناوخۆ وەبەرھێنانیش بکات”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com