لوقمان غەریب بەم نزیکانە کۆتا فیلمی نیماش دەکات، چەند فیلمێکی ترو زنجیرە درامایەکی ئامادەیە بۆ وێنەگرتن
دەرهێنەر و سیناریست لوقمان غەریب، كه خاوهنی چهند بهرههمێکی تەلەفزیۆنییە، لەم دیمانەیەدا لەگەڵ نوچەنیت، ئاشکرای دەکات، کارکردن لە فیلمێکی تەلەفزیۆنی لەدەرهێنانی خۆی تەواو بووەو ئامادەکاری بۆ 4 بەرهەمی تر کردووە. وەک خۆی دەڵێت ئەو بەرهەمەی کە ئیستا لە قۆناغی مونتاژدایەو فیلمێکی 90 خولەکیە، ستایلی فیلمەکە کۆمەڵایەتی میژووییە، ئەوەش رادەگەیەنێت، لە زستانی داهاتوودا کار لەسەر زنجیرە درامایەکی مێژووی دەکات.
ئالان عومەر . نوچەنێت
نوچەنێت: وەک راتانگەیاندوە، ئێوە سەرقاڵی فیلمێکن بەناوی فیلمی دانیشتوانی عەلیاوا ،ئەکرێت پێمان بڵێی کەی و چۆن دەستان بە بەرنامەرێژی کرد بۆ ئەم فیلمە؟
لوقمان غەریب : ئێمە لە ناوەندی بەرهەم هێنانی كارى تەلەفزیۆنی سینەمای کوردی، لە ناوەراستی ساڵی 2013 وه لەبەرنامەماندابوو کە زنجیرە درامایەکی مێژوویی بەناوی ( ئەوین لەژێر باڵی تاریکیدا ) کە سیناریۆی خۆمە، كارى بە بەرهەمهینانی بۆ بکەین. هەروەها نیازمان وابوو لەپاش ئەو بەرهەمە 4 فیلمى درامى درێژیش بەرهەم بێنین، بەڵام بەهۆی نەبونی پشتیوانیەکی ئەوتۆو سپۆنسەر لەوکاتەدا پاشان دروست بونی قەیرانی دارایی لە کوردستان پرۆژەکە دواکەوت. نەمانتوانی کارەکان ئەنجام بدەین تا سەرەتای ئەمساڵ، کە دووبارە پرۆژەکەمان هێنایەوە بەر باسکردن و لەگەڵ هاوریکانمدا لەناوەندی (گاف) بریارماندا ئەمساڵ پشت بە خوا دەست پێبکەین.
دیارە وەک پیشتریش رامانگەیاندبوو پرۆژەی دروستکردنی فیلمەکانمان پێشخست، خۆشبەختانە لە 29 ئازاری 2015 دەستمان بە قۆناغی وێنەگرتنی یەکەم فیلم کرد بەناوی ( دانیشتوانی عەلیاوا )، رۆژی 6/5/2015 کۆتایمان بەکاری وێنەگرتنی هێناو ئێستاش لەسەرمێزی مونتاجە.
نوچەنێت: چەند کەس بەشداریان لەو فیلمەدا کردوە ؟
لوقمان غەریب: لەم فیلمەدا 16 ئەکتەر بەشدارن، کە 4 ئەکتەریان رۆڵی سەرەکی دەگێرن، ئەوانی تریش رۆڵی ناوەندی.. هونەرمەندان ( عەبدول حەمە جوان، عەلی کەریم، مەروا محەمەد، شۆرش قادر، دلێر موستەفا، ئاواز عەبدولرەحیم، ئەڤین عوسمان، غەفور عەبدوڵا، حەمە سەعید ئیبراهیم، هیوا رەئوف، ئەکرەم حەمە گوڵە، بەختیار عەبدە، سالار ماهیر، حەمە سەعی موستەفا، عەلی توانا و کەمال چالاک.
نوچەنیت: ناوەرۆکی فیلمەکە باس لە چی دەکات ؟
لوقمان غەریب: ناوەرۆکی فیلمەکە باس لە نەقڵبوونی مامۆستایەک دەکات، بۆ ناوچەیەک کە هەڵگری هەندێ بیرووبۆچونی تایبەت بە خۆیەتی و ئەیەوێت لە خەڵکی ناوچەکە بگەیەنێت، بەڵام بەهۆی نامۆیی بۆچونەکانی بەوان، شکست ئەهێنێ و ناتوانێ لەگەڵیاندا هەڵبکات. رروداوەکانی ئەم چیرۆکە بۆ ساڵی 1956 و سەردەمی پاشایەتی ئەگەرێتەوە.
نوچەنێت: کەی تەواو دەبێت ؟
لوقمان غەریب: وەک ئاماژەم بۆ کرد، ئیستا فیلمەکە لە مونتاژە و پێشبینی ئەکەین بۆ مانگێکی تر ئامادە بێت بۆ پیشاندان، ئەوەشمان لەبیر نەچێت ماوەی فیلمەکە نزیکەی90 دەقیقەیە .
نوچەنێت: ئایا فیلمەکە چ شێوازێکە تراژیدیە یاخود کۆمیدی یان مێژوویی یان چی ؟
لوقمان غەریب: ستیلی ئەم فیلمە کۆمەڵایەتی میژووییەو ئەچێتە خانەی فیلمی درێژی درامییەوە، واتا چیرۆک گێرانەوەو دیالۆگ بەرجەستەی رووداوەکان دەکەن.
نوچەنێت: فیلەمەکە ناوی دانیشتوانی عەلی ئاوایە ، مەبەست چیە ؟ لەوێوە ئەتەوێت چی بڵییت؟ بۆچی دانیشتوانی عەلی ئاوا؟
لوقمان غەریب: بێگومان ناونیشان بۆ هەرفیلم و درامایەک دەلالات و مەغزای خۆی هەیە و هەر لەخۆیەوە نایەت، بەڵام ناوونیشانی (دانیشتوانی عەلیاوا ) بۆ مێژوی خاوەندارێتی ناوچەکە لەلایەن یەکێک لە کاراکتەرەکان دەگەرێتەوە، کە لەم رووداوە هەم زاڵمەو هەم زوڵم لێکراوە. با پاشماوەی چیرۆکەکەش بۆ کاتی بینین بمێنێتەوە .
نوچەنێت: واتە بەسەرهاتێکی مێژووییە ، ئایا باشتر نەبوو لەم کاتەدا کار لەسەر میژووی کوردستان بکەیت نەک مێژوویەکی بچوکتر ؟
لوقمان غەریب: بۆچونەکەت راسته دیارە مەبەستان مێژوی سیاسیە ، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە دەستبردن بۆ میژویەکی دیاریکراوی کوردستان، پێویستیەکی زۆری بەرهەمهێنانی دەوێت، ئەگەر کارەکە پیشەییانە وەک دونیا بکرێت. دیارە لە رابردوودا کاری وا زۆر نەکراوە، بەڵام بەهۆی ناکامڵی و بێ ئەزموونیەوە نەتوانراوە رووداوەکان وەک کارێکی هونەری سەرکەوتوو بەرجەستە بکرێت. جگە لەوەش بۆخۆی ئەم ستایلە قورسە پێویستی بە کاستی گەورەو بودجەی زۆر هەیە . هەرچەندە وەک سەرەتا باسم کرد، ئێمە لە بەرنامەی کارکردنماندا زنجیرەیەکی میژویی سیاسی کوردستانمان ئامادە کردوە ( ئەوین لەژێر باڵی تاریکیدا ) یەو بریتییە لە 30 ئەڵقە.
ناوەرۆکی ئەم درامایە باسی رووداوێکی ساڵی 1982 دەکات، کە لەسیناریۆکەدا دوو گەنج بە نهێنی لەناوشاردا کاری سیاسی و رێکخستن بۆ پێشمەرگە دەکەن، بەڵام بە باشمان زانی جارێ پرۆژەی ئەو 4 فیلمە بە ئەنجام بگەیەنین، کە 4 ستایلی جیاوازە 4 کاستی تەواو جیاواز کاری تیادا دەکەن، ئەمە سەرباری ئەوەی لە ئێستادا هەر توانای ئەوەمان هەیە.
وا بریاریشە تا کۆتایی وەرزی پایزی ئەمساڵ ئەم فیلمانە تەواو بکەین، پاشان لەسەرەتای وەرزی زستاندا زنجیرە دراماکە دەست پێبکەین، چونکە بە پێی سیناریۆکە رووداوەکان لەو وەرزەدا رویانداوە.




