راگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌شی حکومەت ‌و پەرلەمان له‌سه‌ر کۆبوونەوەكه‌یان

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

لە کۆبوونەوەی نێوان پەرلەمان و حکومەت، پرسی نەناردنی بودجەی هەرێم و پابەندنەبوونی بەغدا بە ڕێکەوتنی نێوانیان و گەڕان بەدوای بژاردەی تردا، بۆ دابینکردنی بودجە و داهاتی هەرێم لەسەر کرا.

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ وه‌فدێكی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان،به‌ سه‌رۆكایه‌تیی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ‌و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت،به‌ یاوه‌ریی ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیرانی تایبه‌تمه‌ند به‌ بواره‌كه‌، سەردانی په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد ولەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوە.

دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ش له‌راگه‌یه‌نراوێكی هاوبه‌ش رایانگه‌یاند: لە کۆبوونەوەی نێوان پەرلەمان و حکومەت، پرسی نەناردنی بودجەی هەرێم و پابەندنەبوونی بەغدا بە ڕێکەوتنی نێوانیان و گەڕان بەدوای بژاردەی تردا، بۆ دابینکردنی بودجە و داهاتی هەرێم لەسەر کراوه‌.

 ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌:

لە کۆبوونەوەی نێوان پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، پرسی نەناردنی بودجەی هەرێم و پابەندنەبوونی بەغدا بە ڕێکەوتنی نێوانیان و گەڕان بەدوای بژاردەی تردا، بۆ دابینکردنی بودجە و داهاتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەسەر کرا.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٤ی ئایاری 2015، به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵه‌بانى جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرانی په‌يوه‌ندار، سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لە لایەن به‌ڕێزان د. یووسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان و د. جەعفەر ئیمینکی جێگر و فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان پێشوازييان لێكرا و له‌گه‌ڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان کۆبوونەوەیەک ساز کرا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، د. یووسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان، هیوای خواست کۆبونەوەکە هەنگاوێک بێت بەرەو کۆدەنگيی نیشتمانی لەسەر پرسە تایبەتمەندەکانی پەیوەست بە ژیانی هاووڵاتیانی کوردستان، داوای لە شاندی حکوومەتی هەرێمى كوردستان کرد، دواهەمین هەنگاو پێشهاتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ شاندی پەرلەمان بخەنە ڕوو.

نێچیرڤان بارزانی ، ئاماژەی بە گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرد و وتی “بەداخەوە بەغدا هەرجارەی بە بیانوویەک کێشەمان بۆ درووست دەکات، ئێمە پانەندی ڕێکەوتنەکە بووین و نەوتی پێویستمان ناردووە، بەڵام بەغدا بودجەى هەرێمی كوردستانى وەک خۆی نەناردووە.”

لەبارەی پلانی داهاتووی حکومەتی هەرێمى كوردستانه‌وه‌، بۆ ئەم پێشهاتە نوێیە، به‌ڕێز سەرۆک وەزیران گوتی:”هەرێمی کوردستان کارتی بەدەستەوەیە بەکاری بێنێت، بەڵام دەمانەوێت دەرفەتێک بدەینەوە بە بەغدا و لە ڕێگەی دانیشتنەوە گرفتەکان چارەسەربکەین.” دواتر وەزیرانی تایبەتمەند و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و ئەندامانی لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان پرسیاریان ئاڕاستەی شاندی حکومەتی هەرێم کرد.”

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا فراكسيۆنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و ليژنه‌ په‌يوه‌نداره‌كان، پشتگيرييان بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌گه‌رى پابه‌ندنه‌بوونى حكوومه‌تى فيدرال به‌ ياساى بودجه‌ى عيراقه‌وه‌ و نه‌ناردنى بڕه‌ پاره‌ى شايسته‌ى هه‌رێمى كوردستان، حكوومه‌تى هه‌رێم بريارى خۆى بدات و به‌پێى ياساى په‌رله‌مانى كوردستان ڕێكارى ديكه‌ بۆ دابينكردنى بودحه‌ى پێويست بگرێته‌ به‌ر.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی: بەداخەوە حکوومەتی بەغدا پابەندی یاسای بودجە نەبووە، ناکرێت پێشمەرگە لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی تیرۆرستاندا خوێنی بڕژێت و بەغداش بە بیانووی جیاواز بودجەکەی ببڕێت.

دوابەدوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بۆ ڕۆژنامەنووسان خستە روو.

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com