نوچەنێت.هەولێر:
عەبادی بڕیاریداوە وەزیری نەوت بنێرێتە هەولێر بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم کێشەی بودجەی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ بکات.
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی،سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكانی نێو پەرلەمانی عێراق لە هەولێر كۆبوونەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پابەندنەبوونی حكومەتی عەبادی بە یاسای بودجە و رێككەوتنەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
بەغدا زانیویەتی هەرێمی کوردستان جدییە لە یەکلاییکردنەوەی رێککەوتنەکەی لەگەڵ بەغدا، بۆیە عەبادی بڕیاریداوە بەیانی عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوت بنێرێتە هەولێر و کێشەی بودجە و هۆکاری نەناردنی پارەی پێویست بۆ هەرێم لهگهڵ نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان روون بکاتەوە.
لای خۆشیەوە ئارێز عەبدوڵڵا سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق،دوای كۆبونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم لێدوانێك بۆ دەزگاكانی راگەیاند وتی”بڕیارە بەیانی عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوتی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ حكومەت كۆبێتەوە“.
وتیشی”دوای كۆبونەوەكە و زانینی رای بەغدا هەرێمی كوردستان بڕیاری خۆی دەدات“.