بارزانی: زۆر وڵات ئامادەن پشتگیری سەربەخۆیی کوردستان بکەن

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت،زیاتر لەوەی پێشبینییان دەکرد بەدەستهاتووە و زۆر وڵاتیش ئامادەن پشتگیری سەربەخۆیی کوردستان بکەن.

رۆژی 3 ی ئەم مانگە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەیاوەری شاندێک بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت و دوای ئەمریکا چووە هەنگاریا، ئێستاش لە چیکە و لەدیدارێك لەگەڵ رووداو وتی”بەشێوەیەکی گشتی سەردانەکەمان زۆر سەرکەوتووەو رەنگە زیاتر لەوەی چاوەڕێمان دەکرد بەدەستمانهێنابێت“.

لەبارەی ئەوەی ئایا پێشبینیتان دەکرد کە سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا بەوشێوەیە پشتگیریی بڕیاری ئایندەی کوردستان بکات،بارزانی رایگەیاندوە”زۆر لەو دەوڵەتانە ئەو ئامادەییەیان تێدایە، کە پشتگیریی بڕیاری گەلی کوردستان بکەن، بۆیە ئێمە کاتی خۆیشی گوتمان با ریفراندۆم بکرێت. بۆ ئەوەی گەلی کوردستان بڕیار بدات، زۆر لە دۆستان بە مافێکی سروشتی خەڵکی کوردستانی دەزانن“.

لەبارەی ئەوەی هیچ وڵاتێک پشتگیری خۆیان بۆ ئێوە ئاشکراکردووە،سەرۆكی هەرێم وتویەتی”زۆر لە وڵاتان هەمان هەڵوێستیان هەیە،بەڵام چۆن ئاشکرای دەکەن و چۆن دەیڵێن،رەنگە موناسەبەتێکی لەو شێوەیە هەبێت هەمان هەڵوێست پیشانبدەن،ئەوان دەڵێن ئێمە تەئیدی ئەو بڕیارە دەکەین کە میللەتی کورد بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، ئەوە شتێکی زۆر سروشتییە“.

بارزانی رونیشیكردوەتەوە”ئەزموونی چیک و سلۆڤاکیا تەجرووبەیەکی زۆر سەرکەوتوو و زیندووە، ئەوە پیشاندەدات، کە نە یەکێتی بەزۆر،نە لێکجیاکردنەوەی بەزۆر سەردەگرێت.بۆیە پێموایە ئەزموونی چیک و سلۆڤاک زۆر باشە و دەکرێ زۆر سوودی لێ وەربگرین“.

سەبارەت بەوەی سەردانەکەیان بۆ چیک و هەنگاریا بۆ داواکردنی چەک بوە بۆ پێشمەرگە،بارزانی ئاشكرای كردوە” هەردووکیان لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەن کە یارمەتی پێشمەرگە دەدەن، لە شەڕی دژی داعش. بێگومان یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەردانی ئێمە بۆ هەنگاریا و چیک بۆ ئەوەیە کە یارمەتی زیاتری پێشمەرگە بدەن لە شەڕی داعش“.

بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە”لە گفتوگۆکانیان پرسی کۆبانێ یەکێک بوو لە بابەتەکان، کە خەڵکەکە دەیانزانی کە پێشمەرگە لە کۆبانێ چ رۆڵێکی هەبووە،باسی رۆژئاواش کراوەو پێشمانگوتوون لە هەر شوێنێک بتوانین یارمەتی خوشک و براکانمان بدەین درێخی ناکەین“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com