دەبێت پرسیار لە ئێرانییەكان بكرێت، بۆچی هاوكاری شیعەن لەو زوڵمەی لەسوننەی دەکرێت
دڵشاد هەرتەلی . نوچەنێت
نازم عەبدوڵڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، بۆ نوچەنێت باسی کێشەکانی نێوان سوننەو شیعەی عێراق دەکات، و پێی وایە باشترین چارەسەر بۆ کۆتایی هێنان بەکێشەو کوشتار لەعێراق ئەوەیە سێ دەوڵەت لەعێراق دروست بکرێت، دەشڵێت” هەر دەست تێوەردانێكی سلبی لەهەر وڵاتێكی دراوسێ عێراقەوە بێت لەعێراق، ئێمە رەفزی دەكەین و ئیدانەی دەكەین”
نوچەنێت: رەخنە زۆرە لەسەر عێراق، ئێوە ئەتانەوێ عێراق چۆن بێت و چۆن بچێت بەڕێوە؟
نازم عەبدوڵڵا: دەمانەوێ عێراق عێراقێك بێت، نە تائیفی و نەمەزهەبی بێت، نەتایبەت بێت بەقەومەتیشەوە، عێراق فیدراڵیە بەو مانایەی كەوا هەموو پێكهاتەكان تێدا جێیان دەبێتەوە چونكە ئەگەر دەوڵەتێكی قەومی بێت، ئەوە بۆ قەومیتە بۆ عەرەبە یان بۆ كوردە و دەبێت یەكێكیان ئەوی تریان بسڕدرێتەوە و فڕی بدەی كە ئەوەش نابێت، ئەگەر مەزهەبی بێت چ مەزهەبێكە مەزهەبی سونەیە یان شیعە، بێگومان ئەویش خراپە، بۆیە عێراق بەگوێرەی دەستوریش وڵاتێكی مەزهەبی نییە واتە پێكهاتەی عێراق پێكنەهاتوە لەسەر ئەساسی مەزهەبی، بۆیە مەسەلەی مەزهەب گەرایی لەعێراق رەفزەو پێچەوانەی دەستورە و پێچەوانەی ئیرادەی گەلی عێراقیشە، ئێمە وەكو خۆمان پابەندین بەو دەستورەی لە عێراقدا هەیە، هەموو سیستەمێكی مەزهەبی یان تائیفی یان قەومی لەعێراقدا قبوڵ ناكەین، بەڵكو عێراق دەبێت عێراقی هەموو گەلی عێراق بێت و لەسەر ئەساسی دەستور كەوا هەموو چین و تائیفەكان، بە شیعە و سوننە و كورد و هەموو نەتەوەكان تێدا جێگەیان ببێتەوە.
نوچەنێت: بەئاشکرا رۆڵی ئێران لەعێراقدا دەبینرێت، و باسی دەستێوەردانی ئێران دەکرێت، ئێوە راتان چییە؟
نازم عەبدوڵڵا : وەكو كۆمەڵی ئیسلامی، لەهەموو وڵاتانی دراوسێی عێراق داوا دەكەین، هاوكاری عیراق بن بۆ ئەمن و ئاسایش و سەروەری وڵات، بەئێران و غەیری ئیرانیشەوە، واتە ئەو وڵاتانەی لەچواردەوری عێراقن هەموویان دەتوانن رۆڵی ئیجابیان هەبێت و دەشتوانن رۆڵی سلبیان هەبیت، بۆیە داوایان لێدەكەین كە هەوڵی ئیجابیان هەبیت لەپێناوی بەرژەوەندی عێراق و گەلی عێراق و سیادە و ئەمن و ئاسایشی عێراق، هەر دەست تێوەردانێكی سلبی لەهەر وڵاتێكی دراوسێ عێراقەوە بێت، ئێمە رەفزی دەكەین و ئیدانەی دەكەین و بەكارێكی خراپی دەزانین، بەبێ ئیستیسناء نەك تایبەتی بكەین بەدەوڵەتێك و دوو دەوڵەت، هەر وڵاتێك و لەهەر شوێنێكەوە بێت و دەستوەردانی هەبیت لە عێراق، ئێمە بەكارێكی خراپی دەزانین و رەتی دەكەینەوە.
نوچەنێت: بەبڕوای ئێوە بۆچی ئێران رێگەی لەخراپەی شیعە بەرانبەر بەسوننە نەگرتووە؟
نازم عەبدوڵڵا : راستە ئێران هاتووەتە ناو عێراق و بەشدارە لەهەندێك كار، بەڵام دەبێت ئەو پرسیارە لە ئێرانییەكان بكرێت، كە بۆچی دەستی شیعە ناگرێت بەرامبەر بەسوننە و بۆ هاوكاریان دەبن لەو زوڵمەی لەسەر سوننە هەیە.
نوچەنێت: ئێوە وەک هێزێکی سوننە، چیتان کردووە لەو بارەوە، تاچەند پشتیوانیتان لەسوننە کردووە ؟
نازم عەبدوڵڵا : ئێمە كوردین و سوننەین، بەڵام ئێستا لە عێراق كێشەیەكی مەزهەبیمان نیە وەكو كورد، بەڵكو كێشەیەكی نەتەوەیی هەیە نزیكەی سەدەیەكە كورد دەچەوسێنرێتەوە مافی پێشیل دەكرێت، ئەكوژرێت، ئەنفال دەكرێت، كیمیاباران دەكرێت و لەناو دەبرێت، وڵاتی وێران دەكرێت، ئابووری زەوت دەكرێت، بەروبوم و داهاتەكەی لەمیللەتەكەی دەسەنرێتەوە، نەوەكانی نەخوێنەوار دەكرێن و گەنج و لاوەكانی دەربەدەردەكرێن، بۆیە گەلی كورد كێشەیەكی تایبەتی خۆی هەیە كە كێشەێكی نەتەوایەتیە، ئێمە داكۆكی لەكیشەو گەل و هەرێمی خۆمان دەكەین، لەنێوان سوننەو شیعەش كێشەیەك هەیە لەنێوانیان، كە كێشەكەی ئەوانیش خەریكە وەكو كێشەیەكی نەتەوەی لێدێت، بەم شێوەیەی ئێستا كێشەكەیان چارەوسەر نابێت، چونكە وەكو چۆن سەردەمی رژێمی پێشووی بەعس دەسەڵاتی ئەو وای لێكردبوو كورد و شیعەی چەوساندەوە كارێكی خراپ بوو دژ بەمافی مرۆڤ و بەرژەوەندی گەلی عێراق بوو، ئێستاش دەسەڵاتی لایەنێك بەناوی شیعە و مەزهەبەوە سوننە دەچەوسێنێتەوە وەكو تۆڵەسەندنەوەو ئینتیقامی رابردوو، كە ئەوەش شتێكی خراپە و دیسانەوە هەمان سیناریۆی پێشوو دوبارە دەكاتەوە و ئەمن و ئاسایش تێكدەدات بۆیە ئێمە هەردووكیانمان پێ خراپە.
نوچەنێت : پرسیار ئەوەیە ئێوە کەدەزانن سوننە چەوساوەیە، تاچەند هاوکاریان بوون؟
نازم عەبدوڵڵا : هەموو میللەتێك كەچەوساوە بێت و ماف خوراوبێت، ئیمە حەزمان كردووە پشتیوانیان بكەین، لەكۆمەڵی ئیسلامی توانایەكی سنوردار و دیاریكراومان هەیە، توانای کۆمەڵ ئەوپەڕی هاوكارییەكی مرۆیی بەگوێرەی توانای خۆمان بێت، باقی تر هەڵوێستی ئێمە لەچوارچێوەی هەڵوێستی هاوپەیمانی كوردستانییە لەبەغدا، مەسەلەن چیمان بۆ بكرێت لەبەغدا لە حكومەت و پەرلەمان داكۆكییان لێدەكەین، هەڵدەدەین ئەو زوڵم و زۆرەی لەسەریانە لەسەریان هەڵبگیرێت، چونكە ئەوانیش پێكهاتەیەكی عێراقن و دووەم پێكهاتەن ئەگەر كوردی لێدوەربكەین، رێژەیەكی بەرچاو و گەورەیان هەیە و نابێت بەچاوی كەمەوە سەیریان بكرێت، دەبێت رێزیان لێبگیرێت و مافیان پارێزراوبێت، كەسایەتی مەعنەویان هەیە و نابێت ئەو كەسایەتیەیان بڕوشێنرێت، ئێمە لەم روانەوە بەتەئكید داكۆكیان لێدەكەین، بەمافی رەوای خۆیان دەزانین ئەوانیش ئەمن و ئاسایشی خۆیان هەبێت، هەر زوڵم وزۆرێكیش لەسەر ئەوان بێت ئێمە بەتوندی ئیدانەی دەكەین و رەتی دەكەینەوە.
نوچەنێت: بەڵام سوننەکان باسی هەرێمی خۆیان دەکەن، شیعە بەئێرانیشەوە دژ بەمەیە، ئێوە لەو بارەوە راتان چییە ؟
نازم عەبدوڵڵا : راى ئێمە ئەوەیە، تا عێراق بەم پێكهاتەی پێشووەوە بمێنێتەوە ئەمن و ئاسایش و ئیستیقرار بەخۆیەوە نابینێتن، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە كە عێراق بكرێت بە سێ دەوڵەت، ئەمەیە تاكە چارەسەر بۆ ئێستای عێراق و ئاسایشی، بۆ ئەوەی شەڕ و كوشتار و كێشەكان كۆتاییان پێبێت، یان بكرێت بەسێ دەوڵەتی كۆن فیدڕاڵی هەر یەكەیان مافی سیاسی و ئابووری و ئەمن و ئاسایشی خۆیان هەبێت و بیپارێزن.